ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیعری : ئیبراهیم هه‌ورامانی :

(1 ) 

خه‌تاكه‌ تۆیت ؟!

له‌وێنه‌كه‌دا ،

غه‌ریب ده‌رده‌كه‌وم .

ته‌نیایی ،

ئه‌م ده‌رده‌شی هه‌یه . 

***** 

(2 ) 

‌ژیان ،

چ سودێكی ده‌بێت .

ته‌نانه‌ت ،

ئه‌گه‌ر تا دواته‌مه‌نی گۆی زه‌ویش .

هه‌ناسه‌ بده‌م ....

پێبكه‌نم .....

گۆرانی بڵێم .

كاتێك من له‌بیری تۆدا نه‌بم . 

***** 

(3 )

كه‌ تۆ دێیت ،

ئه‌گه‌ر دڵێشم خۆش نه‌كه‌یت .

مردنم ،

له‌واده‌ی خۆی 

دوا ده‌خه‌ی .

(4 ) 

هیچ شتێك ،

ژیانی منی نه‌گۆڕی .

وا دڵخۆش بم

خۆشه‌ویستی ،

تۆ نه‌بێت .

***** 

(5 )

تكا ده‌كه‌م ،

له‌ته‌ك منا ڕاستگۆ مه‌به‌ ؟

نه‌با ،

به‌ڕاستی بڵێ ی ،

ده‌مه‌وێ ، 

بڕۆم .

***** 

(6 )

كه‌ تۆ دێیت ،

من دڵخۆش ده‌بم . 

وه‌ك بڵێ ی ،

خودا ،

دڵخۆشی لای تۆ جێهێشتبێ . 

***** 

(7 ) 

پیاوێكی فاڵچی نیم ،

به‌ڵام ،

ده‌زانم كه‌ی ژیان كۆتایی دێت .

كاتێك ،

من و تۆ 

یه‌كترجێ دێڵین .

***** 

(8 ) 

بیری هیچ كه‌س و 

جێگه‌یه‌ ناكه‌م .

بێ له‌تۆ و 

ئه‌و جێگایانه‌ی تۆم تیابینیوه‌ .

***** 

(9 ) 

ژیان ،

له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ ،

بێ ڕه‌نگ و

بێ تام و بێ بۆنه .‌

ئه‌وه‌ تۆیت 

چۆن بخوازیت ،

ژیانی من ...

شیرین ده‌كه‌یت 

یان تاڵ .

***** 

(10 ) 

كه‌م ڕۆژ هه‌یه‌ ،

بورجه‌كه‌ت 

نه‌خوێنمه‌وه . ‌

ده‌ڵێم : ئه‌مه‌ خوایه‌ 

با ئاگام له‌هاتنی بێ .!

*****