ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاسۆ ده‌وڵه‌ت- ستۆكهۆڵم

گروپێكی شانۆكارانی كوردستان كه‌ نیشته‌جێن له‌ ووڵاتی سوید، شانۆگه‌رییه‌كیان نمایش كرد به‌ناونیشانی ( شاره‌ مێرووله‌ ) كه‌ له‌نوسین و ده‌رهێنانی هه‌ڵمه‌ت محه‌مه‌د.

هه‌ڵمه‌ت محه‌مه‌د جگه‌ له‌ نوسین و ده‌رهێنان، ڕۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو له‌ نواندن.

سه‌باره‌ت به‌ بیرۆكه‌ی نانیشانی شانۆگه‌رییه‌كه‌ هه‌ڵمه‌ت محه‌مه‌د بۆ ڕێگای كوردستان ووتی : سه‌رسام بوونم به‌ شاره‌ مێرووله‌ له‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌و كاره‌ هاوبه‌شه‌یه‌كه‌ له‌نێو شاری مێرووله‌دا ده‌بینرێت ، هه‌وڵم دا كۆمه‌ڵگای كوردستان وه‌كو شاری مێرووله‌ پیشانی بینه‌ر بده‌م كه‌ تیایدا ده‌بێت گه‌نج و پیر ڕۆڵی خۆیان ببینن و ناكرێت ئه‌ركه‌كان به‌ته‌نها بخرێته‌ سه‌رشانی تاكێك، نه‌بوونی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ زیاتر پاڵمان پێوه‌ده‌نێت تاكاری زیاتر بكه‌ین بۆ ناساندنی كلتوری خۆمان به‌ گه‌ڵان چونكه‌ له‌ ڕێگه‌ی كلتوره‌وه‌ ده‌توانرێت سنوری ووڵاتی خۆمانی پێده‌ستنیشان بكه‌ین.

گه‌رچی شاره‌ مێرووله‌ هه‌وڵی زیندوكردنه‌وه‌ی كلتوری كۆن ده‌دات به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا كێشه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئێستای كوردستان ده‌خاته‌ ڕوو، باس له‌ بێده‌نگی ده‌كات له‌ ئاست ڕووداوه‌كاندا و وه‌ك تاوان پیشانی ده‌دات، هه‌وڵ ده‌دات چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان نه‌مێنێت و ژن و پیاو یه‌كسان بن له‌ ئه‌رك و مافه‌كانیان دا.

ڕۆژی 23 ی حوزه‌یران ئه‌م به‌رهه‌مه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ شاری ستۆكهۆڵم نمایشكرا له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك له‌ كچان و كوڕانی شانۆكار ی كوردستان و موزیك ژه‌نێكی یابانی به‌ ناوی كنیچی كامیانسۆ.

ئه‌كته‌رانی به‌شدار بوو بریتی بوون له‌ هه‌ر یه‌ك : تریفه‌ ئه‌حمه‌د، ئارینا موحه‌مه‌دی، هاوكار بلباس، هێمن داباگیان، ئاوێنه‌ ئاڵا، سیفوڵا شابان، هه‌ڵمه‌ت محه‌مه‌د، ده‌رون، گۆنا ئه‌حمه‌د.

شایه‌نی باسه‌ چوونه‌ژووره‌وه‌ به‌بێ به‌رامبه‌ربوو.

  • 1