ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

فیلمێكی ئەنیمەیشنی كوردی بەناوی (بێدەنگی ئاسمان) لەدەرهێنانی جوبرائیل ئەبوبەكر لەفێستیڤاڵێكی نێونەتەوەیی سینەمایی وڵاتی هیندستان بەشداری پێشبڕكێی سەرەكی دەكات‌و كێبڕكێی بردنەوەی خەڵات دەكات. 

دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر لەبارەی بەشداری فیلمەكەی لەو فێستیڤاڵەدا رایگەیاند "فیلمەكە بەشداری فێستیڤاڵی سینەمایی نێونەتەوەیی كارجیل دەكات‌و كێبڕكێی بردنەوەی خەڵات دەكات". 

وتیشی "فێستیڤاڵەكە لە11 تا 13ی ئابی 2017 لەشاری كارجیل ئەنجام دەدرێت". 

كارجیل ناوچەیەكی شەڕ بوە و لەئێستادا یەكێك لەناوچە هەرە جوان‌و سەرنجڕاكێشەكانی وڵاتی هیندستان‌و پارێزگایەكە سەر بەویلایەتی كشمیر. 

(بێدەنگی ئاسمان) نوێترین بەرهەمی سینەمایی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكرە و بەسپۆنسەری عەباس فازڵ عەبدولرەحمان خاوەنی زانكۆی نۆلج بەرهەمهێنراوە و بەر لەم فێستیڤاڵەش لەچەندین فێستیڤاڵی سینەمایی نێونەتەوەیی بەشداری كردوە‌و چەند خەڵاتێكیش پێبەخشراوە، لەوانە خەڵاتی باشترین سیناریۆ لەخولی چوارەمی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی سینەمایی زانكۆی بابل‌و پێدانی خەڵاتی برۆنزی لەبەشی فیلمە ئەنیمەیشنەكانی فێستیڤاڵی سینەمایی باشوری جۆرجیا كەلەوڵاتی كەنەدا ئەنجامدرا.

(بێدەنگی ئاسمان) كورتە فیلمێكی ئەنیمەیشنە‌و لەبارەی خەونەكانی مرۆڤە بۆ ئازادی‌و لەبارەی چیرۆكی فیلمەكەشەوە جبرائیل ئەبوبەكر دەڵێت "فیلمەكە باس لەخەونی مرۆڤ دەكات بۆ ئازادی، بەوپێیەی كە هیچ كەسێك ناتوانێت رێگا لەئازادی بگرێت‌و بەربەستی بۆ دروست بكات". 

وتیشی "ماوەی فیلمەكە 100 چركەیە و بەرهەمی ساڵی 2017-یە".

جوبرائیل ئەبوبەكر رەحمان لەدایكبوی ساڵی 1983ی شاری هەولێرە، لەساڵی 2001ەوە دەستیداوەتە كاری سینەمایی و لەنزیكەی 40 كورتە فیلمدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لە 13 فیلمی سینەمایی درێژیشدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لەساڵی 2010ەوە كاری دەرهێنانی سینەمایی دەكات و هەتا ئێستا چوار كورتە فیلمی بەرهەمهێناوە و نزیكەی 20 خەڵاتی نێوخۆیی و جیهانیشی بەدەستهێناوە.

بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی فێستیڤاڵی سینەمایی نێونەتەوەیی كارجیل: 

https://filmfreeway.com/festival/KargilInternationalFilmFestival