ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رزگار جەباری

 

-1-

پاییزی مردن...رووی لە هەسارەی خاكە

پەیتا پەیتا...چەپكە گەڵای لێ هەڵدەوەرێ!!

باخەوانە درۆزنەكان...

لە كام هەسارەدا... بە دوای هەناسەی سەوز دەگەرێن؟

_2_

پیاوە میهرەبانەكان...

لە هەرێمی شیناییدا...مەرگی رەش دەچێنن و

رۆحی سپی بەردەدەنەوە

پیاوە دڵبەردەكان...

جۆگەلەی خوێن هەڵدەبەستن بۆ درزەكانی روح

گۆچانێكن...هەنگاو لە كۆڵ دەنێن بەرەو ئاسۆ

( دەمامكەكان داگرنە خوارێ‌ )

_3_

باڵە سەركێشەكان...

لە ژێر پەستانێكی رەشدا...دەبنە بەردەلاك

مەرگە مەیووەكان...

دەتوێنەوە بن رەگە وردەكانی ژیان

_4_

دیوارێكی داروخاوی دوێنێ...

دەبیتە مێژوو!!

كولبەیەكی ئەمڕۆش... بە گۆڕستان

مۆمیایەكی دابڕاو...

لە مۆزەدا هەزاران نرخی لەسەرە و...

هەزاران هەناسەش...

لە گۆڕێكدا...هیچی لەسەر

_5_

جاڕنامەی مافی مرۆڤ...

بۆ ژنێكی رەش داگیرساو لە كەنارەكانی ئەنفالدا

چی دەست دێ؟

تەنها _ خۆی لوول دەدات بۆ مشتێ گولەبەرۆژە_

_6_

نووسراوێك لە دوای وێنەی خۆكوشتن:

گیانێكی ساوا...لە هەسارەیەكی سەوز

تینووی باران...برسی نان

كەس نازانێت چاوەڕوانە

سەرگەڕێك...چاوەڕوانی خۆراك

منیش...نازانم چاوەڕوانی چی؟!