ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە دەقی (لە گۆڕی کەسێکدا)

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

لە گۆڕستاندا بەفر ببارێ،

مردووەکان،

سەرمایان دەبێ.

لە گۆڕەکەم دێمە دەر،

چاکەتم لە سەر گۆڕێکی دی

دادەنێم،

هەوا پڕ دەبێ لە ئاسن...

ئانیشکم لەسەر کێلی خۆم دادەنێم،

رۆژانی دوور

دەبدەبەن

هەڵیان بدەم

دەتەقن.

کەسێ لە دوورەوە دێ،

بڵێی من بم، لە هزری ئەوانیدیکەدا؟!

جولەی تەرمێک، لە گەردووندا بەردەوامە،

بڵێی من بم، لە بەردەم ئەوانیدیکەدا؟!

ل39-42

کۆمەڵە شیعری (بێ ئەو پەیڤانە، رابەر فاریق، هەولێر 2012)

پێشەکی:

پەیوەندی دیالێکتیکی نێوان زمان و فیکر وەک (مۆریس میرلۆپۆنتی 1908-1961) جەختی لێدەکاتەوە، بیرکردنەوەی بێدەنگیش وەک ژیانی ناوەوە یان مۆنۆلۆگی نێوان خود و دەروون دەبینێ، بەو مانایەش زمان و فیکر بوونێکی پەیوەندار و هاوپەیوەست و بەنێویەکداچوو پێکدەهێنن… لێرەوە وەک تێزە زمانەوانییە هاوچەرخەکان دانیپێدادەنێن هیچ زمانێک بێ فیکر نییە و هیچ فیکرێک بێ زمان بەڕێوە ناچێت، لە سەر ئەو بنەمایە لە خوێندنەوەی قەسیدەی (لە گۆڕی کەسێکدا)ی (رابەر فاریق)دا دەتوانم بڵێم کۆپلەی یەکەم وەک (دەسپێک) پێمان دەڵێت لێرە مردن و ژیان وەکو یەکن؟! بەفری زیندوو بە سەر گۆڕستانی مردوواندا دەبارێت، بەڵام مردووەکان سەرمایان بێت، یان گەرما، خەمبار بن بە بەفر بارین، یان دلشاد.... هیچ بە ئێمە ناڵێن؟! مردووەکان بجولێنەوە یان نەجولێنەوە نە هیچ لە کۆپلەی دووەم، نە هیچ لە شێوەی ئەبسترکتی ئاسن، نە هیچ لە کۆپلەی سێیەم و شێوەی ئەبسترکتی میزڵدان دەگۆڕن... 

ئاسن ژەنگ دەگرێ و دەبدەبە با دەگرێ، یەکەمیان دەنگدانەوەی ئاسایی خۆی هەیە و دووەمیان کە زۆر پڕ بێت، دەتەقێ... دەنگدانەوە و تەقین، ئاسایی و نائاسایی، لە کۆپلەی چوارەم لە ئاسن و میزڵدان دەبێتەوە و دەکەوێتە نێوان (من) و (ئەوانیدیکە)، ئەوەی دەبدەبەیە منم، ئەوەی ئاسنە ئەوانیدیکەیە! منی نائاسایی و ئەوانیدیکەی ئاسایی... ئەوەی دەتەقێ منی نائاسایی و ئەوەی دەنگدانەوەی هەیە ئەوانیدیکەی ئاساییە؟! بەڵام ئاسایی و نائاسایی شێوەی رووتی زمانە، لەو شێوە رووتەی زماندا نە (ئەوان) دەبنە ئاسن نە (من) دەبێتە دەبدەبە... 

پەیامی ئەو دەقە ئەوەیە من دەمرم، ئەوانیدیکە دەژین؟ پرسیاری زمان ئەوەیە بڵێی کەس بیر لە منی (شیعر)، منی (بەتاڵ) بکاتەوە؟ ئەوەی پرسیار قبول ناکات، دەشێ منی (شیعر) منی (مردوو) لە هزری ئەوانیدیکەدا توانای ژیانم هەبێت؟ ئەوەی پرسیار قبول ناکات، ئەوەیە شیعر بە مردوو دانانرێت، ئەوەی پرسیار قبول دەکات پەیوەندی منی مردوو و ئەوانیدیکەی زیندووە...

دەقی (لە گۆڕی کەسێکدا)ی رابەر فاریق لە رووی جولە و ریتم و داڕشتنەوە تەعبیرییە و گوزارشت لە گۆڕینی شێوەی پەیوەندی مردووان و زیندووان، شیعر و زمان دەکات، بەڵام لە رووی مانای وشەوە شێوەی ئاسن، شێوەی میزڵدان ئەبستراکتە و پشت بە خەیاڵی خوێنەر دەبەستێ، واتە جولەیەکی تەعبیری لە رێگای مردووە/ زیندووەکانەوە دەکێشی و ماناکانیان لێ دادەماڵێ و رووتیان دەکاتەوە، بۆ ئاسن و میزڵدان، هەر لەو رێگایەشەوە جولە بە گومان و خەیاڵەکانی خوێنەر دەدات...

کەواتە قەسیدەی لە گۆڕی کەسێکدا دەچێتە خانەی شێوازی تەعبیری ئەبستراکتەوە... شاعیر هەوڵدەدات بە دوورترین خاڵی هەستکردن بە واقیع و بە وشەی رووت و بەرکەوتنی خەیاڵی خوێنەر بگات، بەڵام ون نابێت و پشت بە کەلەپوری درەوشاوەی دنیایی دەبەستێت، پشت بە بەردەوامی جولەی گەردوون لە لایەک و جولەی شیعر لە لایەکی دیکە دەبەستێت... دەمەوێ بڵێم ئەو قەسیدەیە ئەبستراکتی تەعبیری درەوشاوەیە، واتە لە رووی گوزارشتەوە رۆناک خۆی نیشان دەدات و لە رووی رووتی ماناوە شێوەکانی بوون دیاری دەکات، ئەگەر ئەو قسەیە تەرجەمەی قەسیدەکە بکەم دەڵێم گوزارشت لە مردن لە چاوی زیندووان دەکات... بە مانایەکی دیکە ئەوە بونیادی جولەی ئەبستراکتە، پێکهاتەی رستە لە بوونی (گۆڕستان، مردن، ئاسن، دەبدەبە، چاکێت) دیاری دەکات، دووبارە دەڵێم لە دنیای بەتاڵی شیعرییٍدا نەخشکردنی کاری ئەدەبی لە جولەوە سەرچاوە دەگرێ (جولەی جێگیر بوون لە چاو جێگیر نەبوون)دا، بەڵام لە گێڕانەوەی واقیعی دەرەوە (وەک خۆی) دوور دەکەوێتەوە.

من شیعرم، ئەوانیدیکە زمان

داڕشتنی چیرۆکی من شیعرم و ئەوانیدیکە زمان لە میانی ئەو دەقەدا بەشێکی زۆری پەیوەندی بە دوو رووی شیعر و زمان وەک دوو رووی دراودا هەیە، پەیوەندی بە سنورەکانی مەعریفەی شیعری و سنورەکانی خەیاڵی زمانەوە دەکات، مرۆڤ دەکەوێتە نێو زمانەوە، شیعر دەکەوێتە نێو جوانی... دەمەوێ بڵێم هەتا ئەوانیدیکە وەک زمان نەبینین، هیچ ئەرکێکمان بەرانبەر (شیعر) لەسەر شان نییە، بە دیوەکەی دیکە (زمان/ ئەوانیدیکە) بە خۆڕایی خۆیان دەخەنە بەر دەستمان، هەتا بە کاریان بهێنین، هەر ئەوەندە قبوڵمان کردن ئیتر داگیرمان دەکەن، کەواتە وەک چۆن دەکەوینە نێو زمان، لە هەمان کاتدا دەکەوینە نێو ئەوانیدیکە... وەک دەبینین لە مامەڵەی نێوان من و ئەوانیدیکە، شیعر و زمان خاڵی ناکۆک ناچاربوونە، مرۆڤ بە ناچاری دەکەوێتە نێو زمان، مرۆڤ بە ناچاری دەکەوێتە نێو ئەوانیدیکە، مرۆڤ بوونەوەرێکی زمانییە، وەک چۆن بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، کەواتە کاتێک ناچار دەبین ئەو شتەی بەسەرماندا سەپێنراوە قبوڵی بکەین، ئیتر کۆنترۆڵکراوین، زمان کۆنترۆڵمان دەکات، ئەوانیدیکە کۆنترۆڵمان دەکەن، شیعر جوانی لێدەڕژێ... ئەو هاوکێشەیە پەیوەندی بە نەستەمانەوە هەیە، پەیوەندی بە ئارەزووە تێرنەکراوەکانمان هەیە، یان پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێمە ئارەزووە تێرنەکراوەکانمان یان چەپێنراوەکانمان دەخەینە (نەست - ناهۆشمەندی)یەوە، هەتا ناهۆشمەندی پاڵمان پێوەنەنێت، هەتا ئارەزووەکانمان پاڵمان پێوەنەنێت، بە هیچ شتێکەوە پابەند نیین!

وەک دەزانین ئارەزوو ئاڕاستە و رووییەکی دیاریکراوی نییە، بەڵام کە ئارەزوو پاڵی پێوەناین، ئیتر کۆنترۆڵمان دەکات، دەزانین زمان ئاراستە و رووییەکی دیاریکراوی نییە، بەڵام کە کەوتینە ناوییەوە، ئیتر کۆنترۆڵمان دەکات ... هەموو ئەو قسانە لای (ژاک لاکان 1901-1981) لە رستەی (نەست لە زمان رسکاوە) کورت دەکرێتەوە، بەو مانایەش زمان وەک ئارەزوو ئاڕاستە و روویەکی دیاریکراوی نییە، وەک چۆن شیعری داهێنەرانە ئاڕاستە و روویەکی دیاریکراوی نییە، مرۆڤ نە ئارەزووەکانی تەواو دەبن و نە ئارەزووەکانی پڕ دەبنەوە! زمان نە تەواو دەبێت، نە پڕ دەبێتەوە...

کەواتە ئەوەی من و ئەوانیدیکە بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە، ئەوەی شیعر و زمان بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە، ئارەزووەکانمانن! ئارەزووەکانمان بۆ شیعر لە جوانییەوە هەڵدەقوڵێ، ئارەزووەکانمان بۆ ئەوانیدیکە لە فیکرەوە هەڵدەقوڵێ، بەڵام ئەوەی شیعر و زمان، من و ئەوانیدیکە لێکجیا دەکاتەوە، ناکۆکییە شاراوەکانی زمان و ناکۆکییە شاراوەکانی ئەوانیدیکەیە، زمان کۆمەڵێک شاراوەی خۆی هەیە، مرۆڤ کۆمەڵێک شاراوەی خۆی هەیە، شیعری زیندوو ناکۆکییەکانی لە ناوەوەی خۆیدا هەڵگرتووە، مرۆڤ لە ژیاندا هەڵگری ناکۆکییە، ئەو ناکۆکییانە لە ناوەوەماندایە و هەمیشە داگیرمان دەکات، ئەوەی هەمیشە داگیرمان دەکات، فیکر و جوانییە...

چاکەتم لە سەر گۆڕێکی دی

دادەنێم

ئانیشکم لەسەر کێلی خۆم دادەنێم

شەڕی نێوان وشە و واقیع

کەسێ لە دوورەوە دێ،

بڵێی من بم، لە هزری ئەوانیدیکەدا؟!

کەسی نێو ئەو قەسیدەیە، کەسی نێو گۆڕستانە و لە رێگای خەیاڵی وشەوە هەستی پێدەکەین، بەڵام ئەوانیدیکە لە واقیعەوە هەستیان پێدەکەین، شەڕی نێوان وشە و واقیع، شەڕی نێوان زمان و شیعرە... کەسی نێو واقیع و کەسی نێو خەیاڵی وشە دوو هەستی جیاوازمان دەداتێ، یەکەمیان دەستی لێدەدەین، دووەمیان بیری لێدەکەینەوە... بەڵام نەک بەو مانایەی کە زمان خەیاڵییە و شیعر واقیعییە، بەڵکو بەو مانایەی کە مەودای زمان هەمیشە لە خەیاڵی بەرەوپێشچووندایە و مەودا شیعر لە جێگیربوونی جوانیدایە!

زمان لە خەیاڵی دوور مەودا دایە، بەو مانایەی کە شیعر دەکەوێتە سنوری مەعریفەیەکی دیاریکراو و جوانییەکی بەرجەستەکراوەوە، زمان دەکەوێتە بێ سنورییەوە، شیعر لە راڤەکردنی جیاوازیدایە، زمان قسە بە جیاوازییەکان دەکات، جیاوازییەکان قسە بە شیعر دەکەن، زمان هەمیشە ماناکان بە جێدەهێڵێ، شیعر هەمیشە ماناکان کۆ دەکاتەوە، زمان هەمیشە لە خۆ بەتاڵ کردنەوەدایە، شیعر هەمیشە جیاوازییەکان کۆ دەکاتەوە، ئەگەر بشێ تێگەیشتنێکی (لاکان) لە بارەی گوتەزاکەی (رێنێ دیکارت 1596-1650، من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم) تەرجەمەی سەر شیعر و زمان بکەین، ئەوە دەشێ بڵێین شیعر بیر دەکاتەوە، لە شوێنێ کە هەیە! بەڵام زمان لەو شوێنە نییە کە بیر دەکاتەوە، زمان بیر دەکاتەوە لە شوێنێ کە ئەوی لێنییە! کێ بیر دەکاتەوە شیعر یان زمان، زمان لە شیعردا بیر دەکاتەوە؟ یان شیعر لە زماندا بیر دەکاتەوە؟

ئەو کاتەی شیعر بیر دەکاتەوە ئەوە لە بیرکردنەوەدا جگە لە (کۆپیکردن) شتێکی دیکە نییە، کاتێک زمان بیر دەکاتەوە ئەوە لە بیرکردنەوەدا جگە لە (داهێنان) شتێکی دیکە نییە، هەرگیز شیعر رێگایەکی نوێی بۆ بیرکردنەوە نییە، بەڵکو هەمیشە زمانێکی دیکە رێگای بیرکردنەوەی پێنیشان دەدات، شیعر دەبێ ملکەچی زمان بێت... شیعر و زمان هەردووکیان لە یەک سەرچاوەوە ئاو دەخۆنەوە، بەڵام بە دوو شێوەی جیاواز، دەشێ زمان سیفەتی هەڵم وەرگرێ، شیعر سیفەتی هەور، هەڵم دەچێتە ئاسمان دەبێت بە هەور، هەور دەبارێ و جوانی دەبوژێنێتەوە... 

کەسێ لە دوورەوە دێ،

بڵێی من بم، لە هزری ئەوانیدیکەدا؟!

شیعری پڕ، زمانی بەتاڵ

منی شاعیر بەر لەوەی منی شیعر لە پێناو شتێ ئاڕاستە بکات، بەر لەوەی شیعر پڕ بکات لە شت، بەر لەوەی شیعر بار بکات، لەسەریەتی بڕیار بدات کەوا بە شێوەیەکی شاعیرانە لە ماڵی زماندا نیشتەجێیە، دەبێ بڕوای بەوە بێ ئەوە زمانە قسان دەکات، دەبێ بڕوای بەوە بێ ئەوە زمانە هەمیشە لە پێشکەوتندایە، دەبێ بڕوای بەوە بێ ئەوە زمانە هەمیشە کار لەسەر دواخستنی مانای کۆن و دۆزینەوەی مانای نوێ دەکات، هەمیشە بیرکردنەوەی مرۆڤ دەکەوێتە نێو خەیاڵی زمانەوە، بەڵام زمان تەواوی دنیای خەیاڵ دابەش و پارچە پارچە دەکات، شیعر پڕشنگی جوانی پارچەکانی خەیاڵە! دەتوانم بڵێم دابەشبوونی ئەو دەقە لەو تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێ و لە سەر ئەو بنەمایە خۆی دەنەخشێنێ! 

لە کۆپلەی یەکەم بەفر خەیاڵی خوێنەر بەرەو ژیان و مردن کێش دەکات، بەفر زیندووە مردووەکان تووشی سەرما دەکات، لە کۆپلەی دووەم مردووییەک وەک زیندوو دەرگای ماڵی مردن دەکاتەوە و چاکێتەکەی لە سەر دیواری ماڵە دراوسێیەکەیان دادەنێ و هەوا پڕ دەکات لە ئاسن... شاعیر هەموو ئەو پارچانەی دنیا لە یەکنزیک دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئێمە خوێنەر ئاوڕ لە جوانییەکانی ژیان بدەینەوە؟! لە کۆپلەی سێیەم کەسێ لە بەر دەرگای ماڵەکەی ئانیشکی خستۆتە سەر ژیان و بیر لە رابردوو دەکاتەوە و لە پڕ مردن وەک دەبدەبە روو بە رووی دەتەقێتەوە! لە کۆپلەی چوارەم ژیان و مردن بەردەوامە، مردن لە ژیان و ژیان لە مردن نابێتەوە ، ئەو بیرکردنەوەیە ژیان لە خەیاڵ و مردن لە واقیع دەنەخشێنێ، ئەو خەیاڵ و بیرکردنەوەیە رەشدەچێتەوە. 

کەواتە بەردەوام هەمووان وەک ئەکتەر لە نێوان بەفر و گۆڕستان و بیرکردنەوە رۆڵەکانی مردن و ژیان دەگێڕین، ئەو دیدە مەیلێکی رۆحی تێدایە، لەوێوە کە هەوڵدەدات خوێنەر درەوشانەوەی بینراو لە پێناو نەبینراو بەرجەستە بکات، بەو مانایەش رۆناکی خستنە سەر بینراو لە پێناو بینینی نەبینراو گوزارشت لە دنیابینییەک دەکات، کە بایەخی مردن لە ژیان وەک وێنەیەکی بێ پەردەدا ئاشکرا دەکات، بە مانایەکی دیکەش دنیای خەیاڵ دابەش و پارچە پارچە دەکات و لە رێگای لادانی زمان و درەوشانەوەی وشە و خرۆشانی خەیاڵ هەوڵی خۆ دۆزینەوە دەدات، بۆ ئەو خۆ دۆزینەوەیەش پشت بە کەلەپوری درەوشاوەی دنیایی دەبەستێت، پەیوەندییەکی بوونگەرایی لە نێوان ژیان و مردن، من و ئەوانیدیکە، شیعر و زمان... دروست دەکات!

بە کورتی:

دەقی (لە گۆڕی کەسێکدا)ی (رابەر فاریق) دەکەوێتە نێو دنیای بەتاڵی شیعر و شێوازی نوسینی تەعبیری ئەبستراکتی (درەوشاوە)ەوە و لە جولەوە سەرچاوە دەگرێ و لە گێڕانەوەی واقیعیانە خۆی بە دوور دەگرێ، واتە لە رێگای گوزارشتکردنەوە دنیابینی و لە رێگای جولە و پڕشنگی وشەوە جوانی شیعری بەرجەستە دەکات.

ئەو قەسیدەیە، لە رووی تەعبیرییەوە خۆی رۆناک نیشان دەدات، لە رووی ئەبستراکتەوە تەمومژی لەخۆدا هەڵگرتووە! شاعیر هەوڵدەدات بە دوورترین خاڵی هەستکردن بە واقیع و هەستکردن بە وشەی رووت و بەرکەوتنی خەیاڵی خوێنەر بگات، بێ ئەوەی ون بێت، پشت بە بەردەوامی جولەی گەردوون لە لایەک و جولەی شیعر لە لایەکی دیکە دەبەستێت... پێماندەڵێت مردن و ژیان وەکو یەکن؟!

هەولێر 12/9/2017

 

  • 1