ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

كەریم دەشتی

وه‌ره‌ ماڵه‌كه‌ی من

ماڵه‌كه‌ی من پڕه‌ له‌ شه‌وقی ئیره‌م و له‌ عه‌تری جاویدان

پڕه‌ له‌ ئاو، له‌ برووسكه‌ی ڤیان

وه‌ره‌ ماڵه‌كه‌ی من

ماڵه‌كه‌ی من پڕه‌ له‌ كتێب

هه‌ر كتێبه‌و هه‌زاران دڵۆپه‌ فرمێسكی پیا ڕژاوه‌

پڕیه‌تی له‌ شه‌وی دوورو درێژ

هه‌ر شه‌وه‌ی هه‌زاران ئه‌ستێره‌ی ئه‌وینتی به‌سه‌ریا پژاوه‌

پڕیه‌تی له‌ جریوه‌

هه‌ر جریوه‌ی له‌ گه‌رووی هه‌زاران وشه‌دا كوژراوه‌

ماڵی من دوور نییه‌ له‌ ناو دڵمایه‌

پڕیه‌تی له‌ سه‌داو ده‌نگی تۆ

پڕیه‌تی له‌ تاڤگه‌ی ئاورینی ڕه‌نگی تۆ

وه‌ره‌ ماڵه‌كه‌ی من نه‌ ده‌رگای هه‌یه‌ نه‌ په‌نجه‌ره‌

ئاسمان يه‌ك بست دووره‌

ده‌توانی له‌سه‌ریا بنووسی

یا بیكه‌یته‌ ملوانكه‌ به‌ گه‌ردنتی هه‌ڵواسی

ماڵی من بریتییه‌ له‌ چه‌ند شیعرێكی خه‌مگین

هه‌موویان ده‌تناسن ، له‌ تۆ هه‌ڵقووڵاون

ماڵی من بریتیه‌ له‌ چه‌ند كتێبێ

هه‌مووی باسی تۆیه‌

ماڵی من بریتیه‌ له‌ چه‌ند قه‌ڵه‌مێكی فه‌ریك

هه‌موویان له‌ پێشوازی تۆدا

خۆیان و شووشه‌ حوبرێ وه‌ستاون

نه‌خشه‌ی ماڵه‌كه‌ی من وه‌ك نه‌خشه‌ی سێوێكه‌

له‌ قه‌فه‌زی سینه‌مدا

له‌به‌ر تاڤگه‌ی خوێنم سوور ده‌بریسكێته‌وه‌

پڕیه‌تی له‌ كۆرپه‌ی خورپه‌ی گه‌رم

له‌ هه‌ناسه‌ی سپی و چاوه‌ڕوانی

پڕیه‌تی له‌ شه‌وق و گۆرانی

پڕیه‌تی له‌ ناڵه‌ی ئه‌وین و هاواری جودایی

وه‌ره‌ ماڵه‌كه‌ی من