ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(1)

جاڵجاڵۆكه‌ ماڵه‌كه‌ی‌ ناچنێ،

ئه‌وه‌ چنینی‌ نێچرێكه‌ ،

هاورێبوون لای‌ خورافه‌یه‌ ..

چ كاره‌ساته‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌!!

(2)

ده‌ڤه‌ری‌ بێ ئومێدی‌ گه‌شتۆته‌ خنكان،

له‌كوێوه‌ ده‌ست هه‌ڵده‌بڕێ قامكه‌كانی‌ ئومێد؟؟

چ كاره‌ساته‌ خنكان له‌وشكایی‌!!!

(3)

له‌جۆگه‌له‌كانی‌ سیاسه‌تدا خوڕ خوڕ ده‌ڕۆن،

شه‌ڕ ده‌كه‌ن بۆ ده‌ریای‌ ئازادیی‌ ،

كه‌چی‌ له‌قوڕی‌ كۆیله‌ بووندا ده‌چه‌قن،

چ كاره‌ساته‌ ئازادیی‌!!

(4)

كه‌وتن ئه‌ژنۆی‌ پێكاوه‌ به‌تاریكی‌،

خه‌یاڵ خه‌ریكی‌ وڕێنه‌ ،

به‌رد سه‌ری‌ شكاوه‌ به‌نه‌رمی‌ ،

كه‌وتن وخه‌یاڵ و به‌رد

چ كاره‌ساتێكن له‌پووچی‌!!!

(5)

ده‌موچاوی‌ ژن پڕه‌ له‌باخ،

ڕوخساری‌ دره‌خته‌كان ته‌پوتۆزی‌ ڕه‌شه‌با،

چ كاره‌ساته‌ ژن گسك ده‌دات له‌سه‌وزایی‌!!!

ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی‌

سلێمانی‌ 10/11/2017