ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شيعرى :ئيبراهيم هه‌ورامانى

 

(1 ) 

من نازانم ،

چه‌ند مرۆڤ ،

له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه‌دا ده‌ژین .

به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌زانم ،

تۆ ده‌ژیت و 

ئیتر من ،

ئاگام له‌كه‌سی تر نییه‌ .!

  ***   

(2 )

تا نه‌هاتی ،

نه‌مده‌زانی 

ده‌نگی پێی تۆ،

له‌ سه‌مفۆنیای پێنجهه‌می بیتهۆفن ،

كاریگه‌ر تره‌ .

  *** 

(3 )

ژیان تا دێ ،

تامی شیرینتر ده‌بێ .

ئه‌مه‌یه‌ نهێنی ،

خۆشویستنی تۆ .

  *** 

(4 )

كه‌ تۆ ده‌ڕۆی ،

هه‌رله‌به‌رتۆ 

له‌خوای گه‌وره‌ داواده‌كه‌م :

ئه‌م گۆی زه‌وییه‌ ،

بپارێزێ .

  ***  

(5 )

پاییز بێت ،

یان نا .

دڵته‌نگی من ،

یانی : پاییز !!!

  *** 

(6 )

جاران ...جارانى زوو 

وام ده‌زانى ،

هۆكار زۆرن ،

بۆئه‌وه‌ى ئه‌م ژيانه‌ 

شيرينتر ...

جوانتر كه‌ن .

ئێستا گه‌وره‌بووم و

ده‌زانم 

تاكه‌ هۆكار تۆيت .

  *** 

(7 )

مردن ،

هینده‌ی جێهێشتنی تۆ ،

سه‌خت نییه‌ .

گه‌ر به‌گاڵته‌شه‌وه‌ بێ .

  *** 

(8 )

 

جیاوازی ،

نێوان ئه‌مڕۆ و

ڕۆژانی دیكه‌ ،

ته‌نیا تۆیت .

ئه‌گه‌ر نا ،

ڕۆژه‌كان هه‌مووله‌یه‌ك ده‌چن .

   *** 

(9 )

كه‌سم نه‌دیوه‌ وه‌ك تۆ ،

هه‌نگاونانی ،

جوان لێ بێت .

كاتێك ،

به‌ره‌و ڕووی من دێ ی .!

   *** 

(10 )

هیچ شتێك ،

خۆش نییه‌ ، به‌بێ تۆ .

ته‌نانه‌ت ،

هه‌ناسه‌ دانیش .!

   ***  

 (11 )

وه‌ك سه‌ربازێكی سه‌ركه‌وتو ،

كه‌به‌ره‌و ،

سه‌ركرده‌كه‌ی ده‌چێ .

چه‌ند دڵخۆشه‌ ...

منیش وه‌ها ،

كاتێك ،

به‌ره‌و ڕووی تۆ دێم .

   *** 

(12 )

شه‌ممه‌یه‌ك ،

كه‌ تۆ دێیت .

ئیتر هه‌موو ڕۆژه‌كانی هه‌فته‌ .

ده‌بنه‌ شه‌ممه‌ ،

لای من .

  ***

(13 )

هیچ شتێك ،

هێنده‌ی ،

كراسه‌ ته‌خت گوڵ گوڵیه‌كه‌ی تۆ .

بیانویه‌ك نييه‌  ،

بۆ هاتنی به‌هار !

   *** 

(14 )

ئه‌م گۆی زه‌وییه‌ ،

هێنده‌ به‌ كه‌ڵكی ژیان كردن دێ .

تۆ بێیت و

بیر له‌ ڕۆشتن ،

نه‌كه‌یته‌وه‌ .