ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كەریم دەشتی

بەم درەنگ وەختەوە چی تۆی هێنا 

ئاوا وەك تیشكی بلوورین 

لە ژووری ئەبەنووسی منا بەدەركەوتی؟ 

كە من وا خەریكە وەك بازنەی ئاسۆی ئەبەدی 

گلۆر ئەبمەوە 

بەم درەنگ وەختەوە چی تۆی هێنا 

ئاوا وەك شەوقێكی كەونار 

لە خه‌ره‌ندی قووڵی رۆحما بەدەركەوتی؟ 

كە من وا خەریكە لە تەلانی ڕكی زەمەندا 

بەرەوخوار ئەبمەوە 

بەم درەنگ وەختەوە چی تۆی هێنا 

ئاوا وەك تامێكی شیرین كەوتییە سەر زمانمەوە، 

كە من وا خەریكە شەرابم تەواو ئەبێ‌ 

بەم درەنگ وەختەوە چی تۆی هێنا 

ئاوا نەرم نەرم ئەڕژێیتە كاسەی دڵمەوە 

كە من وا خەریكە وەك دوا پشكۆی ناو خۆڵەمێش 

لە ڕووناكی ئەكەوم و بۆ ئەبەد ئەكوژێمەوە