ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رزگار جەباری

 

 لە یادگەی باران هەڵمگرە

وەكو دڵۆپێكی جێماو

...

لە چوارچێوەی سەراب دامپۆشە

وەكو ڕاستییەكی تاڵ

...

لە چەخماخەی ماچ بمشارەوە

وەكو پرشەیەكی وێڵ

...

لە دڵی شەوەزەنگ دامگیرسێنە

وەكو مۆمێكی داچۆڕاو

...

لە ئاوازی جریوەدا هەڵمواسە

وەكو خەمێكی شێدار

...

لە ژێر تاڤگەی ئەویندا بمشۆرە

وەكو كوژراوێكی دووری

...

لەبەر تریفەی حەزدا ڕامبخە

وەكو شەونمێكی ڕۆشن

...

لەناو ئینجانەی خەون بمچێنە

وەكو تروسكەی ژیان

...

لە باڵای بادا دامكوتە

وەكو پەڕەموچێكی گەڕۆك

...

لە دەفتەری دڵی خۆت بمنووسەوە

وەكو یادگارییەكی جوان

...

٩-٥-٢٠١٨