ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نیشتمانم له‌وه‌ته‌ی‌ تۆ هه‌یت ،

من باجی‌ بوونت ئه‌ده‌م..

هه‌موو شتێكم كرد تاتۆم هه‌بێت..

تۆ سه‌یركه‌ ڕۆژانه‌ پاییز له‌خۆم زیز ده‌كه‌م

به‌گسك به‌رده‌بمه‌ ته‌رمی‌ گه‌ڵاكان..

هاروهاجی‌ مناڵه‌كان ده‌ڕوشێنم،

به‌رد نه‌گرنه‌ بۆقه‌كان ،

به‌دارلاسیك شوشه‌ی‌ ئاسمان مه‌شكێنن

بانیشتمان باڵه‌ فڕ بێت..!

زه‌وقی‌ كچه‌كان قڵپ ده‌كه‌مه‌وه‌،

پێیان ده‌ڵێم :به‌له‌نجه‌ولار حورمه‌تی‌ 

شه‌قامه‌كان مه‌شێوێنن/شه‌قامه‌كان دڵی‌ نیشتمانن..

شێتیم ده‌خه‌مه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌وه‌و به‌هاوڕێكانم ده‌ڵێم:

هه‌ر سه‌وزاییه‌كتان بینی‌ ،به‌تۆپه‌ڵ سڵاوی‌ تێبگرن

ئه‌وان هه‌ناسه‌ی‌ نیشتمانن..!!

ماندوو بووم نیشتمان له‌ناوت له‌خۆت،

بریا شه‌ڕه‌پشیله‌ی‌ وێنه‌كێشانی‌ ،

منالێك بویتایه‌ ناوی‌ تۆم بیرچووایه‌..

چ ناته‌باییكه‌ نیشتمان من

هه‌موو شتێكم كرد تاتۆم هه‌بێت ،

كه‌چی‌ تۆ ڕشانه‌وه‌ی‌ تفه‌نگت پێدام ،

نووستنی‌ كه‌لاوه‌ت پێ به‌خشیم ،

له‌چاڵی‌ قیژه‌ی‌ عه‌رعه‌را وونتكردم،

له‌هه‌ناری‌ هه‌له‌بجه‌دا منت خنكاند،

له‌نه‌زیفی‌ شه‌نگالا كچێنیم وردو خاشبوو..

چ مه‌رگه‌ساتێكه‌ نیشتمان

تۆله‌دڵما سه‌وز بوویت و 

كه‌چی‌ تۆ منت له‌بار چوو..!!!

ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی‌

سلێمانی‌ 22/12/2017