ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیعری : ئیبراهیم هه‌ورامانی

كاتێك له‌ تاران بووم 

به‌ دڵێكی پڕه‌وه‌ ...

ئه‌و هه‌موو شه‌قامه‌ دورانه‌ .

ئه‌و هه‌موو پاركه‌ ڕه‌نگ سه‌زو دڵگیرانه‌ .

ئه‌و هه‌موو كیژه‌ ،

ناسك ونازدارانه‌ .

ژیریان نه‌ده‌كردمه‌وه‌ .

له‌و غه‌ریبیایه‌ته‌ ،

چه‌ند ڕقم له‌ (با ) ده‌بویه‌وه‌ .

ده‌ترسام بێت و 

به‌یه‌خه‌ی چاكه‌ته‌كه‌مه‌وه‌ ،

بتدۆزێته‌وه‌ و 

بت فڕێنێ .

ئای مه‌حبویه‌ 

ئه‌و هه‌موو كچه‌ جوانانه‌ 

كه‌ به‌روسه‌ریه‌كی ته‌نك و 

به‌دو چاوی خومار و 

به‌له‌نجه‌ و لارێكی ،

عاشقانه‌وه‌ 

ده‌هاتن ...

هیچیان بۆنی تۆیان لێوه‌ نه‌ده‌هات .

هیچیان دڵیان نه‌ده‌دامه‌وه‌ 

هیچیان 

هیچان 

ئای مه‌حبوبه‌ .

خۆری ئه‌م شاره‌ كاڵه‌ ،

گۆڵی باغچه‌كانی ، 

له‌ گوله‌كانی باغچه‌كه‌ی تۆ ناچن .

من له‌ بێ تۆیدا ،

هێنده‌ غه‌ریبم ،

بومه‌ته‌ گۆرانی بێژ ..

به‌ده‌م پیاسه‌ی ئێوارانی 

(وه‌لی عه‌سر) * ه‌وه‌ له‌به‌ر خۆمه‌وه‌ ،

شتێ ده‌ڵێم ،

وه‌ك بڵێ ی ،

تۆ به‌ته‌نیشتمه‌وه‌ 

له‌و هه‌موو دارانه‌ ده‌ڕوانی ،

تیشكی خۆریان له‌شه‌قامه‌كه‌ شاردۆته‌وه‌ .

ئای مه‌حبوبه‌ !

من گۆرانی ده‌ڵێم ..

پیاوه‌كانی ئه‌م شه‌قامه‌ 

ژنه‌كانی ئه‌م شه‌قامه‌ 

مناله‌كانی ئه‌م شه‌قامه‌ 

پیره‌ مه‌رد و

پیره‌ژنه‌كانی ئه‌م شه‌قامه‌ لێم ده‌ڕوانن 

بێ ئه‌وه‌ی حه‌رفێكیش له‌ من تێبگه‌ن ...

سه‌رێك ڕاده‌وه‌شێنن و

له‌به‌ر خۆیانه‌وه‌ ده‌ڵێن :

چه‌ند گوناهه‌ ،

ئه‌م شێته‌ .

ئه‌وانیش ده‌زانن 

كه‌ لێت دور ده‌كه‌ومه‌وه‌ 

له‌شێت ده‌چم .

هه‌نگاو نانم ...

قسه‌كردنه‌كه‌م 

ته‌نانه‌ت پێكه‌نین و 

په‌رینه‌وه‌شم له‌ شه‌قامه‌كه‌ .

ئه‌و كاتانه‌شی ده‌مه‌وێت ملوانكه‌یه‌كی شینت بۆ بكڕم ،

تا خودا له‌چاوی به‌د بت پارێزێ .

ده‌زانی ته‌نانه‌ت ،

كاتێك له‌سه‌ر چه‌رپایه‌كه‌ش ڕاده‌كێشم و 

ده‌مه‌وێت بخه‌وم .

هه‌ر به‌شێت ده‌چم .

مه‌حبوبه‌ ..

مه‌حبوبه‌ ئای 

ئه‌گه‌ر ئێستا بم بینیت ،

نامناسیته‌وه‌ .

لێره‌ هه‌موو شتێ له‌جێ ى خۆيدايه‌ 

ته‌نيا تۆ نه‌بيت 

جێگه‌ت خاڵي خاڵييه‌ .

مه‌حبويه‌ ...

دوێنێ له‌ته‌نيشت هۆتێله‌كه‌مانه‌وه‌ 

له‌دوكانێكى شيرمه‌نيدا 

ويستم به‌سته‌نيه‌ك بخۆم .

ئه‌مه‌ يه‌كه‌مجاره‌ ,

تامى به‌سته‌نى تاڵم كردبێ .

ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى له‌نێو دوكانى به‌سته‌نيه‌كه‌دا ,

سه‌رگه‌رمى شيرينى خواردن بون 

ده‌يانوت :

لاله‌ ده‌زانى به‌سته‌نيه‌كه‌تان زۆر شيرينه‌ .

زانيم هۆكاره‌كه‌ تۆيت .

تۆ نيت و 

به‌سته‌نيه‌كه‌ى من ئه‌ڵێ ي ژه‌هرى ماره‌ .!

مه‌حبویه‌ 

ئای مه‌حبویه‌ 

ده‌زانی پیاسه‌یه‌كی ئێواران 

به‌بێ تۆ ،

ئازاری له‌عه‌زابی 

بیره‌ قوڵ و ئاگرینه‌كانی دۆزه‌خ سه‌ختره‌ .

ئه‌و كاتانه‌ی له‌تاران بووم .

ئێوارانێك ،

به‌ بێ تۆ 

له‌ ( پاركی لاله‌ ) ** ده‌مویست گۆرانیه‌ك بڵێم ..

هه‌رگیز وا غه‌ریب ،

خۆم نه‌كه‌وتۆته‌ به‌رچاو .

ته‌نانه‌ت ،

ناوی ئه‌و هه‌موو گولانه‌م بیر چوبونه‌وه‌ .

بێ له‌ گوڵه‌ مێخه‌كه‌كان .

من پیشتر ،

ئه‌و گوڵه‌ مێخه‌كانه‌م له‌باخچه‌كه‌ی ماڵی ئێوه‌دا بینیبوو .

ئه‌و ئێواره‌یه‌ ،

هێنده‌ غه‌ریب مابومه‌وه‌ ،

له‌سوچێكی پاركه‌كه‌دا 

عاجز ، عاجز له‌سه‌ر چۆك بۆی دانیشتم 

به‌دیار خۆمه‌وه‌ ...

هێنده‌ی توانیم 

تێر ... تێر دامه‌ پڕمه‌ی گریان .

مه‌حبویه‌ 

ئای مه‌حبوبه‌ 

ته‌نیا من ده‌زانم ،

بێ تۆیی ده‌ردێكی چه‌ند سه‌خته‌ .

ئه‌و كاتانه‌ی له‌تاران بوم ،

ته‌نانه‌ت ،

شۆفیری تاكسی و 

ژینگه‌ پارێزه‌كانیش به‌هه‌نگاونانه‌كانمدا ده‌یانزانی .

پیاوی وڵاتێكی ترم .

ناهه‌قیان نه‌بوو ،

مه‌حبوبه‌ .

كه‌ی من بێ تۆ 

حه‌وسه‌له‌ی شاره‌ دوره‌كانم هه‌بوه‌ .

ده‌زانی له‌وێ ،

فێری زۆر شتت بوبوم 

فیكه‌ لێدان 

له‌ كچه‌ عاشقه‌كانه‌وه‌ ،

ئه‌وانه‌ی به‌ده‌م چاوه‌ڕوانیه‌وه‌ ،

له‌ژێر عه‌ینه‌كه‌كانیانه‌وه‌ 

كه‌مێك دورتر

ده‌یانڕوانی .

ده‌زانی مه‌حبوبه‌ ...

لێره‌ هه‌موو كه‌س ،

به‌ ڕوخسارما 

به‌ڕه‌نگی چاوه‌كانما 

به‌ شێوه‌ی هه‌ڵسوكه‌وت و 

قسه‌كردنما .

ته‌نانه‌ت كاتێك بمه‌وێ ،

له‌ جێگه‌یه‌كه‌وه‌ 

بۆ جێگه‌یه‌كی تر بڕۆم .

یان بمه‌وێت 

بێمه‌وه‌ .

یان ئه‌و چركانه‌ی قومێئاو ده‌خۆمه‌وه‌ .

یان به‌ده‌م ڕێوه‌ ،

جگه‌ره‌یه‌ پێده‌كه‌م .

یان له‌ سندویچفرۆشیه‌كاندا ،

داوای پارویه‌ك ده‌كه‌م .

هه‌موو ده‌مناسنه‌وه‌ .

كه‌ تا ئێستاش ناتوانم وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌مه‌وه‌ ،

كاتێك ده‌پرسن :

خه‌ڵكی كام وڵاتی ؟

ئای مه‌حبوبه‌ ...

له‌ بێ نیشتمانی و 

دووری تۆ .

(* ) وه‌لی عصر شه‌قامێكی ناسراوی تاران ده‌كه‌وێته‌ باكوری شاره‌كه‌وه‌ .

(** ) پاركی لاله‌ : پاركێكی ناسراوی تارانه‌ .

5 ی ئازاری 2018

هه‌له‌بجه‌