ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیعری : ئیبراهیم هەورامانی

(1 )

من كاتژمێرم نییه !!!‌ 

نه‌ پێویستم ،

به‌كات هه‌یه‌ و 

نه‌ده‌مه‌وێ ،

بزانم كات چه‌نده‌ ؟

له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌شتومه‌ته‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی 

كه‌ تۆ نه‌بی ،

كات هیچ گرنگیه‌كی نییه .

**** * **** 

(2 )

‌قوتابیه‌كی فاشیل بووم . 

له‌ كرێكاری ،

بیناسازیشدا هیچ فێر نه‌بووم . 

نه‌شمتوانی ،

له‌لای مه‌لای مزگه‌وتی گه‌ڕه‌كێ 

ئاواتی باوكم ،

به‌دیبێنم . 

هیچم نه‌ده‌زانی ،

ئه‌وه‌ نه‌بێت ... 

كه‌ تۆم بینی ،

زانیم ... 

ده‌بمه‌ عاشقێكی سه‌ركه‌وتو .

**** * **** 

(3 ) 

تۆ به‌هانه‌یه‌كی ،

باش بویت . 

بۆئه‌وه‌ی خودا من بخولقێنێ .

***** * **** 

(4 )

كه‌ تۆ دێیت ،

زۆر شتم بیر ده‌چێته‌وه .‌ 

به‌تایبه‌ت ،

بیر كردنه‌وه‌ ،

له‌كۆتایی بوونی ژیان .

**** * ***** 

(5)

هه‌ندێكجار ،

دروكردن ،

تامێكی شیرینی هه‌یه .‌ 

وه‌ك تامی گێلاس .... 

به‌تایبه‌ت ،

ئه‌و كاتانه‌ی به‌درۆوه‌ 

من دێم و

بڕیاره‌ تۆش بێیت .

(6) 

وشكه‌ ساڵییه .‌ 

په‌تایه‌كی كوشنده‌ بڵاوبۆته‌وه .‌ 

گرانی و 

قاتوقڕییه .‌ 

به‌ده‌ر له‌م هه‌موو نه‌هامه‌تیانه‌ 

غه‌ریبی كردنی تۆش ،

بابوه‌ستێ .!

***** * ***** 

(7 ) 

هه‌مووشتێ ،

ته‌نانه‌ت حیكایه‌ته‌كانی نه‌نكیشم 

له‌بیر خۆم ده‌به‌مه‌وه .‌ 

نه‌وه‌ك تۆ ،

له‌یادم بچیته‌وه .‌ 

 

  • 1