ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەڕێزان لە خۆڕا نەوتراوە سلێمانی شاری ڕۆشنبیرییە!پێویست ناکات وا بیر بکەنەوە کە من هەڵیدەنێم و بە شاخ و باڵیدا هەڵدەڵێم. پێشینیان دەڵێن: ئەوەی کە لەبەر چاوە، چی بە ڕانانێ داوە! نزیک لە چل ساڵ دەبێت، دوور و نزیک، من لەگەڵ کوردی باشوور تێکەڵم و پێوەندیم لەتەکیاندا هەیە. دەزانم کە لە هەموو بوارێکدا سلێمانی ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەوایەتی و تێکۆشانی هونەری و گەشەپێدانی زمانی کوردی بووە و بەبێ هەڵدان و پێداهەڵگوتن، سەروگەردنی لە شارەکانی دیکەی کوردستان تۆزێ بەرزتر بووە و لە زۆر کاری دیکەشدا ڕچەشکێن بوونە. بە داخەوە هەرچەند جیهان و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە هەموو شێوەیەک بە هۆی تێکنۆلۆژییەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، وەلێ تەنیا شتێک کە ئێمەی کوردی بندەست و داماوی لە سەر پێ ڕاگرتووە و بوونی ئێمەی سەلماندووە و لەناو ئەم گێژاوەدا خۆی ڕاگرتووە، زمانی کوردییە، کە ئەویش بە ڕەنج و پلوپای کۆمەڵێک مرۆڤی دڵسۆز گەیاندوویانەتە ئەم کات و سەردەمەی کە ئێمەی تێدا دەژین. ئەویش بە بێ بوونی دەوڵەتێکی وارەیی (رسمی) و دەسەڵاتێکی سەقامگیر و جێگرتوو. لە هەمووی کارەساتتر، بندەستی سێ زمانی عەرەبی و تورکی فارسی. 

ئێمە ئێستا نە دەوڵەتمان هەیە نە دەسەڵات، نە خاوەن خاکی خۆمانین، نە خودان بڕیار. تەنیا شتێک کە وەکوو بەڵگەی مانەوە بۆمان ماوەتەوە، زمانەکەمانە، ئەویش تەنیا لەم پارچەیە واتە باشووری کوردستان، لە سێبەری دەسەڵاتێکی داڵۆسکەدا، بە وارەیی (رسمی) بەکار دەبرێت. بەڵام داخی گرانم ئەم زمانەش کە تەنیا چەکی بوون و مانی ئێمەیە، خەریکە تووشی کێشە دەبێت و ڕێڕەوەکەی بە لاڕێدا دەبرێت.

گومان لهوهدا نییه، که زمان ئامرازێکه بۆ پێوهندی لهگهڵ خەڵک و کۆمەڵگا، بهڵام، ئهگهر ئا بەم شێوەیە چاوی لێ بکرێت و بەم ڕەوێشە بەکار ببرێت،هەڵەیەکی گەورەیە و لهڕاستیدا نەمانزانیوە ئەرکەکانی هێشتنەوە و گەشەپێدانی زمانێک چین! زمان، سهڕهڕای ئهوهی که ئامرازێکه بۆ پێوەندیگرتن، هاوکاتیش، ئامرازێکه بۆ بیرکردنهوەی ئینسانەکان، بۆ شکڵپێدان به پێکهاتهی بیرکردنهوهی خەڵک و فێربوونیان لە کۆمەڵگادا، ههروهها ئامرازێکه بۆ پێناسهکردنی ناسنامهی مرۆڤ.

من ئێستا ناچمە سەر ئەوەی کە لە بواری نووسین و هونەردا،ئەم شارە چ کەسانێکی لە ئامێزی خۆیدا پەروەردە کردووە و ناویان ناهێنم چوونکە دەزانم ئەگەر ناودێریان بکەم، لەوانەیە جێگای ئەوە نەبێت کە هەموویان دەسنیشان بکەم و کۆمەڵێک کەسایەتی دیکە گلەییم لێ بکەن!با ناو نەهێنم باشترە. شارێک کە ئەم کەسایەتییانەی لە باوەشی خۆیدا پەروەردە کردبێت، جێگای داخە کە زمانەکەی لە سەردەمی ئێستادا بەرەو سەرلێشێواوی بڕوات.

کە وابوو، چەن شتێک سەرنجیان ڕاکێشام کە ناچار بم دەست بکەم بە نووسینی ئەم وتارە. بەداخەوە ئەم ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئەوان دەبێ خەمخۆری ئەم کێشەیە بن، کەچی هیچ خەمخۆرێکی نییە. ماوەیێکە دیاردەیەکی تازە هاتۆتە سەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکان و ئەویش ئەوەیە کە لە زۆربەی تەلەڤزیۆنەکاندا بە جێگای وشەی (سپاس)، دەنووسن سوپاس. یان بە (شناس) دەڵێن: شوناس. من دڵنیاتان دەکەم کە زۆربەی خەڵکی کورد، لە باشوور و لە ڕۆژهەڵات کە بە شێوەزاری سۆرانی!! قسە دەکەن، دەڵێن سپاس و ناڵێن سوپاس. مەگەر ئەو عەرەب و تورک و فارسانەی کە هاتوونەتە کوردستان و فێری زمانی کوردی بوونە سوپاس بەکار بێنن. نازانم ئەم بەزمە چییە هاتۆتە گۆڕێ.

وشەی (دووبارە)ی فارسییان وا ترنجاندنە ناو زمانی کوردی کە بە هیچ شێوەیەک لە کۆڵمان نابێتەوە و بوو بە ماڵ لە سەرمان و وشەی (دووپاتە و هەمدیسان و دیسان و جارێکی دیکە و لەسەڕا)یان لەبیر خەڵکەکە بردۆتەوە و تازە ئەگەریش بیانەوێ لای بەرن، چەندین ساڵی گەرەکە هەتا لە کۆڵ ببێتەوە. 

وشەی (ناوبڕ)،کە لە زۆر ناوچەی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بۆ جیاکردنەوەی ئاژەڵ و گۆڕینی ڕێگا بۆ نزیکردنەوەی گەییشتن بە مەبەست بەکار دەبرێت، بەداخەوە هەندێ لە تەلەڤزیۆنەکان بۆ کاتی (پاوس)کە بە کوردی دەبێتە (وچان) بەکاری دێنن.

وشەی (شرۆڤە)، وشەیەکی کرمانجییە و واتای(شڵێوە) و (دوودانگ) دەدات، واتەبارینی باران و بەفر پێکەوە. ئەم وشەیەیان هێناوە و لە جێگای (شرح)ی عەرەبی دایانناوە، ئەویش هەڵەی مامۆستا هەژارە چوونکە لە وشەدانەکەیدا دانووسی کردووە. لە کاتێکدا هەڵەیە و نابێ بگوترێ شرۆڤە، شیتاڵ یان شیکردنەوە درووستەکەیەتی بۆ بەرانبەر بە شەرح.بۆ وێنە: ئەو ڕستەیەم بۆ شی بکەوە. شیکردنەوەی هەواڵی ئەمڕۆ.

وشەی (ئایندە)یان هێناوەتە ناو ئەم زمانە کۆڵەوارە و، وشەی داهاتوویان لە بیری خەڵک بردۆتەوە. وشەی ئایەندە، یان ئایندە، فارسییە و لە وشەی (ێ‌یند) فارسی کەوتۆتەوە و ئێمە دەڵێین: داهاتوو یان دواڕۆژ یان پاشەڕۆژ. بە کورتی وشەکانی: (هەماهەنگ؛ ناوزەد؛ بوزورگ، وابەستە، ناخوداگا، خۆشنوود، پۆزش)، هیچیان کوردی نین و نووسەرانی کوردی باشوور بەکاری دێنن و ئێمەش وشەمان بەرانبەر بە هەموویان هەیە. کەچی نازانم هۆکەی چییە ئەم کارانە دەکەن؟!زمانی کوردی ئەوەندە داماو نییە کە ئەم کەسگەلە، وشەی فارسیی بۆ دەگۆزنەوە. ئەمە کارەساتە! خوا ئەو کەسە بگرێت کە ئەم وشانە دێنێتە ناو زمانی کوردییەوە.

شتێکی دیکە کە ئەویش کارەساتە ئەوەیە کە وشەی کردار (فعل) لە زمانی کوردیدا خەریکە لەناو دەچێ و هەمووی بووە بە وشەێ چاوگی (کردن) و ئەو کردارە جوانانە لە زمانی کوردیدا خەریکە نامێننن. بۆ میناک (سازکردن؛ دەمکردن؛ درووستکردن؛ چاکردن؛ تۆمارکردن؛ پێژان؛ لێنان؛ دانان؛ کڕین؛ بڕین).وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ کردووە، ئەو هەمووە کردارە جوانانە ئەگەر ئاوەها بڕوات، لە دەست دەردەچن و سەریان تێدا دەچێت. جارێکیان لە ماڵێک میوان بووم، بەیانییەکەی کە هەستام، خاوەنماڵەکە، کە ژنێکی بەڕیز و دڵسۆز بوو، وتی: ناسر گیان دوو هێلکەو بۆ بکەم. وتم: نە وەڵڵا دوو هێلکەم بۆ لە ڕۆن بکە، یان هێلکەوڕۆنێکم بۆ ساز بکە.لەم درامایەدا هاوسەری هاشم بە کوڕە بەردەستەکەی هاشم دەڵێ: ئەو خواردنە بەرە بۆ هاشم، چوونکە (بە گیان و بە دڵ کردوومە). دەبێ بوترێت: بە گیان و دڵ لێم ناوە، یان بە گیان و دڵ درووستم کردووە، یان بە گیان و دڵ سازم کردووە. ئەی هاوار چی کردووە؟ هێلکەی کردووە، یان چێشتی درووست کردووە؟!

با ئاماژەیەک بە وەرگێڕان و دۆبلاژی ئەو دراماگەلە بکەم کە لە تەلەڤزیۆنەکانی باشوورەوە بڵاو دەبنەوە. لە تورکییەوە بگرە تا فارسی و هی دیکە،کە هەموویان جێگای هەڵسەنگاندن و هەڵوێستە لەسەرکردنن. شەهرزاد کە کوردسات وەریان گێڕاوە و دۆبلاژیان کردووە، لە تاران فیلمەکەی هەڵگیراوە و کۆمەڵێک هونەرپیشە و هونەروەری باش تێیدا کایەیان کردووە و نەخشیان دیوە.هەرچەند لە فیلمی شەهرزددا تارانیان کردووە بە پاریس، لە کاتێکدا وەک دەیگێڕنەوە و دێکۆمێنتی ئەو سەردەمەش بە فیلم هەیە، ئەو کاتەی کە دوکتۆر موسەددێق لە ئێران ژیاوە و دژی ڕژێمی پاشایەتی دەسبەکار دەبێ و دەیەوێ نەوت لە ئێراندا بەخۆماڵیی بکات، سەردەم سەردەمی دەسەڵاتی بنەماڵەی بێ بنەڕەتی پاڵەیی بووە، تاران هێشتا کەر و هێستر و قاتر و حوشتری تێدا بەکار هێنراوە و لە تاراندا دەردی گولیی و سیل و چاوئێشە و کەچەڵیی و کوێری و نەخۆشی دیکە فەرتەنەی کردووە و تاران ئەوەندە پێشکەوتوو نەبووە کە ئەمانە لە شەهرزاددا نیشانیان داوە. من لەوە زیاتری لەسەر ناڕۆم و دێمە سەر باسی وەرگێران و دۆبلاژکردنەکەی. 

من کە فارسییەکەیم دیوە، جارێ وەرگێرانی درامای شەهرزاد بە هەڵە کراوە بە (شەهرەزاد)، ئەم وەرگێڕانە وەرگێرانێکی باش نییە و دەبوو (شەهرزاد) بوایە هەر وەک فارسییەکەی. لە دۆبلاژیشدا بۆمان نییە بیکوردێنین و بیکەین بە (شارەزا!). لە هەموو گرینگتر بە شیوەی ستانداردی زمانی کوردی، وەرنەگێردراوە و بە زاراوەی سلێمانی وەریان گێراوە، لە کاتێکدا دەبوو لە وەرگێڕانیدا یاسا و ڕیسای زمانی کوردییان لەبەر چاو بگرتبا و ئەوە بزانن کە ئەو درامایە تەنیا سلێمانی چاوی لێ ناکاو، تەنیا باشووریش نای بینێت. ئەو درامایە زۆرێک لە خەڵکی ڕۆژهەڵات بەتایبەت و هەندێکیش لە کوردی پارچەکانی دیکە، هەرچەند باش لێێ تێ ناگەن، چاوی لێ دەکەن. چەند نموونەیەک دێنمەوە:

یەکەم: لە دراماکەدا، کچێک نەخشی بەردەستی شەهرزادی هەیە و ناوی (ئەکرەم)ە. ئەمان لەبەر ئەوەی کە ئەکرەم لە باشوور ناوی پیاوە، هاتوون ناوی (ئەکرەم)یان گۆڕێوە بە ئایشێ! خۆزگا ناوەکەیان بگۆڕیبا بۆ (زەینەب)، نەک ئایشێ.

دووەم: گۆرانییەکان کە فارسین و وەریان گێراونەتە سەر کوردی و ژێرنووسیان بۆ داناوە، سەقەت وەرگێڕاون.سێیەم: ئەو کەسانەی لێ دەرچێت کە نەخشی دەنگی قوباد و شەهرزاد و جەمشید دەگێڕن، ئەوانی دیکە هەموویان نورماڵ یان خۆڕسک نین. ئەو کەسەی کە نەخشی دەنگی هاشم دەگێڕێت، دەنگێکی جوانی گڕی ڕادیۆفۆنیکی هەیە، وەلێ بە ناخۆڕسک دێتە گوێ. چوارەم: ئەو کەسەی کە دەنگی هاشمی لە ئەستۆیە، دەڵێت: ئەو چاوەی کە زۆر ئازاری هەبێت، دەبێت دەری بێنیت و فڕێی دەی. ئەگەر فارسییەکەشی ئاوەها بێت، لە کوردییەکەیدا دەبێ بوترێت: ئەو ددانەی کە زۆر ئازاری هەبێت، دەبێ دەری بێنیت و فڕێی دەی!لە دۆبلەکەدا کاتێ کە بێهبوودی و فەرماندە پێکەوە قسە دەکەن، ئینسان وا دەزانێت لە قوتابخانەدان و دەرس بە منداڵ دەڵێنەوە! ئەو خانمەی کە نەخشی دەنگی دایکی شەهرزادی لە ئەستۆیە و ئەو کەسەش کە دەنگی جەمشیدی هاشمپووری دۆبلاژ کردووە و پۆلیسی نهێنییە، باشە.

وشەی (وەڕز)ی ناوچەی موکوریانیان هێناوە و لە وەرگێرانەکەدا جێگایان کردۆتەوە، کارێکی زۆر باشە، وەلێ بە جێگای وەڕز، ئەو کەسەی کە نەخشەکەی پێ دراوە، دەڵێ: واڕەس بووم.

ئەم زمانە خەریکە تووشی کێشە دەبێت، لە زۆر وەرگێران و قسەکردندا دیومە کە دەڵین: بایکۆتی کارەکەی فڵانەکەسیان کرد، بە جێگای ئەوەی بڵێت: کارەکەی فڵانەکەسیان بایکۆت کرد. ئێستاش ئەو هەمووە تابلۆیە لە کوردستان بە هەڵە هەڵواسراوە و دڵسۆزێک نییە بیانگۆڕێت. وەکوو: قوتانخانەی زەڵێی بنەڕەتی لە تاسڵووجە و قوتابخانەی سارای گشتی لە دووکان و دەیان تابلۆی دیکە! تکایە تەنیا زمانەکەمان بە دەستەوە ئەویش ئەنفاڵ مەکەن.

 

  • 1