ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قەیرە كچی (با )

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

حەمە ئەحمەد جاف

قەڵەمی بەرباخەڵی قەیرەكچی (با )

كتێبێك لەجوانی جارانی سرووشت و ... 

شنەی شیعری شاخ و..

رۆمانی شاری خەونەكانی باران 

دەنووسێتەوە !!

كتێبی خەونێك.. 

بە حینجە خوێندنەوەی عومرێكی رابردوو

بە ئەلفبای (باڵدار) دەسپێرێ‌ !

لێرەوە ..

شەمێ‌ لە شەبەنگی هەتاو

سپێدەیەك لەسروە و..

گەواڵەیەك لە باران

لوێچێ‌ لەگەردی كازیوەی كەوكەبی كەونی مەرگ و 

فرمێسكێ‌ لە هەواری چۆڵی نیشتیمانێكی سەفەری

بەسەرباڵای قژڕەشماڵی ، 

قەیرە كچی (با) دا،دادەكاو..

سێبەر لە خۆیدا هەڵدەوێزنێ‌ !

سێبەری مەرگێكی رەشەسمەر !

****

ئەوشۆ (با)

لە شایی برووسكەو باران دەگەڕێتەوەو 

دەستی سەرچۆپی دەداتە دەست گزنگی نێرگزو 

بسكی زەردی شاجوانی رەشماڵی هەواران

لە كانی چاوانی بەر چەمی بەرماڵان شانەدەكا ! 

ئەوشۆ (با)... لێرەوە 

سیمای تەڵخ و..

تەمتومانی سیسركەكانی سپێدەی بەرلە نەسیم و

لكی جامانەی شاخ و 

ریشووە گیسووی چلورە ی 

بەرئەشكەوت وسوێبانە رزیوەكانی ،

خانووە قوڕەكانی شار 

دەداتە بەر شریخەی قامچی برووسكە !

لەوێ‌ ...

مووی لاملی ئەسپی دوڵدوڵ و

لێرەش ...

بسكی پەرچەم و

پرچی رەشماڵی ئایشەو فاتمە 

لەچاوی كانیلەی 

هەرێمی رەنگاو رەنگی پەلكە زێڕینەو

جَیژوانی قەوس و قەزەحدا دەهۆنێتەوە !

لەوێ‌...

لە سەحەری سەفەری قەیرە كچی (با) دا

گۆمی بێدەنگیی سرووشت دەشڵەقێ و 

كوێرەكانی تینوو

گیرفانی گریا و

تەوێڵی نان و دڵی برسی 

سەمای قەرسیلی زەردهەڵگەڕاوی بەهار 

رووەو مێزی خەزان دەخزێ‌ !

لێرەش... 

كۆچی ئێوارەی زەردەپەڕی سرووشت و...

شەیپووری شارای شەپۆلی شاری شەوی یەڵدا

باوەش بەتارمایی ، 

رەشانگی لاجانگی رنووە بەفرو 

قاقای تاری تەنیایی ترسی شەوەزەنگ و...

ئەشكی رەزو...

پێی شكستی قڵیشبردووی رەوەزو 

رژانی ئەستێرەو ...

پژمینی ترووسكەی رۆشنایی ،

فتیلەی بەرهەیوانی شەوانی تەنیایی دێ‌ و

پڕمەی ئەسپی سپی هەورو...

ماینە كوێتی ( با) دا دەكەن و 

مەلۆتكەی خەمی ئەو نیشتیمانە 

لە بێشكەی شڕی شەوی شارو 

بەرپێی شەكەتی هەنگاوی شاخ و 

ماڵی زریان و رەشەبادا دەخەوێنن !

***

ئەوشۆ ( با)

پێنج پەنجە چڕنووكیەكانی ( زریان ) ...

پرێسكەی نهێنی گرێچەدراوی مەرگ و ژیان

لە زەمەنی ئاوێنە شكاوەكانی پەنجەرەی 

گەڕەكە شەعبیەكانی 

عومری تاریخەوە دەترازێنێ‌ و ..

باوەشێ‌ زەردە خەم ...

كۆشێ‌ كەسەری كەسك و ...

گۆلمێ‌ ئەشكی نیللی 

گەمە لەگەڵ سیوادی سپی سەحەرو

ئێوارە ئەرخەوانییەكانی بەرمەچكۆو

وڵاتی زەردەپەڕی كچی (با) و

شێرە بەفرینە سپییەكانی شەعبی سلێمانیدا دەكاو

بە جورئەتەوە...

لە شا وەرزی رەنگەكان و 

مەملەكەتێكی دەمامككراوی مێژوو رادەمێنێ‌ و ...

دەبێتە بەحرێ‌ لە ئەسرین و ...

كەنارێك لە تووڕەیی !!

دوێنێ‌ جووتێ‌ پێڵاوی لاستیكی بۆگەن و

پێ‌ قڵیشاوەكانی شاخ و ...

كۆڵانە بێ‌ ترووسكەكانی شارو 

رێچكەی شەكەتی شەوڕۆ!

ئەوڕۆ... وەنەوشەو ...

فەڕشێكی سوورباوی گوڵ گوڵی ڕاخراو

لەبەر پێی قاقایەك لە زوڵم و

تەمەنێك لە زەردەخەنە !

هەر دوێنێ‌ تۆ ..

تەئریخێك لە خوێن !! 

كتێبێك لە داستان و قارەمانیەتی و

مەدالیایەك لە هەڵوێستی نەتەوەیی و 

چرایەك لە رۆشناییت ، 

دایە دەست مێژوو!

بەژنی مێژووی 

كاڵایەكی رەنگ و ڕواژا پڕ لەگیرفان !

ئەوڕۆش 

بە قودرەتی قادر 

باڵای بڵندی شاخ و ..

جەستەی شەكەتی شەوڕۆ

لە بەردەم مێزێكی پرسگەی شارو

مەسئولێكی بێ‌ سەوادو بێ‌ مستەوای 

كۆنە ....... دا بە چۆكا دێ و ..

داوای بیست ساڵ خزمەتی پێشمەرگایەتی و

خوێنی رژاوی براشەهیدەكەی دەكاو ...

ئەفسووس وەڵام نادرێتەوە !!

ئەوەش قەدەری قین و 

زەوقی زەمەنی قێزەون و

بەراوەژووی بە ژنی قەزەمی مێژووە !

مێژووی نیشتیمانێك لە رەنگ و دەنگ

ئەو مێژووەی ، ...

لە نیگای تەڵخی قاقای قەیرە كچی (با) و

باڵی شكاوی شكۆفەی ئەشكا 

سروودی مەرگی وەرزی رەنگەكان 

لەگەڵ كۆرسی یاران و

ئاوازی نمەی نەرمی بارانا دەڵێنەوە !

كۆرسی گۆرانی گریان و

لایلایەی فرمێسكی شەو!

ئەوشۆ ...قەڵەمی بەرباخەڵی باڵی ( با) 

لاپەڕەیەك لە تەوێڵی سپیی سرووشت و 

دەنگی ترپەی دڵی گیرفان و 

شوێن پێی هەنگاوەكانی هەورهەڵدەگرێ‌ و 

سەدای زامی سەدان ساڵەی منی برسی و 

بێدەنگیی شەوڕۆكانی شاخ و

سەربازە ونەكانی وڵاتێكی خاپوور 

لە یاداشتی دەفتەرێكی كەلیماتی تۆزلەسەر نیشتووی 

بەرباخەڵی سیتەكی )بێكەس ( و 

كۆتی دەستی بێركۆتی (پەشێو)

لە دووتوێی كەژاوەی گریانی شێركۆو....

هەنبانە بۆرینەی نێو تاقەی ژوورە قوڕینەكەی 

مام هەژارو 

قەڵەمە سمێڵ سپییەكەی كاروانی خەیاڵی (هێدی) و

هاواری گریان و سەدای لایلایەكەی جەزاو 

جوتێ‌ پێڵاوی جێماوی شێخ ئەنوەرو 

فەرهەنگی خەمەكانی شێخ 

لە هەواری شێخی چۆلی و ...

گڤەی گەمەی گێژەڵوكەی ، 

رەشەبای سلێمانی دا تۆمار دەكا !

ئەوڕۆ ئەو...

بە لێشاوێك لە وەنەوشەی شارو 

پۆستەر ی چاو ئەسرینەوە 

لەگەمەی جەنگی من دێتەوە و 

لە چاوەڕوانی دروێنەی دەست و پەنجە قڵیشاوەكانی من و ....

دروینی گیرفانەكانی تۆدا

خەیاتەكان دێنێتە حەلوەلا !

بیرمە ئەو ....

لێرەوە رۆیشت و...

لێرەشەوە 

بە جوتێ‌ شەوڕۆی شڕی شاخەوە 

گەڕایەوە نێو ئامێزم 

ئەوێ‌ دەمێ‌ ...دوورو نزیك 

دەژیام لە سای تاسەی دووری و 

بۆی هەناسەی گەرمی ئێوەو.. 

شڵتوشۆی بەفرو كڕێوەی ساردی كۆوە

نازانم بۆ....

وازوو ئێمەت لـــەبیر چۆوە !

كزەی جەرگم !

حەیف و ئەفسووس !

****

كۆتایی 2016