ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەلام عومەر

لە چوار بەرگی قەبارە گەورە لە دووتوێی 1934 لاپەڕەدا بەكاغەزی ئارتی رەنگاو رەنگو بە ناوەرۆكێكی دەوڵەمەند بە سەدەها وێنەی دەگمەن و نووسین و دیداری دیرۆكی، كەپێم سەیرە كەسێك بەتەنێ‌ توانیویەتی ئەم ئەركە دیرۆكیە بخاتە سەر شانی خۆی! بۆیە پێم وایە ئێستا( مومتاز حەیدەری) پشوویەكی داو هەگبە دەوڵەمەندوو قورسەكەی خۆبەخشانە دایە خوێنەران.

(چاوەڕوانی بڕوانامەی دكتۆرای فەخری-شانازی-ناكەم) ئەوە یەكەم رستەی كاك مومتازە لە بەرگی یەكەمی ئەم چوار بەرگەدا، ئەو دەخوازێ‌ مامۆستایەكی بەتوانا ماستەر یان دكتۆراكەی لەسەر ئەم كتێبە بێت، تا هەموو لا دڵنیا ببنەوە لەو خزمەتە شایستەیەی حەیدەریەكان بە نیشتمان و كەلتوورو مێژوویان كردووە.

لەنێو سەدان لاپەڕدا مێژووی تێكۆشانی كەسایەتییەكان، قەڵەمە بوێرو شایستەكان، نامەو دیدارو چالاكیە هونەری و رۆشنبیریەكان، شێرە ژنەكان ئەوانەی لە بوارە جۆراو جۆرەكاندا خزمەتیان كردوەو خەباتیان كردوەو گیانی خۆیان بەختكردووە، ئاوێتە بە كەسایەتی و ماندوو بوونی حەیدەریەكان دەبینی، بەتایبەت درەختی بنەماڵەو گەشەكردنیان لە مێژوودا، كە دەكرێ‌ بە تەواوكەری گۆڤارەكانی كوردستان 24 و لەیلا قاسم و لەیلا زانا دابنرێ‌، تەواوی هەرچوار بەرگی حەیدەر نامە جگە لە نامەی گلەیی كاك مومتاز لە حزب و دەسەڵات كە هاوكارو هاو غەمی ئەم پڕۆژە گەورەیەی نەبوون، دەیان نامەی ئەوان و چالاكی ئەوان و تێكۆشانی ئەوانی لە خۆ گرتووە.

لەوێدا.....زۆربەی رۆژنامەو گۆڤارە دەگمەنەكان و ئەو سەردەمانە دەبینیەوە كە نەوەی نوێ‌ و هەندێ‌ لە نووسەرانیش نەیان دیوە، شیعرو ئەدەب و هونەر لاپەڕكانیان جوانتر كردوەو بوونەتە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەند بۆ ئەوانەی دەخوازن رابردوو و ئێستا بخوێننەوە.

دووا جارو لە دوا نووسینی كاك مومتاز كە كەوتۆتە دیوی ناوەوەی بەرگی چوارەم لە وەسیەتنامەیەكدا دەڵێ‌: دوای ئەو هەموو تێكۆشانە لە سەرجەم بوارەكاندا ناخوازم پرسەكەم لە مزگەوت دابنرێ‌ و بێن چەند خولەكێك یادم بكەنەوە، دەمەوێ‌ چەند دێڕێك لەبارەی منەوە بنووسرێ‌و بدرێتە خانەوادەكەم تا ئەوان لە نامیلكەیەكدا چاپی بكەن و بڵاوی بكەنەوە.

 

  • 1