ئێمە ناتوانین بیر بکەینەوە تەنها لە نێو وشەکاندا نەبێت. "هیگل"

زمان کۆمەڵێک دەرگا بۆ چوونە ژوورەوە دەکاتەوە و کۆمەڵێک دەرگا بۆ هاتنە دەرەوە دروست دەکات، لە سالۆنی ئیمپراتۆرەکان و لە کۆمیتی دبلۆماسییەکان و لە کۆڵانی هەژاراندا زێتر لە زمانێک بەکار دەهێنرێت، زمانی زیادە. زمان دەبێتە ڤیزە و کارتی پێناسەکردنی فرە جۆر! ئەوە زمانە دابەشمان دەکات، هونەری قسەکردن، هونەری نواندنی زمانە بە ئاست و شێوەی جیاواز و لە شوێنی جۆراوجۆردا. دەشێ هەموو ئەوانە بکەونە نێو فەلسەفەی زمانەوە، بەڵام زمان چەمکێک نییە لە چەمکەکانی فەلسەفە، بوارێک نییە لە بوارەکانی زانست. فەلسەفەی زمان بە دوای سروشتی زمان و پەیوەندی زمان بە جیهاندا دەگەڕێت، لە وێناکردنی زمان بۆ جیهان دەکۆڵێتەوە، بە وێناکردنی فەلسەفەکاران بۆ زمان دەڕوانێ، فەلسەفەی زمان پرسیار لەوە دەکات زمان چۆن نوێنەرایەتی دنیا دەکات، پەیوەندی ناونان بە ناوەوە چییە، چۆن لە لۆجیکی تێگەیشتنی بیرکردنەوە نزیک دەبینەوە، ئایا زمانێک هەیە لە دەرەوەی بیرکردنەوە، تێگەیشتن چییە، قسە چۆن دەگاتە ئەویدیکە، پەیوەندی نێوان قسەکەر بە ئەویدیکەوە چییە، مانا چییە، ئایا مانا لە سەری قسەکەران دایە یان لە زماندا، زمانی بێ مانا، بێ بنەما بوونی هەیە؟

بە شێوەیەکی گشتی زمان خۆی لە نێوان دوو مەسەلەدا هەڵدەگرێتەوە، یەکەمیان سیستمە و دووەمیان جیاوازییە، یەکەمیان سروشتی دەلالەت و دووەمیان هەمەکیی زمانە، یەکەمیان پەیوەندی بەو قەوارەیەوە هەیە کە وشە، یان رستە دەلالەتی لێدەکات، دووەمیان چۆنیەتی تێگەیشتن و سروشتی بیرکردنەوە دەگەیەنێت، یەکەمیان دەرەکییە و دووەمیان ناوەکییە. لە لایەک دەتوانین زمان لە ناونانی شتەکانەوە (things) هەڵگرینەوە، لەلایەکی دیکە بوونی شتەکان لە چوونە نێو زماندا ناس بکەین!! یەکەمیان سیستمێکی دیاریکراو بەڕێوەی دەبات، دووەمیان لەسەر جیاوازی وەستاوە! کەواتە وەک چۆن (بێکۆتاییبوون) کلیلی بیرکارییە، (هەمەکییبوون) کلیلی زانستەکانی زمانە، هەڵبەتە بە جیاوازی نێوانیانەوە! ئەوە هەر جیاوازیشە (کارڵ کراوس 1874-1936)ی زمانناس وا لێدەکات وەک ئەوەی قسان لە لەشفرۆشێک بکات، قسان لەبارەی زمانی دایکەوە دەکات و پێیوایە زمان لە رێگای بەکارهێنانێکی دیکە بۆ ئەو مانایەی، کە دایک دایهێناوە پێشدەکەوێت، نوسەر لەسەر دایکی دەنوسێ و بەدژی ئەو هەڵدەسێ، بۆ ئەوەی لە نیگەرانی کاریگەرییانەی دایک رزگاری بێت. زمان لە نێوان دوو ژیاندا هەست و نەست، خود و حەزە چەپێنراوەکان. پارچە پارچە کراوە، لە بوونی (پڕ) دوورخراوەتەوە بۆ دنیای (بەتاڵ)، لە سکی پڕی دایک بۆ دنیای بەتاڵی کۆرپەلە، زمان بەتاڵە لەبەر ئەوەی زمان بریتییە لە پرۆسەیەکی بێکۆتایی جیاوازی و نەبوونی. دەق لەبەر زمان نابێتە خاوەن، بۆیە لە دالێکەوە بۆ دالێکی دیکە هەنگاو دەنێ، لە دەقی داهێنەرانەدا هەر دالێک گەیەنەری دالێکی دیکەیە، ئەو دالەش درێژبوونەوەی دالێکی دیکەیە. (ژاک لاکان 1901-1981) دەڵێ زمان ئەو شتەیە کە بوون لە حەز و ئارەزوو بەتاڵ دەکاتەوە. زمان تەواوی دنیای خەیاڵ دابەش و پارچە پارچە دەکات. بە بڕوای لاکان نەست بەرهەمی تایبەتی زمانە، هەروەها ئەو لەسەر هەمان بیرکردنەوەی کراوس و منداڵی بەر ئاوێنە، دەڵێ من ناتوانم لە یەک کاتدا هەم "مانا ببەخشم" و هەم "مانا"ش بم، (هەم منداڵی بەر ئاوێنە بم – واتە مانای خۆم بم- هەم لە ئاوێنەدا -باوک بم - واتە وێنەی مانابەخشی باوک بم) لاکان بۆ روونکردنەوەی ئەو بابەتە چاونەترسانە رستە بەناوبانگەکەی دیکارت (من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم) دووبارە دەنوسێتەوە "من لەو شوێنە نیم کە بیر دەکەمەوە، من بیر دەکەمەوە لە شوێنێ کە نیم".

کێ بیر دەکاتەوە زمان یان من، زمان لە مندا بیر دەکاتەوە یان من لە زماندا بیر دەکەمەوە؟ ئەو کاتەی بیر دەکەمەوە ئەوە لە بیرکردنەوەمدا جگە لە کۆپیکەرێک شتێکی دیکە نیم، هەرگیز رێگایەکی نوێم بۆ بیرکردنەوە نییە، بەڵکو یەکێکی دیکە رێگای بیرکردنەوەی پێبەخشیووم، من دەبێ ملکەچی ئەو بم. ئەو یەکەی لە بری (فیتگنشتاین 1889-1951) بیر دەکاتەوە، ئەو یەکەی ئەو ملکەچی دەبێ جگە لە زمان هیچی دیکە نییە، ئێمە هەموومان میراتگری (وارسی) فۆرمەلەکەرێکی نادیاریین، بەڵام (کەس) قسان ناکات، قسەکەر لە چوارچێوەی سیستمێکدایە چ لە دەرەوە بێ، چ لە ناوەوە. منی قسەکەر تەنها چارەسەری ئەو مانایە دەکات، کە دەیەوێت گوزارشتی لێبکات، ئەویش لە رێگای شیانەی گوزارشتکردنێک، کە زمان ملکەچی دەبێت! بەڵام ناتوانین بڵێین زمان پەیوەندی بە دایک و بنەما و ماناوە نییە. ئەوەش پەیوەندی بە دوو پرۆسە لە پرۆسەکانی بەکارهێنانی زمانەوە دەکات، یەکەمیان دەرەکییە و خۆی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاماژەکاندا دەبینێتەوە، دووەمیان ناوەکییە، لە تێگەیشتنی ئاماژە ناوبراوەکانەوە دێتە بەرهەم، (دایک، بنەما، مانا) هەمیشە لای کراوس خیانەتی لێدەکرێت، لای لاکان دەکەوێتە نێو دڵەڕاوکێی منداڵی بەر ئاوێنە و لەلایەن فیتگنشتاین دەکەوێتە نێو فەلسەفەی زمانەوە بەو مانایەی کە فەلسەفە رزگارکردنی زمانە لە خراپ بەکارهێنان و گێڕانەوەیەتی بۆ پێورە دروستەکەی لە ژیانی رۆژانەدا، بەو مانایەی کە روونکردنەوەی لۆجیکییانەی بیرۆکەکانە، بەو مانایەی کە چالاکی تەئویلکردنی گەمە زمانییەکانە، بەو مانایەی کە هیرمینۆتیکایە نەک گەیاندنی حەقیقەت. لە کتێبی (تراکتاتوس- tractatus- پەیامی لۆجیکی فەلسەفی، کە ساڵی 1921 بڵاوبۆتەوە) فیتگنشتاین ئەوە روون دەکاتەوە کە فەلسەفە چارەسەری بیرکردنەوە دەکات و کۆی فەلسەفەش رەخنەگرتنە لە زمان، زمانیش وێنەگرتنی جیهانی گەردیلەکانە، جیهانیش هەمووی ئەوەیە کە بە دەست دێت، یان کۆمەڵێک فاکتە نەک کۆمەڵێک شت، پێوانەی فاکتیش مانایە، پێوانەی راستی و دروستی ماناش دەکەوێتە بەرانبەر رستەی زمانەوانی مانادارەوە، رستەیەک کە هەمیشە فاکت دەگەیەنێت و وەسفی فاکت دەکات. کەواتە لێرەدا هەرگیز مەسەلە، یان دۆزێکی فەلسەفی نییە هەڵە بێت، بەڵکو هەندێ مەسەلە و دۆز هەن مانایان نییە، لەوێوە بێ مانان کە لە لۆجیکی زمان تێنەگەیشتوون. 

بێگومان پەیوەندی فەلسەفە و لۆجیک بە واقیعەوە لەسەر راستی و درۆ ناوەستێ، بەڵکو بایەخ بە یاسا و رێساکانی زمان و دووری و نزیکییان لە زانستی دەلالەتەکان دەدات، بایەخ بە مەسەلەی مانا و بێ مانایی دەدات. مادام جیهان ئەوە بێت، کە زمانی ئێمە توانای دەربڕینی هەیە، ئەوە پێوەری بوونی جیهانیش زمانە، سنوری زمانم سنوری جیهانەکەمە. فەلسەفەی زمان پێش هەموو شتێک بەرگری لەو سیحرە دەکات، کە شێوەکانی تەعبیرکردن یان گوزارەکردن دەیخەنەوە، ئەوەش پەیوەندی بە تاکە میتۆدێکی دیاریکراوی فەلسەفەوە نییە، چونکە فەلسەفە یەک میتۆد بەڕێوەی نابات، بەڵکو فەلسەفە لە کۆمەڵێک میتۆد پێکهاتووە، فەلسەفە رێگای جۆراوجۆری هەیە، فەلسەفەی زمان جگە لە رێگای بەدواداگەڕان شتێکی دیکە نییە، بڕوابوون بە یەک تیۆریی، جگە لە داخستنی ئاسۆکان شتێکمان پێناڵێت، مەرجی بیرکردنەوەی ئازاد بە کرانەوەی ئاسۆکانەوە بەندە، کرانەوەش رۆحی فەلسەفەیە، هەمیشە لە نێوان میتۆد و بابەت کۆمەڵێ جیاوازی هەیە، بەڵام رێگای بە دواداگەڕانی ئەو جیاوازییانە لە پرسەوە سەرچاوە دەگرێت، وەڵامی فەلسەفە هەمیشە لە رێگای خستنە رووی پرسیارێکی دیکەوەیە. 

زمان لای فیتگنشتاین رێگایە بەرەو مەعریفە، هۆیەکە بۆ تێگەیشتن لە دروستبوونی مانا لە نێو گوتاردا، بەپێی ئەو پەیوەندییە ناوەکییە یان بە هۆی ئەو هاوسەنگییەی نێوان زمان و بیرکردنەوە، هیچ بیرکردنەوە و مەعریفەیەک ناکەوێتە دەرەوەی زمانەوە، هیچ زمانێک نییە بکەوێتە دەرەوەی بیرکردنەوە و مەعریفەوە، کەواتە هەموو شتێک لە ناو زماندا روو دەدات! بەڵام (جۆن سیرل) بیرکردنەوەیەکی دیکەی هەیە و پێیوایە تێگەیشتنی زمان هەر دەبێ یەکەمجار بە تێگەیشتنی عەقڵدا بڕوات، ئەو بڕوایە بەرەو ئەوەمان دەبات، کە عەقڵ بخەینە پێش زمانەوە! ئەوەش تەواو پێچەوانەی لاکان و کراوس و فیتگنشتاینە، چونکە جۆن سیرل پێیوایە ناشێ تەنها بەو شێوە سادەیە سەیری زمان بکەین، کە فیکرەیە و لە رێگای وشەوە بە ئەویدیکە دەگات، چونکە دەشێ بەبێ وشەش بڕوا بە هەندێ شت بهێنین، بۆ نموونە برسێتی یان هەستکردن. لێرەدا وەڵامی پرسیاری زمان چۆن بە واقیعەوە پەیوەست دەبێت، ئەوە نییە کە لە رێگای نواندنەوە بە ئەنجام دەگات، بەڵکو ئەوەیە کە زمان بە هۆی ماناوە بە واقیعەوە دەلکێ، ئەو پەیوەستبوونەش عەقڵی نیازخواز بەسەر دەنگ و ئاماژە دەیسەپێنێ. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش مانا شێوەیەکی نیازئامێزی هەڵێنجراوە، واتە کۆدی تێگەیشتنی مانا ئەوەیە کە نیازخوازی ئەسڵی یان ناوەکی لە فیکری قسەکەردا بۆ وشە و ئاماژە و رەمز دەگۆڕێت. نیازخوازی واتە ئەوە منم قسان بە زمان دەکەم، زمان نیازی من دەگەیەنێت، من زمان ئاراستە دەکەم. کەواتە وەک چۆن دەشێ قسەکەر نیازی خۆی لە قسەکردندا هەبێت، لەپاڵ ئەوەشدا دەشێ ئەو نیازە تەقلیدییەش بەکار بهێنێ کە لە وشەکان و رستەکانی نێو زمانێکی (دیاریکراو)دا هەیە. بەمجۆرەش کردەیەکی نیازئامێز(من قسان بە زمان دەکەم) بەجێدەهێنێ و کۆی ئەو تێگەیشتنەش بە پڕبوونی ماناوە بەندە. بە مانایەکی دیکە بەرهەمی دەنگەکان لە زماندا بەشێکە لە مەرجی تێربوونی ئەو نیازەی کە لە دروستکردنی گوتراودایە، واتە کاتێک قسەکەر گوتراوێکی واتادار دروست دەکات، ئەو کاتەیە کە مەرجی پڕبوون دەخاتە سەر دەنگ و ئاماژەکان. لێرەدا بە قسەی (جۆن سیرل) دەکەوینە نێوان دوو مەرجی تێربوون. یەکەم مەرجی تێربوونی گوتراوە، دووەم مەرجی تێربوونی دەنگ و ئاماژەیە. بەو مانایەش گوتراوی واتادار ئەوەیە کە مەرجی تێربوون بەسەر مەرجی تێربووندا دەسەپێنێت، بۆ نموونە رستەی: باران دەبارێت. هەڵگری مەرجی تێربوونی جۆراوجۆرە، یەکەمیان ئەوەیە کە نیازی قسەکەر بەجێدەهێنێت و ئەو گوتنەش مەرجی بەشێک لە رستەکە تێر دەکات، دووەم لەبەر ئەوەی هەر تەنها مەبەست قسەکردن نییە، واتە لەبەر ئەوەی کردەی (بارین) لەخۆ دەگرێت، کەواتە ئەو گوتنە مەرجی تایبەت بەخۆیشی هەیە و ئەو تێربوونەش تەواو نابێت هەتا باران نەبارێت، ئەگەر باران باری کەواتە مەرجی تێربوونی گوتراو حەقیقییە، بەڵام ئەگەر نەبارێت درۆ دەردەچێت. 

هەولێر 21/3/2016

ئەدەب وهونەر