ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گەڕان بەدوای ڕاستییەکاندا

بەشی یەکەم؛

ڕاپۆرتێکی هاوبەشی هەردوو ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی و فریاگوزاری گەلی نەرویجییە، کە لەلایەن توێژەران (ڕێبین فەتاح و عەبدوڵا خالید)ەوە ئامادە کراوە. بەهۆی گرنگی ناوەڕۆکەکەیەوە، (ڕێگای کوردستان) بە چەند بەشێک بڵاوی دەکاتەوە.

چوارچێوەی یاسایی

دەروازەیەک لەبارەی جیاکاری بەرانبەر کرێکارانی پێکهاتەکانی نەتەوەیی و ئاینی

یەکێک لەمەیدانەکانی جیاکاری لەمێژووی مرۆڤایەتیدا پرسی جیاکاری بووە،بەڵام ئەو پرسە بەپێی ناوچەی جوگرافی و مێژوو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.هەر بۆیە هەمیشە ئەو دەقانەی کە هاتوون بۆ مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی کرێکاران بەتایبەتی بەردەوام جەختیان لە ڕێگرتن لە جیاکاری کردۆتەوە.هەر لە پرسی جیاکارییشەوە دەتوانین بچینە سەر پرسی ماف و ڕەوشی کرێکارانی پێکهاتەکان،چونکە لە وڵاتیکی وەکو عێراق و هەرێمی کوردستاندا، یەکێک لە سیماکانی کرێکاری سەر بە پێکهاتەکانی نەتەوەیی و ئاینی و ئاینزایی پرسی جیاکارییەو بەئاسانی لە بواری جیاجیادا هەستی پێدەکەیت و دەبینرێت.لەولاشەوە هیچ ڕێککەوتنامەیەکی ڕاستەوخۆ کە تایبەت بێت بە کرێکارانی سەر بە پێکهاتەکانی نەتەوەیی و ئاینی و ئاینزاکان لە ئاستی جیهانی چ لە نەتەوەیەکگرتووەکان یاخود لە ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی بوونی نییە،تەنانەت لەسەر ئاستی وڵاتانیش لە چوارچێوەی پرسی جیاکارییدا دەتوانرێت ڕەوش و مافی کرێکارانی پێکهاتەکان بخوێندرێتەوە.هەر بۆیە لێرەدا زیاتر گرنگی بەو بابەتانە دراوە کە جەخت لەیەکسانی لە کار و ڕێگری لەجیاکاری کراوەتەوە جا چ لەسەر ئاستی جیهانی یان لەسەر ئاستی ناوخۆیی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت.

لەیەکەم دیکۆمێنتی فەرمی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کە لە ساڵی 1948دا دەرچووە، جەخت لە ڕێگەگرتن لە جیاکاری کراوەتەوە،ئەوەتا لە جاڕنامە گەردوونییەکەی مافەکانی مرۆڤ کە لەو ساڵەدا دەرچووە لە مادەی 23 بە هەموو لقەکانییەوە، لەبارەی کارەوە هاتووە:

مادەی 23:

1-هەموو کەسێک مافی کارکردنیهەیە،ئازادی لە هەڵبژاردنی کارەکەی،مەرجەکانی کارکردنی ڕەواوپەسندوپاراستنی لە بێکاری.

2-هەموو تاکەکان بەبێ جیاوازی مافی کرێی یەکسانیان هەیە لەبەرانبەر کارێکی یەکساندا.

3-هەر کەسێک کە کاردەکات مافیەتی کرێ و پاداشتێکیڕەواو پەسند وەربگرێت کە گەرەنتی ژیانێکی شیاو بە مرۆڤ بۆ خۆی و خێزانەکەی دابین بکات،لەکاتی پێویستیشدا بە ڕێکاری دیکەی پاراستنی کۆمەڵایەتی پشتیوانی بکرێت.

4-هەموو کەس مافی دامەزراندنی سەندیکاو پەیوەندیکردنی بەسەندیکاوە هەیە لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی.

ئەگەر جاڕنامەکە دیکۆمێنتێکی ئاکاری بێت و هیچ پابەندییەکی تێدا نەبێت بۆ ڕێگری لە جیاکاری لەکاردا،بەڵام لەدوای ئەوە چەندین دیکۆمێنتی دیکە دەرچوون کە وڵاتان پابەند دەکات بە نەهێشتنی جیاکاری،جا لە ئاستی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی بێت یاخود لە ئاستی خودی نەتەوەیەکگرتووەکان. لەپەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان کە دیکۆمێنتێکە و پابەندی تێدایەو وڵاتی عێراق پەسندی کردووەو دەبێت پێوەی پابەندبێت، بەتایبەتی لە مادەی حەوتەمیدا هاتووە:

"وڵاتانی ئەندام لەم پەیماننامەیەدا دان بەوەدا دەنێن کە هەر کەسێک مافی هەیە کە مەرجەکانی کارکردنی ڕەواو پەسندبێت و ئەمانەی لای خوارەوە مسۆگەر بکات:

ڕ:پاداشتێک بۆ هەموو کرێکاران کە بەلانی کەم ئەمانە دەستەبەر بکات:

1-کرێیەکی شایستە،پاداشتێکی یەکسان بە بەهای کارەکە بەبێ هیچ جیاکارییەک،بەشێوەیەک کە ئەوە مسۆگەر بکات کە ئافرەتان مەرجەکانی کارکردنی لەوەی پیاوان کەمتر نەبێت،لەبەرانبەریشدا کرێیەک وەربگرێت یەکسان بێت بە کرێی پیاوان بۆ هەمان کار.

2-ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بەپێی بڕگەکانی ئەم پەیماننامەیە.

ب-ژینگەیەکی لەباری کار کە سەلامەتی و تەندروستی مسۆگەر بکات.

ج-یەکسانی هەمووان لە پلەبەرزکردنەوە لەنێو کارەکەی بۆ پلەی بەرزتر،بەبێ هیچ جیاوازییەک بەلەبەرچاوگرتنی پێوەرەکانی توانست و ساڵانی خزمەت.

لەلایەکی دیکەوە لە جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکانی تایبەت بە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و زمانەوانییەکان کە لە ساڵی 1992دا دەرچووە، لە هەندێک بڕگەو مادەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پێویستە جیاکاری لە بواری ئابووری لەبەرانبەر پێکهاتەکان نەکرێت و هەلی یەکسانیان پێ ببەخشریت. بەتایبەتی لە مادەی 4 لە خاڵی یەکەمدا هاتووە؛"پێویستە وڵاتان ڕێکاری لەبار بگرنەبەر بۆ ئەوەی ڕێگەخۆش بکەن بۆ کەسانی سەر بە پێکهاتەکان پیادەی هەموو مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی خۆیان بەتەواوی کردەنی بکەنەوە، بەبێ جیاکاری و بەیەکسانی تەواو لەبەردەم یاسادا".هەروەها لە خاڵی پێنجەمی هەمان مادەدا هاتووە؛"پێویستە وڵاتان ڕێکاری لەبار بگرنەبەر بۆ ئەوەی ڕێگەخۆش بکەن بۆ کەسانی سەر بە پێکهاتەکان بەشێویەکی تەواو بەشداربن لە پێشکەوتنی بەردەوام و پەرەپێدانی وڵاتەکانیان).

ئەگەر ئەوانە چوارچێوەیەکی مافگەرایی بێت بۆ مافی کرێکارانی پێکهاتەکان لەئاستی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، ئەوە لەئاستی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO)یش چوارچێوەیەکی باش هەیە کە مافی کرێکارانی پێکهاتەکان لە جیاکای بپارێزرێت.هەرچەندە کە کەرەستەکانی سکاڵاکردن لە جیاکاری و پاراستنی مافی کرێکاران لە ڕێگەی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتییەوە بێ گرفت نییە،چونکە تەنیا ڕێگە بەسکاڵا دەدات بە نوێنەری وڵاتان و نوێنەری یەکێتییە سەندیکاکانی کرێکاران و ڕێکخراوەکانی خاوەنکار و نوێنەرانی کۆنگرەی کاری نێودەوڵەتی کە ئەوەش وادەکات ئەگەر کرێکارانی پێکهاتەکان سکاڵایەکیان هەبێت، دەبێت لەو کەناڵانەوە بیگەیەننە ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ئەوەش بۆ ئەوان ئاسان نییە و بگرە مەحاڵیشە!

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کرێکارانی پێکهاتەکان دەتوانن سوود لە ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و ڕێککەوتنامەکانی ببینن بۆ بەرژەوەندی خۆیان.بەتایبەتی کە لە ڕێککەوتنامەی ژمارە 111ی ساڵی 1958ی ڕێکخراوەکەدا کە تایبەتە بە جیاکاری لە بەکارهێنان و پیشەدا، بەتەواوی ڕێگە لەجیاکاری دەگرێت، بەتایبەتی لە مادەی یەکەم لە خاڵی (ڕ)دا کە تیایدا هاتووە:

ڕ-هەر جیاکارییەک یان بەلانان یان گرنگیپێدانێک لەسەر بنەمای پێکهاتە یان ڕەنگ یا ڕەگەز یانڕای سیاسی و ڕەچەڵەکی نەتەوەیی یان ڕەچەڵەکی کۆمەڵایەتی کە ببێتە هۆی نەهێشتن یان کەمکردنەوەی یەکسانی لە دەرفەتەکان یان مامەڵەکردن لەسەر ئاستی بەکارهێنان و پیشەدا.

هەروەها لە مادەی دووەمی ئەم ڕێککەوتنامەیەدا هاتووە؛"هەر وڵاتێکی ئەندام لەم ڕێککەوتنامەیە بەڵێن دەدات کە سیاسەتێکی نیشتمانی دابنێت و پەیڕەوی بکات بە ڕێگە و شێوەی جیاجیا کە لەگەڵ بارودۆخی وڵاتەکە و دابونەریتی بگونجێت، بەئامانجی بەدیهاتنی یەکسانی لە دەرفەتەکان لەسەر ئاستی بەکارهێنان و پیشە بەمەبەستی لەناوبردنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری لەم بوارەدا".ئەگەر ئەوە لەسەر ئاستی ناوخۆیی وڵاتان ببێتە هۆی ئەوەی کە پێکهاتەکان سوود لەو ڕێککەوتنامەیە ببینن،بەڵام لەلایەکی دیکەوە لەکاتی کۆچی پێکهاتەکان بۆ وڵاتانی دیکە و لە دۆخی پەنابەریدا سوود لە ڕێککەوتنامەیەکی دیکەی نێودەوڵەتی وەردەگرن کە تایبەتە بە کرێکارانی پەنابەر و خێزانەکانیان کە تازەترین ڕێککەوتنامەی نێودەوڵەتییە لەبواری کرێکاراندا.بەتایبەتی کرێکارانی پێکهاتەکانی عێراق زۆر سوودی لێدەبینن، چونکە لەوەتەی ساڵی 2014وە بەهەزاران لە ئەندامانی پێکهاتەکانی عێراق ناچاربوون وڵات بەجێبهێڵن، ئەوەش بەهۆی داگیرکاری داعش و هەوڵەکانی بۆ قڕکردنی پێکهاتەکان لەلایەک و لەلایەکی دیکەیشەوە بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار و هەڵکشانی ڕێژەی زۆری بێکاری لە ڕیزی پێکهاتەکان و نەبوونی دەرفەتی کاری یەکسان بۆیان.بەڵام لەلایەکی دیکەوە هێشتا دەکرێت ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی سوودی زیاتر بە پێکهاتەکان بگەیەنن،لەوانە ڕێککەوتنامەی تایبەتی ڕێکخراوەکە کە تایبەتە بە گەلانی بنەچە و ڕەچەڵەک کە بە ڕێککەوتنامەی 169ی ساڵی 1989 دەناسرێت، تیایدا هەموو جیاکاریەک بەرانبەر بەگەلانی ڕەچەڵەک ڕەتدەکاتەوە،هەرچەندە کە جیاوازی هەیە لەنێوان ئەو گەلانە و پێکهاتەکاندا، بەڵام بۆی هەیە لەیەک کاتدا گەلانی رەچەڵەک ببن بە کەمینەش وسوود لەناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنامەیەش ببینن.جگە لەوانەش چەندین کەناڵی دیکە هەن کە کرێکارانەی کەمینە سوودی لێوەربگرن.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خۆی پابەندکردووە بەو ڕێککەوتنامەیە، واتا ڕێککەوتنامەی 111ی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و دەکرێت لەسەر بنەمای ئەو پابەندییە فشار بخرێتە سەری بۆ ئەوەی بارودۆخی کرێکارانی پێکهاتەکان باشتر بکات،بەتایبەتی لەو بوارەدا یەکێتییە سەندیکاییەکانی کرێکاران ڕۆڵی کارابگێڕن.بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق نەبۆتە ئەندامی ڕێککەوتنامەی پاراستنی مافی کرێکارانی کۆچکردوو پەنابەر و ئەندامانی خێزانەکانیان کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان دەرچووە، هەرچەندە کە چەندین جارە داوا لەعێراق دەکرێت ئەو ڕێککەوتنامەیە پەسندبکات.

لەسەر ئاستی نیشتمانیش لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا چەندین یاسا هەیە کە دەکرێت بکرێتە دەروازەیەک بۆ پاراستنی مافەکانی کرێکاران بەگشتی و مافی کرێکارانی پێکهاتەکان و لەو ڕێگەیەشەوە کاربکرێت بۆ باشترکردنی گوزەرانی کرێکارانی پێکهاتەکان.بەتایبەتی کە لەدەستووری عێراق کە ساڵی ٢٠٠٥ ڕاپرسی لەسەر کراوە و لە ساڵی دواترەوە پەیڕەوی دەکات لەمادەی 14دا هاتووە؛ "عێراقییەکان یەکسانن لەبەردەم یاسادا بەبێ جیاوازی ڕەگەز یان نەژارد یان نەتەوە یان بنەچە یانڕەنگ یان ئاین یان ئاینزا یان بیروباوەڕ یان بۆچوون یان بارودۆخی ئابووری یان کۆمەڵایەتییان).لەمادەی 22یشدا بەتایبەتی لە خاڵی یەکەمدا هاتووە؛ "کارکردن مافی هەموو عێراقییەکانە بەجۆرێک کە ژیانێکی ئاسوودەیان بۆ مسۆگەر بکات". لەخاڵی دووهەمیشیدا هاتووە؛ "یاسا پەیوەندی نێوان کرێکار و خاوەنکار ڕێکدەخات لەسەر بنەمای ئابووری و بەڕەچاوکردنی ڕێساکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی).

لەعێراق و هەرێمی کوردستاندا کە دەبێت هەردوولا پابەندی پابەندییەکانی عێراق بن لەبواری مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و پابەندییەکانی کرێکاران بەتایبەتی، بەڵام لەسەر ئاستی یاسای کار دوو یاسا بوونیان هەیە،یاسایەک لە عێراق و ئەوی دیکە لەهەرێمی کوردستان.لەعێراقدا لە ساڵی 2015 یاسای ژمارە 37ی ساڵی 2015 هەیە کە بەبەراورد بە یاسا کارپێکراوەکەی هەرێم لەچەندین ڕووەوە پێشکەوتووترە.لەو یاسایەدا لەچەندین مادە و بڕگەدا ڕێگری لە جیاکاری لەبواری کارکردن کراوە بەتایبەتی لەمادەکانی 4 و 6 و 8و11 .

لەمادەی چواری ئەو یاسایەدا هاتووە؛ "کار مافی هەموو هاووڵاتییەکە کە بتوانێ بیکات،دەوڵەتیش هەوڵدەدات دابینی بکات لەسەر بنەمای یەکسانی دەرفەتبەبێ هیچ جۆرێک لە جۆرەکانی جیاکاری).لە مادەی شەشەمدا بەتایبەتی لەبڕگەی چوارەمیدا هاتووە؛ "لەناوبردنی جیاکاری لە بەکارهێنان و پیشەدا".

لە خاڵی یەکەمی مادەی هەشتەمی هەمان یاسادا هاتووە:"ئەم یاسایە هەموو لادان و سنووربەزاندنێکی پرەنسیپی یەکسانی دەرفەت و یەکسانی مامەڵەکردن قەدەغەدەکات، پاساوەکەی هەرچییەک بێت، بەتایبەتی جیاکاری لەنێوان کرێکاران،جا چ ئەو جیاکارییە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێت لەهەموو شتێک کە پەیوەست بێت بەڕاهێنانی پیشەیی یان بەگەڕخستن یانمەرجەکانی کارکردن و ژینگەی کار).لەلایەکی دیکەوە لە خاڵی یەکەمی مادەی 11ی یاسای کاری عێراقیدا هاتووە؛ "کرێکار مافی ئەوەی هەیە کە پەنابباتە بەر دادگای کار لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەرجۆرێکی کاری زۆرەملێیانە یان جیاکاری یان هەراسانکردن لە بەکارهێنان وپیشەدا).دیارە لە مادە و برگەکانی هەمان ئەو یاسایەدا جۆری سزاکانیشی دیاری کردووە بۆ ئەو پێشێلکارییانە.لە خاڵی (ن)ی مادەی 41ی یاساکەشدا هاتووە؛ "مسۆگەرکردنی یەکسانی لەهەڵسوکەوتکردن لەگەڵ هەموو کرێکارانی هەمان پیشە و هەمان باردۆخی کار لەسەر ئاستی کرێ یان پاداشت و سەرمووچە وزیادەمووچە و ڕاهێنانی پیشەیی یان دەرفەتەکانی بەرەوپێشەوەچوونی وەزیفی).

لەعێراقدا سەرباری ئەوەی کە هەوڵی زۆر هەیە بۆ ئەوەی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتە و کەمینەکان دەربچێت و چەندین ڕەشنووسی یاسایی و هەوڵ لەوبوارەدا هەیە، بەڵام هێشتا ئەو هەوڵانە بەرهەمی نەبووەو نەتوانراوە کە یاسایەک دەربکرێت بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە عێراقدا.بەڵام لەیاسای کاری عێراقی ژمارە 37 بەشێوەیەکی باشتر لە یاساکۆنەکەی کار قسە لەسەر پرسی جیاکاری کراوە.دەبێت لەوەش تێبگەین کە لەدەرکردنی ئەو یاسا تازەیەدا ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و یەکێتییەکانی سەندیکاکانی عێراق و شارەزایانی بواری کار لە کەرتی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ڕۆڵێکی باشیان هەبووە،تەنانەت ئەو دەمەی کە یاساکەی تێدا دەرچوو لەنێو پەرلەمانی عێراقدا قسەکردن لەسەر پاراستنی مافەکان یەکێک بوو لە شەپۆلە بەرزەکانی قسەکردن و بەشێوەیەکی باش باڵادەست بوو.

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2015 هەوڵەکانی کۆمەڵی مەدەنی و نوێنەرانی پێکهاتەکان لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی هەرێم سەری گرت و یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2015 یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە کوردستان-عێراق دەرچوو.هەرچەندە ئەو یاسایە زیاتر خۆی لە مافە سیاسی و کەلتوورییەکان دەدات،بەڵام لەچەند بڕگەیەکیشدا ئاماژە بە مافە ئابوورییەکانی پێکهاتەکان دەدات. لەوانە لە بەشی دووەمی یاساکە بەتایبەتی لە مادەی سێیەمی یاساکەدا هاتووە:

ماده‌ی ( 3):

ده‌سه‌ڵاته‌کانی هه‌رێمی کوردستان - عێراق یه‌کسانی ته‌واو و کاریگه‌ر بۆ پێکهاته‌کان مسۆگه‌ر

ده‌کات:

یه‌که‌م: حکوومه‌ت مافی یه‌کسانی و هاوده‌رفه‌تی له‌ ژیانی سیاسی، ڕۆشنبیری، کۆمه‌ڵایه‌تی و

ئابووری له‌ ڕێگه‌ی یاسا و سیاسه‌تی کاریگه‌ر بۆ ئه‌و تاکه‌ی سه‌ر به‌ پێکهاته‌یه‌که‌ مسۆگه‌ر

ده‌کات، هه‌روه‌ها مافی به‌شداری کردنیان له‌ وه‌رگرتنی ئه‌و بڕیارانه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ خۆیان

مسۆگه‌ر ده‌کات.

دووه‌م: سه‌رجه‌م شێوه‌کانی جیاکاری دژی هه‌ر پێکهاته‌یه‌ک له‌ پێکهاته‌کانی کوردستانی عێراق

قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێت و، سه‌رپێچیکار سزا ده‌درێت به‌پێی یاسا به‌رکاره‌کان.

لەسەر ئاستی کاریش لە هەرێمی کوردستاندا تا ئێستا یاسای کاری عێراقی کۆنی سەردەمی بەعس پەیڕەو دەکرێت کە یاسای ژمارە 71ی ساڵی 1987 دەکات، هەرچەندە ئێستا ڕەشنووسی یاسایەکی تازەی کار لەلایەن وەزارەتی کارەوە ئامادەکراوە، بەڵام هێشتا هەرڕەشنووسە.بەپێی ئەو یاسای کاری کارپێکراو لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە مادەی دووهەمیدا هاتووە؛ "ئەم یاسایە مافی کار بۆ هەموو هاووڵاتییەک کە توانای کارکردنی هەبێت مسۆگەر دەکات،هەروەها دەرفەتی یەکسانیش لەنێوان هاووڵاتییان مسۆگەر دەکات بەبێ جیاوازیکردن بەهۆی ڕەگەز و ڕەچەڵەک و زمان و ئاین،بەوەش دەرفەت دەڕەخسێندرێت بۆ هەر هاووڵاتییەک لە ڕاهێنان لەسەر پیشەیەک لەو سنوورەی کە وڵات دیاری دەکات بۆ قەبارەو جۆری کار لە کەرتی پیشەییدا).لەمادەی چوارەمی هەمان یاسادا کە باس لە پرسی کرێ دەکات بەتایبەتی لە خاڵی دووهەمیدا هاتووە: "یەکسانی لە کرێ سەبارەت بە کاری یەکسان لەڕووی چەندایەتی و چلۆنایەتییەوە کە لە بارودۆخێکی هاوشێوەدا ئەنجام دەدرێت".هیچی دیکە ئەو یاسایە خۆی لە پرسی جیاکاری نادات، بەتایبەتی کە ئەو یاسایە لەسەردەمێکدا نووسراوە عێراق لەئاستی ناوخۆیی زۆر گرنگی بە پرسی پێکهاتەکانی نەداوەو لەئاستی نێودەوڵەتیش زۆر گرنگی بە پابەندییە نێودەوڵەتییەکان نەداوە.

بەگشتی هەرچەندە پرسی کارو کرێکاریی زۆر پابەندی پرسی ڕەچەڵەکی نەتەوەیی و ئاینی و ئاینزایی نییە،یاسا و ڕێسا ناوخۆییەکان و ڕێککەوتن وپەیماننامە نێودوڵەتییەکانی تایبەت بەکارو مافەکانی کرێکاران زۆر گرنگی بە کرێکاری پێکهاتەکان لەناوخۆی وڵاتان نەداوە،بەڵام لەخانەی نەهێشتنی کاری بەزۆر و نەهێشتنی جیاکاری و دەستەبەرکردنی یەکسانی بۆ کرێکاران چەندین یاسای ناوخۆیی و پەیمانی نێودەوڵەتی هەن دەکرێت بەکاربهێنرێن بۆ باشترکردنی ڕەوشی کرێکارانی پێکهاتەکان.چونکە سەرباری هەبوونی هەموو ئەو چوارچێوە یاساییە، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا کرێکارانی پێکهاتەکان تایبەتمەندی زۆریان هەیە کە جیایان دەکاتەوە لە کرێکارێکی ئاسایی،مامەڵەکردنی خاوەنکارەکانیش هەمان ئەو مامەڵەیە نییە کە لەگەڵ کرێکارێکی ئاسایی دەیکات بە حوکمی پاشخانە کۆمەڵایەتی و ئاینی و ...هتد.هێشتا لەئەرزی واقیعدا جیاوزای زۆر هەیە لە کاتەکانی کارکردن و جۆری کار و جیاوازی کرێ و دابینکردنی بیمە و ئامرازەکانی سەلامەتی وجۆری کاروچەندین بواری دیکە لەنێوان کرێکارانی سەربە پێکهاتەکان لەگەڵ کرێکارێکی دیکەدا.نەک هەر ئەوە تەنانەت بۆ پرسی ئەندامبوون لەسەندیکاکانی کرێکاران و پرسی نوێنەرایەتیکردنیان لەو سەندیکایانەدا هەروا ئاسان نییە،چونکە لەباشترین حاڵەتدا ئەو سەندیکایانە پێیان وایە نابێت جیاکاری لەنێوان کرێکاران بکرێت لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئاینی و ئاینزایی،بەوەش خۆی بەدوور دەگرێت لەو جیاکارییانەی کە لە کۆمەڵگا ولەلایەن خاوەنکار دەکرێت بەرانبەر بە کرێکارانی پێکهاتەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

 

چەپ وكرێكاری