ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیعری : ئیبراهیم هەورامانی

(1 ) 

ده‌مزانی ، 

به‌ختێكی باشم ده‌بێ .

ناخۆشییه‌كانی ژیان تێده‌په‌ڕێنم .

پاشئه‌وه‌ی ،

فێر بووم ،

تۆم خۆش بوێ .

*** 

(2)

دۆزه‌خم نه‌دیوه‌ ،

به‌ڵام ،

مه‌لای گه‌ڕه‌ك 

زۆری له‌باره‌یه‌وه‌ بۆ باسكردووم .

من له‌و دۆزه‌خه‌ ناترسم 

گه‌ر پێكه‌وه‌ بین .

*** 

(3 ) 

ئه‌م گۆی زه‌وییه‌ ،

پڕیه‌تی ،

له‌ بێ مانایی .

بۆ نمونه‌ :

ڕۆشتنی تۆ و

نه‌هاتنه‌وه‌ت . .

***

(4 ) 

سروشتی ئینسان وه‌هایه‌ .!

هه‌ندێك دڵیان ،

به‌كۆشك و 

ماڵی دونیا خۆشه‌ .

هه‌ندێكی دی ،

به‌ ناو و شۆره‌ت .

منیش به‌تۆ

**** 

(5 ) 

ده‌زانی ،

ئینسان بێ هه‌وا ناژی .؟

منیش وام ،

بێ تۆ 

ته‌نیا ده‌زانم بمرم. 

**** . 

(6 ) 

ئه‌گه‌ر خودا ،

تۆی نه‌خولقاندبا .

نه‌من ده‌مزانی ،

خۆش ویستن یانی چی و 

نه‌ ژیانیش هێنده‌ ،

له‌دڵدا 

شیرین ده‌بوو .

**** 

(7 ) 

ویستم ،

شیعرێكت بۆ بنووسم .

نوسینی شیعر ،

بۆ تۆ ...

جورئه‌تی ئه‌وێ ..

*** 

(8 ) 

دەتوانم ،

بێ تۆ ..بە تەنیا بژیم .

بەڵام ،

ژیانێکی بەختەوەرانە ، نا .

*** 

(9) 

بەر لە ڕۆشتن ،

ئاوڕێک بدەرەوە ،

تا بزانی ،

من چەند پێویستم بەتۆیە .؟!

*** 

(10 )

گرنگ ئەوە نییە ،

من دەمرم .

گرنگ ئەوەیە ،

تۆ ڕەشیت لێ دێت .