ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەیان کەریم ئەحمەد

 

زۆر دەمێكە نیازت هەیە 

گوایە شتێکم پێ بڵێی

دە پێم بڵێ ؛ بۆ دوودڵی ! 

هەرچەندە ئەوەی دەیبیستم 

هەر درۆیە

وەلێ بێدەنگیەکەت ئازیز سامناکترە لەم درۆیە 

گەر تۆ نەڵێی ،

با من بڵێم نهێنی و گلەیی دڵەی خۆم

کوا پەیمانت کە تۆ دات پێم ؛

" لە هەر وەرزێک گوڵێک بێنی،

بۆ ڤژی درێژی پەخشانم ،

بیهۆنمەوە کەزی ......کەزی ،

و بەگوڵ ئارایشتی بکەم "

چاوەروانیم زۆری خایاند 

نازانم چەند !

نە وەرز هات ، نە گوڵ ڕوا 

بوو بە نەهات ،

ژیان سەرتاپە وەستا بوو

لەو دیوی کات ،

ڕۆژمێریش فێڵی کرد و

ڕێچکەی ڕۆژانی تێکەڵ کرد

بە ناچاری چاوەروانی ، 

پۆڕم هۆنیەوە بێ دیاری

لەو پەڕی چێژی دڵداری 

کەوتمە ناو شەوگاری تاری

کپی خشا بە جەستەما

کەوتمە گومان ؛ 

بوون یان نەمان ،

بۆچی چراکان تاریکن ؟

بۆ ڕۆژمێر درۆ دەکا ؟

وەرزەکانی گوڵ و پەیمان 

کەی ڕاست دەکەن ؟

کەی دێنە کا ؟ 

دڵگران مەبە ئازیزم ،

نامەوێ چیتر گوڵی سوور

من لە داخی پەیمانەکەت 

قژم دا بەر تاشین وەک کوڕ .

 

 

 

  • 1