ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

شیعری : سمكۆ محمد

 1

هه‌موو شتێك له‌دووره‌وه‌ ساكارو جوانه‌

ساكاری ئه‌ستێره‌كانیش له‌ساكاری مردن ده‌چێت

مردنیش قفڵێكه‌ كلیله‌كان له‌گه‌ڵ خۆیا ده‌بات

كلیلی نیگاكانی چاو كه‌ناتوانێ‌ كڕیستاڵ و ره‌ژوو له‌یه‌كتر جیابكاته‌وه‌

كلیلی پارچه‌كانی زمان كه‌ناتوانێ‌ چێژ له‌ده‌رمانی تاڵ و شیری خاوبكات

كلیلی عه‌قڵ كه‌ناتوانێ‌ ترس له‌ماڵی خۆی وه‌ده‌رنێ‌

كلیلی په‌نجه‌كانی ده‌ست كه‌ناتوانێ‌ به‌په‌ڕه‌موچی هیچ باڵنده‌یه‌ك بنوسێ‌

كلیلی نێرینه‌و مێیینه‌كان كه‌ناتوانن له‌گه‌نجینه‌ داخراوه‌كانی خوادا مه‌رجانێك ده‌ربێنن

كلیلی هه‌موو شتێك

كلیلی هیچ

2

  هه‌موو سه‌وزێك له‌دووره‌وه‌ به‌سۆز و جوانه‌

سه‌وزی مێرگه‌كانیش له‌چاوی ژیان ده‌چێت

ژیانیش هێند دووره‌ كه‌س نایگاتێ‌

ئه‌مه‌ حیكمه‌تی قسه‌ی شێته‌كان

كوفری بێ‌ بڕواكان و به‌دگومانه‌كانه‌ كه‌هه‌قیقه‌تی كتێبه‌كانی له‌چاڵناوه‌

هه‌قیقه‌تی كه‌سێك كه‌ ناتوانێ‌ وه‌كو دارێك سێبه‌ر بكات

هه‌قیقه‌تی كه‌سێك كه‌ ناتوانێ‌ وه‌كو ده‌ریا قومه‌ ئاوێك به‌تینویه‌ك ببه‌خشێ‌

هه‌قیقه‌تی كه‌سێك كه‌ ناتوانێ‌ بستێك له‌خۆی دوور بكه‌وێته‌وه‌

هه‌قیقه‌تی كه‌سێك كه‌ ناتوانێ‌ له‌ته‌نهایدا مه‌ست بێ‌

هه‌قیقه‌تی كه‌سێك كه‌ ناتوانێ‌

هه‌قیه‌قه‌تی هه‌موو شتێك

هه‌قیقه‌تی هیچ

3

هه‌موو روبارێك له‌دووره‌وه‌ شین و جوانه‌

شینێتی روباره‌كانیش له‌چاوی زه‌وی ده‌چێت

زه‌ویش هێند مه‌غروره‌ له‌دڵی سامان ده‌چێت

سامانی خورافه‌و تابووتی ته‌ڕی گه‌وجێتی

سامانی پاشایه‌تی و تاجی وه‌هم و مشتی تفه‌نگ

سامانی توڕه‌یی و كۆڵه‌ پشت و مزری عاجی رووت

سامانی هه‌موو شتێك

سامانی هیچ

4

هه‌موو سارایه‌ك له‌دووره‌وه‌ به‌رز و جوانه‌

به‌رزی ساراكانیش له‌هه‌ره‌سی ئاسۆ ده‌چێت

ئاسۆش ئاوازی ئاوابوونه‌

ئاوابوونی نه‌ردو واشه‌ی نه‌حس

ئاوابوونی رێگای دووباره‌و هه‌ڵات هه‌ڵات

ئاوابوونی رۆح و دڵه‌ڕاوكێی رۆژه‌كان

ئاوابوونی هه‌مووشتێك

ئاوابوونی هیچ

هه‌موو زوهرایه‌ك له‌دووره‌وه‌ پرشنگدارو جوانه‌

پرشنگی ئه‌ستێره‌كانیش له‌ زانین ده‌چێت

زوهرا له‌خه‌می زانین قووڵتره‌

زانینی پلیكانه‌كان كه‌له‌كۆتایدا ده‌شكێ‌

زانینی هه‌ناسه‌یه‌ك له‌نێوان گوێزان و موو

زانینی جوغزی مه‌زارو كۆشكه‌كانی ترس

زانینی هه‌موو شتێك

زانینی هیچ

6

هه‌موو له‌یلایه‌ك له‌دووره‌وه‌ تاریك و جوانه‌

تاریكی له‌یلاكان له‌تاریكی زیندانی ده‌چێت

زیندانیش له‌ دۆزه‌خ ده‌چێت

دۆزه‌خی كه‌سێك له‌ناخه‌وه‌ عیشق بسووتێنێ‌

دۆزه‌خی كه‌سێك له‌به‌رزیدا لوتی به‌به‌ردا بشكێ‌

دۆزه‌خی كه‌سێك له‌گه‌ڵ پێكه‌ شه‌رابێكدا بگریێت

دۆزه‌خی كه‌سێك له‌درۆ وه‌ڕس نه‌بێت

دۆزه‌خی كه‌سێك له‌نێًوان به‌رزه‌خ و شوێنێكی تردا جه‌هه‌نم

دۆزه‌خی كه‌سێك كه‌ هیچ نه‌زانێت

دۆزه‌خی هه‌موو شتێك

دۆزه‌خی هیچ