ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیعری : 

(ئیبراهیم هه‌ورامانی )

2017

هه‌ست ده‌كه‌م 

ئێره‌ نیشتمانی من نییه‌ .

له‌ نیشتمانی منا 

نه‌ تریفه‌ی مانگه‌شه‌وو مه‌لوله‌ 

نه‌ خوڕه‌ ئاوی كانی .

نیشتمانی من ،

نه‌ بێ باخچه‌ یه‌ 

نه‌ بێ ده‌ریا ...

نه‌ بێ تریقه‌ی په‌لكه‌ زێرینه‌ .

هه‌ست ده‌كه‌م 

ئێره‌ 

نیشتمانی 

من 

نییه‌ .

ئاسمانی نیشتمانی من 

وه‌ك چاوه‌كانی دایكم 

ڕه‌نگی شینه‌ ،

شینێكی كاڵ .

ده‌ریا و ڕوباره‌ قوڵه‌كانی 

نیشتمانی من 

ڕه‌نگیان سپییه‌كی سپی ، سپیه‌ 

وه‌ك ڕه‌نگی ،

ڕۆحیانه‌تی باوكم .

نیشتمانی پڕیه‌تی 

له‌چیایی بڵند ...بڵند .

هه‌ست ده‌كه‌م 

ئێره‌ ....

ئێره‌ نیشتمانی من نییه‌ .

له‌ نیشتمانه‌كه‌ی مندا 

ئه‌ستێره‌كان ،

وه‌ك منداڵانی عه‌جوڵ 

تا صوبحێكی دره‌نگ نانون .

بێئه‌وه‌ی سڵبكه‌نه‌وه‌ ،

به‌كۆڵانه‌ بنبه‌سته‌كانی نیشتمانا پیاسه‌ ده‌كه‌ن .

ده‌بنه‌ میوانی ،

ماڵی یه‌ك به‌یه‌كی 

پاسارییه‌كان .

ئه‌و پاسارییانه‌ی ،

به‌رله‌ هه‌ڵهاتنی خۆر 

به‌سه‌ر بانێژی ماڵه‌كانه‌وه‌ ده‌ڵێن :

خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی چه‌ند دڵگیر و شیرینه‌ (*)

له‌ نیشتمانه‌كه‌ی منا ...

كوڕه‌ گه‌نجه‌كان ،

ڕێی دوور ناناسن .

ژنه‌كان ،

ناچنه‌ گۆڕستان .

كیژه‌ خان و مانه‌كانی نیشتمان 

به‌دزی ،

برا گه‌وره‌كانیانه‌وه‌ 

چاوه‌كانیان ناڕێژن و

به‌دزی ،

ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ پێیان ده‌ڵێن : باوكه‌ 

گۆرانیه‌ عاشقه‌كان ناڵێنه‌وه‌ .

مندالانی نیشتمانه‌كه‌ی من ،

هیچ شه‌وێ ،

به‌ ( شه‌وله‌بان ) و

(دێوه‌ مه‌مك گه‌وره‌ ) كه‌وه‌ خه‌و نابینن .

له‌وێ ...

له‌نیشتمانه‌كه‌ی مندا ،

گه‌نم هه‌یه‌ ،

برسێتی نا .

كانی هه‌یه‌ . 

تینوێتی نا .

ئاشتی هه‌یه‌ 

جه‌نگ نا .

له‌وێ ....له‌ نیشتمانه‌كه‌ی مندا 

نیشتمان هه‌یه‌ ،

نیشتمان .