ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(سارا سەردار فاتح) ئەو كچە وێنەكێشەی توانی سەرنجی هەموان بەتایبەت راگەیاندن بۆ خۆی راكێشێ‌، لەدایكبووی دەربەندیخانەو لە خێزانێكی رۆشنبیردا ژیاوە، وێنەی هاوڕێی سەركردە (عەزیز محەمەد)ی كێشاو دەڵێ‌ :نەپێشترو نە لەئایندەشدا وێنەی هیچ كەسایەتییەكی دیكەی سیاسی لە پڕۆژەمدا نییە، لەم دیمانەیەدا شتی نوێتر دەڵێ‌:

دیمانە / رابەر مەغدید

 

خولیا فێری وێنەكێشانی كردی یان تۆ كەسێكی ئەكادیمی؟

+وێنەكێشان خولیاو بەهرەی من بووە , بەڵام لە ئـێستادا بە ئـەكادیمی لە كۆلیژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سلێمانی دەخوێنم .

 

-تاوەكو ئێستا هیچ پێشنگایەكی هونەریت كردۆتەوە؟

+بەڵێ پێشانگایەك تایبەت و پێشانگایەكی هاوبەشم بۆ كراوەتەوە.

 

-هونەر لای تۆ چی دەگەیەنێت؟

+هونەر لەڕۆحمایەو لە چاوی منەوە هونەر پێگەیەكی تایبەتی هەیە، هونەر باس ناكرێت بەڵكو چێژی لێ دەبینرێ و تیشك ئـەخرێتە سەری، هونەر ڕۆچونە بەناو دنیای هەم ڕاستی و هەم خەیاڵی، وێنەكێش لەڕێی وێنەكێشان هەستەكانی دەردەبڕێت تابلۆكانیش ڕەنگپێدەرەوی ناخی هونەرمەندن، هونەری وێنەكێشان دونیایەكە كە هونەرمەند دەیخولقێنێت و هەم خۆیو هەم دەوروبەر چێژی لێدەبینن.

 

-بیرۆكەی كێشانی وێنەی هاوڕێ‌ (عەزیز مەحمەد) لە چیەوە هات؟

+لەگەڵ هەواڵی بیـستنی مەرگی هاوڕێ عەزیزدا بڕیارمدا وێنەی بكێشم, ئـەوكات لە كۆلێژ بووم هەواڵی مەرگی هاوڕێ عەزیـزم بیست، لەبەر ئـەوەی هاوڕێ عەزیز كەسایەتیەكی بەهێزی هەبووە لە مێژووی كوردستان و گەلی عێراقدا و خزمەتێكی زۆری بە گەل و نەتەوەكەی كردووە چی لەڕووی سیاسی چی لە ڕووی كۆمەڵایەتی، یەكێكە لە كارە هەرەجوانەكانی ئـاشتەوایی شەڕی براكوژی بووە كە ڕۆژێك لە ڕۆژان توانی ئـاو بكاتە مل ئـاگردا, بریا خۆیشی لەژیاندا بمایەو بمتوانیبا وێنەكە پێشكەش بە خۆی بكەم.

 

-چی دەربارەی هاوڕێ‌ عەزیز محەمەد دەزانی؟

+منیش وەك هەر تاكێكی ئـەم نیشتیمانە هاوڕێ عزیز مەحمەد غەریب نییە بە كەس , وەك شۆڕش گێڕێك و وەك سەركردەیەكی حزبی شیوعی و دەیناسم وە بنەماڵەكەیشم و خۆم زیاتر لە نیوسەدەیە لە ڕیزەكانی حزبی شوعیدا خەبات دەكەین, لەو پێناوەشدا چەندین شەهیدمان هەیە, وە خۆیشم بە قوتابیەكی قوتابخانەكەی مامۆستا عەزیز دەزانم.

 

-پێشتر وێنەی هیچ كەسایەتیەكی ترت كێشاوە؟

+وەكو سەركردەو حزبی نەخێر وە لەبەرنامەیشم دانیە، بەڵام وەكو نوسەرو ئـەدەب دۆست و هونەر دۆست بەڵێ و وە بەردەوامیش دەبم .

 

-پرۆژەی داهاتوو؟

+لە ئـێستایا ئـامانجم فێركردنی وێنەكێشان بە چەند بەهرەمەندێك و وە فێرخوازم هەیە, ئـەگەر بوارم بۆ بڕەخسێت بێگومان پرۆژەی گەورەشم دەبێت.

 

-ئاستی هونەری وێنەكێشان لەكوردستان چۆن دەبینیت؟

+تاڕادەیەكی باش هونەرمەند و وێنەكێش هەیە, بەڵام لەم وڵاتەدا هیچ شتێ بایەخی پێنادرێت تا بایەخ بدرێت بە هونەرمەند و وێنەكێش.