ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نوسینی/ فەتحوڵڵا حسینی

وەرگێڕانی /مامۆستا كەمال جەلال عەزیز

دوای بەچاپ گەیاندنی چەند كۆمەڵە بەرهەمێكی شعری‌و، بەردەوامی لەشعر نوسیندا وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵە شعرێكی نوێی بۆژنە شاعیر (كەژاڵ ئیبراهیم خدر) بەچاپ گەیاند بەناوی(ئاونگی وەرینی گوڵەكان) كۆی ئەم بەرهەمە شعرییە بەردەوامی یەكی جوانی ئەزموونی شعری ناوبراوە 

ئەزموونی شعری كەژاڵ ئیبراهیم خدر ئەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو كاتێك شاعیر توانی لەدەرگای شعرەوە بەلێهاتوویی بێتە ناودنیای نوسینەوەو چەندین پەنجەرەی بۆخوێنەرانی شعرەكانی كردەوەو دەرگای راستگۆیی شعری دوور لەچەق بەستووی واڵاكرد. بەم كارەی توانی خوێنەری راستەقینە پەلكێش بكات بۆناو قوڵبونەوەو وردبوونەوە لە واقعێك كەزۆرینەی خەڵك بەدەستیەوە دەناڵێنن لەگەڵ تۆماركردنی مێژوویەكی ئەدەبی لەسەر دەستی شاعیرانی ژن‌و پیاودا.

لەكۆمەڵە شعری (ئاونگی وەرینی گوڵەكان)ی كەژاڵدا ئەزموونی شعری خۆی زیاتر پتەو تر دەكات‌و ووشەكانی بەوێنەی شاعیرێكی خاوەن ئەزموونی دوورودرێژ لەشعر نووسیندا هەڵ ئەبژێرێ‌و دڵنیامان دەكاتەوە كەشعر لەم ساتە وەختەدا بەدەستی شاعیرانی ژن دەنوسرێت لەكاتێكدا كەرەگەزی نێر باڵی كێشاوە بەسەر هەموو شتێكدا هەر لەدەسەڵاتی چوارەمەوە هەتا كرۆكی رۆشنبیری نقوم بوو لەو وێرانەییەدا؟ 

كەژاڵ هەمیشە بەتەنیشت ووشە جوانەكانەوە دوورە لەریزكردنی ووشەی بێ ماناو پەرپووت ،هەر بۆیە پەنا بۆهەست دەبات بەبێ ئاوڕدانەوە لەشتە بێ هەستەكان

هەركاتێك شعر تەنها پشت بەخەون ببەستێت جا ئەم خەونانە هەرجۆرێك بێت لەئێستای ناجێگیرو نایەكساندا لەرووی شعرییەوە لەگەڵ چەند قەسیدەیەكدا كەبەقەسیدەی ناوئەبرێن‌و، بۆ ئایندەش بەمیراتی شعری ئەژمێردرێن ،دوای ئەوەی چەند شاعیرێكی وەك (لەتیف هەڵمەت،شێركۆ بێكەس، فەرید زامدار، رەفیق سابیر، عەبدوڵڵا پەشێو)ی لێ لابەین بەدڵنیاییەوە كەژاڵ لەو زنجیرە باسكراوەیە"

جارێكی تر دەگەڕێینەوە لای كەژاڵ‌و دەڵێت"

لێم دەپرسن ناوت چیە؟

دەڵێم نامرێ،

پێدەكەنن دەڵێن سەیرە؟

تۆ قەت نامری"

پێ مەكەنن سەیر نیە بەڵێ نامرم

شاری قەڵادزێی نەمرم؟

گەرانەوە بۆیەكەم شوێن، گەرانەوەیە بۆرۆح بەشعر ،كاتێك زەمەن لەرووە هونەریەكەیەوە لەناو ئەچێت ،شوێن ئامادە دەبێت بەهەموو كاولكاری‌و ئێستاو رابردوویەوە ،گرنگ نیە بەئەرێ بێت یان نەرێ بەقەدەر ئەوەی هەموو ئامرازە شعرییەكان مرۆڤ رادەكێشن بۆتێڕامان‌و بیركردنەوە" ئەمەیە كەكەژاڵ لەم كۆمەڵە شعرە تازەیەدا ئەیدركێنێت كەلەترسەوە دەست پێدەكات‌و بەترس كۆتایی دێت ترس لەچارەنووسی نادیار، لەو قەدەرانەی بۆكورد نوسراوە

نیشتیمانەكەم 

شەقامەكانی پڕ لەبۆنی ترس‌و

دەستەكانی پڕن لەبۆنی خیانەت‌و 

زمانەكانی پڕن لەدرۆ 

ئەم نیشتیمانە ناوبنێم چی؟ 

بەدەرچوونی ئەم كۆمەڵە شعرە تازەی كەژاڵ دڵنیامان دەكاتەوە لەبەردەوامی لەگەڵ دنیای شعردا ئەودنیایەی كەزۆر كەس گرەویان لەسەر شكست‌و وونبوونی دەكرد بەڵام ئەو هەر بەردەوامە بەشتە جوانەكانیەوە.

**فەتحوڵڵا حسینی یەكێكە لەقەڵەمە

بەبڕشتەكانی سوریا رۆژنامەنووس‌و شاعیرە

 

  • 1