ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

غەمگین بۆڵی

 

خۆنووسینەوە، هیچ میتۆدێكی دیاریكراوی نییەو هیچ ئیمانێكیش لەخۆیدا كۆناكاتەوە، تەنانەت سەر بەهیچ رووگەیەكی دیاریكراویش نییە. دەشێت خۆنووسینەوە وەك بەڕەڵڵاكردنی هەوەس بێت. كەواتە شتێك نامێنێتەوە بۆ چەمكی ( ئەخلاق)یش. بۆیە ئەگەر بۆ ئەخلاق لەم نووسینەدا دەگەڕێت، مەگەڕێ! چۆن شاپ لە ئەخلاق دەدەم.

شاپ لە ئەخلاقی ناو ئەو نووسینە دەدەم.

لە سەرەتاكانی نووسینمدا نووسەرێكی ئیمانداربووم بە رێچكەی قوتابخانەكان و ئایینی بیرمەندەكان. چواردەوری خۆم پڕ كردبوو لە رووگە پیرۆزەكان و سنوورەكانی ئەخلاق. بۆیە ئێستا بەیانی ئەوە دەكەم، كە ئەوەی ئەخلاقی نووسینە هەڕاجی دەكەم. نووسین دەبێت بەرانبەر هەموو رێچكەیەك بێ ئەخلاق بێت و شەقێك لە ئەخلاقی هزری باو و ئایینی قوتابخانەكان و قۆناغەكان بدات. ئاخر ئەخلاق چییە؟ ئەخلاق پۆشینی جلوبەرگی سەردەم و زەمەنەكانی پێش ئێمە بووە. كڵاوی باپیری باپیرە گەورەم، پێڵاوی باوكی باپیرەم، قەمیسكی باوكم، چەفیەی دایكی باپیری دایكی دایكم. ئەو هەموو پۆشاكە دەبێت وەك ئەوان بیانپۆشین. وەك ئەوان بیریان لێ بكەینەوە، وەك ئەوان بە پیرۆز لێیان بڕوانین. من یاخی دەبم و هەموو پۆشاكەكانی دادەڕم! 

ئەخلاق لەم نووسینەدا بە شاپ فڕێدەدەمە دەرەوە. خۆم بریار لەسەر شتەكانم دەدەم و خۆم دەبمە چەقی هەموو شتەكانی خۆم. ئیتر بۆم گرینگ نییە بەتەنیابم، بۆم گرینگ نییە لەبەر بێ پۆشاكی كەس سەیرم نەكات، لەبەر بێ پۆشاكی نووسین، كەس ئەم نووسینەم نەخوێنێـتەوە. خۆم بە رووت و قووتی و بەتەنیا لەناو ئەم نووسینەدا پیاسە دەكەم. لێرەوە نەخەمی پۆشینی جلوبەرگم هەیە، نەخەمی پارە پەیداكردن.

ئۆههههه پارە!

هەزارانجار تڤم بە پارە داكردووە، كە بۆچی تەنیا یەك تاقەچاویشی نییە و بە نابینایی دروستییان كردووە؟ پارە! تۆ ئەگەر تاقە چاوێكیشت هەبوایە بەس بوو، هەر هیچ نەبایە نەدەچوویتە ناو گیرفانی هەموو كەسێكەوە. من تۆم تەنیا لەبەر ئەوە خۆشدەوێت وەسیلەیەكی بۆ ژیان. لەوە عەیبتر چی؟ لەبەر بێ پارەی هەزارانجار كتێبم دزیوە! هەر لەدڵی خۆمدا دزینی كتێبم حەڵاڵ كردووە. 

نازانم ئەوە چییە لێم ناگەڕێت و بەردەوامیم پێدەدات، هەمیشە شەڕە لەلام، شەڕمە لەگەڵ خودی خۆم. ئەوە درۆیەكی دیكەی نووسەرە درۆزنەكانە كە دەڵێن:" كتێب باشترین هاوڕێی مرۆڤە! ". 

زۆرجار كتێب دەبێتە خراپترین دوژمنی مرۆڤیش. وەك چۆن عەشق دڕندە دەكاتە مرۆڤ و مرۆڤیش دەكاتە دڕندە. هەمیشە ماڵەكەمان پڕە لە شەڕ، وشەكان لە ناو خۆیان بەشەڕ دێن، دەستنووسەكان بەرۆكی كتێبەكان دەگرن، پێنووسەكان نووكی یەكتری دەشكێنن، كتێبەكان بەرگی یەكتری لێدەكەنەوە، یادەوەرییەكان ئاوی بەلووعەی ماڵ دەكەنەوە و خۆیان لە خەیاڵەكان بسمیل دەكەن. ئاوێنە هەمیشە چاو لە وێنەكەی ناویدا سوور دەكاتەوە. تاریكی دەستی بە خوێنی ئەجندەكان سوور و سپی دەكات، هێندە شەڕ لە ژوورەكەم كراوە، بوونی خۆشم لەبەرچاو كەوتووە! تەنانەت زۆرجار شەڕە و واهەست ناكەم ئاژاوەیەك هەیە. شەڕێكی شێت ژوورەكەمی مارە كردووە و تا مردن ئەم جەنگە ناوەستێنێت. ئەمە كتێب بوو ئەم جەنگەی بەرپا كرد، هەر كتێبیش دەبێت ئەم جەنگە بوەستێنێت! تازە شەڕیش هیلاكبوو لە شەڕكردنم، ئێستانەكینێ خۆزگەی ئەوە دەخوازم خەونێكی دوور و رێژ و قووڵ قووڵ بمباتەوە، ئاخر دڵنیام ئەم شەڕە ناوەستێت!

دەمەوێت هەموو ئەو شتانەی دەچنەوە سەر ڕەچەڵەكی كتێب بیان سوتێنم. دڵم بكەم بە (غەسالە)یەك و هەرچی نووسینە بیخەمە ناوییەوە، وشەكان لەسەر لاپەڕەكان نەهێڵم و لاپەڕەكان سپی سپی بكەمەوە. شەقێك لەم نەخۆشییەم بدەم و لە پەراوێزترین گۆشەی ئەم دنیایەدا، جێگایەكی دوور لە كتێب ڕابخەم. دەمەوێت لە پێناوی مەرگێكی پڕ ژیان بنووم .

ئەم نووسینە بەردەوامی دەبێت.