ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نەبوونی

له‌ نه‌بوونیتدا

هه‌موو هه‌وای گه‌ردوون ، به‌شی نه‌فه‌سێكم ناكا

هەموو ئاوی گۆی زەوی

ئاگری سەرم کز ناکا

من تەنیا جەستەیەکم لە فیڕاق

روحێكی سرکم لە نیگەرانی

گه‌رده‌لوولێك دێت و

لە نەبوونیدا لوولم ئه‌دا

شارێك له‌ ئامێزی ته‌نیاییدا ، هه‌ڵمئه‌گرێ

ته‌نیاییم ژوورێكه‌ خاڵی له‌ په‌نجه‌ره‌و ده‌رگا

گه‌ڕانم ، نادیاریی سەفەرێکە

بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ مردن

له‌ نه‌بوونی تۆدا

سیسبوونی دره‌خته‌كان پێم ئەڵێن

عیشق له‌ پیاسه‌كانی خۆی کەوتووە

چ خوڕافەیەکە ئەم هەبوونە ....!

چه‌ند هیچه‌ خوڕافه‌ی هەبوون‌ ..!

ئەوە نه‌بوونیت بوو وایکرد

باران فێر بێ ، قورس قوڕس له‌ تاریكیدا بە پێچەوانە ببارێ

ته‌نیایی ، شەپۆل شەپۆل ، هەڵمەت بێنێ ، له‌ بێڕەنگیدا قوتم بدا

ئەوە نەبوونیت بوو

خاڵی کردمەوە لە هەبوون

کە تۆ نه‌بیت و منیش نه‌بم

ئیدی چیم داوه‌ له‌و هه‌بوون و نه‌بوونه‌دا ...؟

 

كاروان عه‌بدولڵا