ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیعری : ئیبراهیم هه‌ورامانی 

(1)

هیچ كات ،

هێنده‌ی ئێستا .

ناوی خۆمم ،

لا شیرین نه‌بووه‌ .

كه‌ تۆ بانگم ده‌كه‌یت و 

ده‌ڵێ ی :

ئیبراهیم .

***** 

(2 )

تۆ بیر له‌ ڕۆشتن مه‌كه‌ره‌وه‌ ؟

تا من ،

هه‌ست بكه‌م 

ئه‌م ژیانه‌ تامێكی تاڵی نییه‌ .

***** 

(3)

ژیان خۆشه‌ ،

به‌ڵام ،

له‌ نیشتمانێكی تردا .

هه‌وای ئێره‌ 

ته‌واو بۆ گه‌ن بووه‌ .

***** 

(4)

ئێستا ،

تێده‌گه‌م .

بۆ نیشتمانم خۆشده‌وێ ؟

به‌هانه‌كه‌ ،

تۆیت !

***** 

(5)

شوێن ،

پێكانی ،

تۆم هه‌ڵگرتوه‌ .

به‌شوێن به‌خته‌وه‌رییه‌وه‌م .

***** 

(6)

زۆر شت هه‌ن ،

به‌ تۆوه‌ 

جوانن .

بۆ نمونه‌ 

دڵ و 

چاو و 

ڕێ ڕۆشتنه‌كانی من .

***** 

(7)

خه‌و ده‌بینم و

تۆ له‌و سه‌ری شه‌قامه‌كه‌وه‌ 

ده‌رده‌كه‌وی .

گرفته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ 

من ده‌زانم ،

خه‌ون ده‌بینم .

***** 

(8) 

تامی یه‌ك به‌یه‌كی ڕۆژه‌كانی ساڵم كردوه‌ .

ڕۆژه‌كانی هه‌فته‌ ...

ڕۆژه‌كانی مانگ ...

ڕۆژه‌ دورودرێژه‌كانی وه‌رز 

هه‌موو ئه‌و ڕۆژانه‌ ،

چه‌ند تامێكی تفت و تاڵیان هه‌بوو .

بێ له‌و ڕۆژه‌ تاكانه‌ی ،

تۆ ده‌هاتی و 

به‌مشتێ خه‌نده‌ وه‌ 

شیرینت ده‌كردن .

***** 

(9)

شتێكت پێ بڵێم ،

ده‌زانی 

ئه‌گه‌ر تۆ 

به‌م شێوه‌یه‌ ژیانت لا شیرین نه‌كردبام .

له‌بیری ئه‌وه‌دا بووم 

به‌ فیشه‌كێكی ،

ژه‌نگاویی 

كۆتایی به‌ ژیانم بهێنم .

گه‌شتومه‌ته‌ ،

ئه‌و بڕوایه‌ی 

ژیانم به‌ ده‌ستی تۆیه‌ .

***** 

(10) 

تۆ دێیت و 

به‌هار نایه‌ .

پاییز ...

زستان ...

هاویین نایه‌ .

تۆ له‌بری هه‌موو وه‌رزه‌كان هاتویت .

***** 

(11)

مه‌رگ تامێكی تاڵی هه‌یه‌ .

تاڵ ...

تاڵ ...

تاڵ ...

زۆربه‌ی به‌یانیانێكی زوو ،

من تامم كردوه‌ .

به‌تایبه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی ،

منداڵه‌كه‌م ،

به‌رله‌چوونی بۆ قوتابخانه‌ ، ده‌ڵێ :

بابه‌ پاره‌ت پێ یه‌ ؟

***** 

(12)