ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیعری : ئیبراهیم هەورامانی

 

(1)

 

ساڵ چوار وه‌رزه .‌

به‌هار ،

به‌هار ،

به‌هار و

به‌هار .

كه‌ تۆ هه‌بیت ؟!

*** * ***

(2 )

 

بۆنی مردنی لێوه‌ دێ !

ئه‌و جێگه‌یه‌ی ،

تۆی لێنیت .

*** * ***

(3 )

 

فێری درۆ كردن بووم .

ئه‌وه‌نییه‌ ،

ده‌پرسیت ،

حاڵت چۆنه‌ ؟

ده‌ڵێم : باشم .

(4 )

 

بۆ میكۆیان ی خوشكه‌زا و هاوڕێم

 

كاتێك بۆنی ، 

نانی سوتاو و 

هه‌ناسه‌ی ساردی خۆم ده‌كه‌م .

تۆ دێیت و 

به‌ته‌نیشتمه‌وه‌ داده‌نیشتیت و

ده‌ڵێ ی :

خاڵه‌ی من ، 

ڕۆژێك دێ ،

نه‌ تۆ هه‌ناسه‌ت سارد ده‌بێت و 

نه‌ نانیش ده‌سوتێ .

*** * ***

(5)

 

هێنده‌ بیرت ده‌كه‌م .

حه‌زده‌كه‌م ،

قسه‌ كردنم بیر بچێته‌وه .

*** * ***

(6 )

له‌ زینداندا ،

هه‌مووان ،

بیر له‌ ئازادی ده‌كه‌نه‌وه .‌

به‌ڵام من ،

بیر له‌ تۆ ده‌كه‌مه‌وه .

*** * ***

(7 )

 

دڵم به‌ ،

كراسه‌ نوێكه‌م و 

پێكه‌نینی كوڕه‌ بچكۆلانه‌كه‌م و 

خوداحافیزی ئێوارانی دایكم و 

تامی شیرینی گێلاس و 

جریوه‌ جریوه‌ی پاسارییه‌كان خۆش نییه .‌

دڵم ته‌نگه‌ ،

ته‌نگه‌ ،

هێنده‌ ته‌نگه‌ 

ته‌نانه‌ت دڵم به‌ژیانیش خۆش نییه .‌

ده‌بێ ژیانێك ،

له‌م دونیا بێ تۆیه‌دا ،

چ خۆشییه‌ك بداته‌ دڵی من .

*** * ***

(8)

 

هه‌زارویه‌ك ده‌ردم هه‌یه .‌

هێنده‌ی ،

فیراقی تۆ.

ئازاریان سه‌خت نییه !

*** * ***

(9)

دونیا ته‌ڵخ و 

لێڵ دێته‌ به‌رچاوانم .

چاویلكه‌كه‌م ،

داده‌گرم و 

به‌ پارچه‌ كلینكسێك پاكی ده‌كه‌مه‌وه .‌

دوباره‌ له‌چاوی ده‌كه‌مه‌وه‌ و 

ده‌ڵێم :

به‌ڵكو گرفته‌كه‌ چاویلكه‌كه‌م بێت .

به‌ڵام هه‌ر دونیا ،

به‌ لێڵی ده‌بینم . 

ئیتر وایه‌ ،

ژیانی بێ تۆیی 

دونیا به‌ ته‌ڵخ و لێڵی نیشانم ده‌دا .

*** * ***

(10 )

 

جێ پێكانت ،

له‌كاتی ڕۆشتندا ،

هێزێكی سه‌یریان هه‌یه .‌

ئه‌ژنۆكانم ،

ده‌شكێنێ .