ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رۆژ هەڵەبجەیی

(1)

ببوره‌ گه‌ر زاهیدانه‌ له‌ تۆ دووام، 

به‌بێ هه‌ناسه‌ سه‌وزه‌كانی‌ تۆ،

كه‌ناری‌ ئه‌م ئاوه‌دانییه‌ دڵۆپه‌ ده‌كا

تژی‌ له‌ ته‌ماشای‌ باغه‌یی‌ و مه‌وجدان له‌ مردن...!

(2)

بێده‌نگیم پێوه‌ ئه‌ده‌م،

تۆفانی‌ خامۆشیم ئه‌دوورم...

ئه‌و كاته‌ی‌ له‌ تروپكی‌ له‌رزیندام

ئێواره‌یه‌كی‌ بچوكم داوه‌ به‌خۆمدا،

پڕه‌ له‌ نوێژی‌ تۆ...!

(3)

گه‌ر له‌ بیرم بێ بخه‌وم،

ده‌سته‌كانم ده‌كوژێنمه‌وه‌ و 

سێوه‌كانم هه‌ڵده‌كه‌م....

گیرفانی‌ خه‌یاڵه‌كانم قوڵتر ده‌كه‌م له‌ تۆ...!

(4)

هه‌ندێ جار تا به‌ره‌به‌یان بێدارم بێ تۆ..

چه‌ند حه‌رفێك ڕه‌نگ ده‌كه‌م،

به‌ سمێڵه‌كانی‌ سلفادۆر دالی‌...

له‌سه‌رده‌می‌ سریالیستیشه‌وه‌،

كه‌ كراسێك قسه‌ ده‌كا

ده‌كه‌مه‌ به‌ری‌ سپێده‌ تا ئاوا نه‌بیت تۆ..!

(5).

ئه‌وه‌چراكانی‌ منن ده‌ستیان پڕه‌،

له‌ له‌فافی‌ زیوین...

ئاخر شه‌وه‌كان سه‌ریان ده‌شكێ له‌ فیراقی‌ تۆ،

تاوێك وه‌ره‌ قۆپچه‌ی‌ ئه‌م شه‌وه‌ بكه‌ره‌وه‌،

كه‌ چرا پێده‌كه‌نێ و 

فیراق ده‌ڕوات به‌ره‌و فه‌نا بوونی‌ فه‌نا

(6)

دیواره‌كان بڕێك جار نه‌خۆش ده‌كه‌ون،

چونكه‌ دڵیان ده‌كێڵن به‌ بزماری‌ قسه‌كانی‌ تۆ...

دیواره‌كان قاقا ده‌ژه‌نن..

چونكه‌ بڕێ جار هه‌توانی‌ هه‌تاوی‌ تۆ،

باڵایان دائه‌گیرسێنێ...!

(7)

كه‌ كاتێك باران له‌ ئاسمانی‌ چاوه‌كانمه‌وه‌

بینینم تۆخ ده‌كا...

ئه‌وه‌ په‌ژاره‌ی‌ په‌ڵه‌ هه‌ورێكه‌،

بۆ دایكم ده‌گه‌ڕێ ئینجا تۆ...!

ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی‌

تێبینی‌ /ئه‌مه‌ بانزه‌ بۆسته‌ره‌ له‌حه‌رفه‌دووره‌كانی‌ من و تۆ