ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

-----------------------كەریم دەشتی

ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ مناڵبووین، ئاوی بارانمان ئه‌خوارده‌وه‌

ئێمه‌ هاوسێی یه‌كتری بووین سوێندمان به‌سه‌ری یه‌كتر ئه‌خوارد

ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌چوینه‌ قوتابخانه‌و گۆرانیمان بۆ یه‌كتر ئه‌چڕی

له‌ كۆڵانه‌كان شه‌ڕه‌ په‌لكه‌ شوتیمان ئه‌كرد

به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌چوین ئیمتحانمان ئه‌دا و كارتمان وه‌رئه‌گرته‌وه‌

قۆپیه‌مان ئه‌كردو له‌یه‌كمان ئه‌شارده‌وه‌

كتێبی یه‌كتریمان ئه‌دزی و قه‌تاته‌ی یه‌كتریمان ئه‌شكاند

به‌یه‌كه‌وه‌ مورتكی شه‌قامی نه‌خۆشخانه‌ی جمهوریمان ئه‌خوارد

نامه‌ی عه‌شقی مناڵیمان بۆ مه‌عشووقه‌كانی خۆمان ئه‌برد

ئێمه‌ گه‌وره‌بووین یه‌كتریمان ون كردو یه‌كتریمان نه‌دۆزیه‌وه‌

پاشان به‌یه‌كه‌وه‌ چوینه‌ شاخه‌كان

ساڵ دوانزه‌ی مانگ نانی ره‌قمان ئه‌خوارد

ئێمه‌ له‌یه‌ك سه‌نگه‌ر بووین خوێنمان بۆ یه‌كتری ئه‌ڕشت

به‌یه‌كه‌وه‌ هاتینه‌وه‌ شار ژنمان بۆ یه‌كتری ماره‌ ئه‌كرد

به‌یه‌كه‌وه‌ مناڵمان هاته‌ دی ناوی كوردیمان لێئه‌نان

گه‌وره‌بووین و به‌ ساڵدا چووین و هه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ بووین

ئێستا ئاخ ئێستا هه‌ر هه‌موومان ته‌نهاین

له‌ ناو جاده‌و بازاڕو مه‌یدانه‌كان ئه‌سووڕێنه‌وه‌

ئاخ هه‌ڵئه‌كێشین و له‌ كۆستی یه‌كتری ئه‌بوورێینه‌وه‌

(میهره‌بانی چی به‌سه‌رهات

میهره‌بانان چوونه‌ كوێ؟