ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پشكۆ نەجمەدین

 

چیی تر، شیعرت بۆ نانووسم،

کۆپلەیەک ناکەم بە کەمان، لە گەردنتی بئاڵێنم،

گوارەی پەیڤێک، بە نەرماییی گوێچکەتەوە هەڵناواسم!

کە نیو سەدە، تۆوی حەرفێک، لەسەر سینەت شین نەبووبێ،

قەسەیدەیەک، بۆچ بکەم بە، دەرگاوانی دیوەخانت؟

چ خەسارەت، چ بێهوودە،

هەر چی کە بوو بە قوربانت!

بەهەشتی سەر ڕووی زەوین نیت،

جەهەنەمیت...

ماڵی تۆ، لێوڕێژە لە خوێن،

باخچەت، پڕ لە ژار و تریاک،

نەک جۆباری شیر و هەنگوین!

لەبن ئەشکەوتێکی تۆدا،

گۆزەی شەرابم نەبینی،

لە مێرگێکتا،

نەک حەفتا و حەوت،

حۆرییەکیش سەمای نەکرد!

بنبەرد، پڕ بوو لە ئەفسانەی جانەوەران،

پێدەشتەکانت، لێوانلێو، لە دهۆ و درۆی سەرداران!

وای نیشتمانی ناشیرین!

چیی تر، شیعرت بۆ نانووسم.

لەنێو ئامێزی خوێناوییت،

هێڕ و کەساس، سەری کاسم!

چەند لێت تووڕەم، نیشتمانە کڵۆڵەکەم!

تۆ نیشتمانی جەردە بوویت،

نەک ماڵی ئەڤیندارانت،

بۆ سیاسەتبازان خەزنە بوویت،

دۆزەخیش بۆ هەژارانت!

بە ترۆپکی تەمەنمەوە،

لافیتەیەک، لەسەربان ئەم پشتە کووڕەم،

لێی نووسراوە،

من لە خۆم و لە تۆش تووڕەم.

1ی نۆڤەمبەری2017