ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیعری : ئیبراهیم هەورامانی

(1)

گه‌ڕه‌كی ئێمه‌ ،

هه‌وای پاك و 

ماڵی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی لێیه‌ .

ڕێگای قیر تاوو 

دره‌ختی سه‌وز و بڵند ..بڵند 

حه‌وشه‌ی ماڵه‌كانی 

پڕ ..پڕن 

له‌ پاساری 

له‌ گوڵی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ .

گه‌ڕه‌كی ئێمه‌ له‌ئه‌سڵدا به‌و شێوه‌ نییه‌ 

كه‌ من باسی ده‌كه‌م .

ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ 

من تۆم خۆشده‌وێ و 

ئێوه‌ش ماڵتان له‌وێیه‌ .

***** 

(2 )

جیاوازی من و

مردوه‌كان ،

ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه‌ .

ئه‌وان له‌ نێو گۆڕدان و

منیش ...

به‌دیار هاتنی تۆ وه‌ 

چاوه‌كانم به‌س نییه‌ 

له‌ كاتژمێره‌كه‌م ده‌ڕوانم .

****** 

(3)

خۆشیم له‌ خه‌وتن نایه‌ ،

تاقیم كردۆته‌وه‌ 

له‌و هه‌موو خه‌ونه‌ دورودرێژانه‌م .

بۆ ته‌نها جارێكیش ،

تۆم نه‌دی .

بڕیارم داوه‌ ئیتر نه‌خه‌وم .

نه‌بادا بێیت و 

من له‌خه‌ودا بم .

****** 

(4 )

مردووش ،

هێنده‌ی من 

مه‌رگی تاقی نه‌كردۆته‌وه‌ .

له‌وه‌ته‌ی 

عاشقی تۆ بووم .

***** 

(5)

ڕۆژ هه‌بوه‌ ،

تا ئێوارێ .

من ده‌یان جار مه‌رگم 

به‌ چاوی دڵ بیینوه‌ و هه‌ست پێكردوه‌ .

به‌تایبه‌ت ئه‌و ڕۆژانه‌ی ،

به‌ڵێن بوه‌ 

تۆ بێیت و 

نه‌هاتویت .

****** 

(6 )

زیندانییه‌كی ،

ڕه‌نگ زه‌رد و 

دڵته‌نگ بووم .

تۆم خۆشویست ..

ئیتر نه‌ 

زیندانی و

نه‌ ڕه‌نگم زه‌رده‌ .

****** 

(7 )

رۆشتنت ،

دڵته‌نگم ده‌كات .!

هه‌روه‌ك چۆن ،

به‌رله‌وه‌ی تۆ بناسم 

هه‌میشه‌، 

دڵته‌نگ بووم .

***** 

(8 )

ماڵی من ،

نه‌ دیواری هه‌یه‌ ،

نه‌ ده‌رگا .

تا كه‌ هاتیت ،

به‌هۆی له‌ ده‌رگا دانه‌وه‌ ...

دره‌نگت پێ نه‌گا .

(9)

ڕۆشتنی تۆ ،

به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌م گه‌ردونه‌ی شێواندوه‌ .

هیچ شتێك له‌جیی خۆیدا نه‌ماوه‌ ....

ته‌نانه‌ت خۆریش .

**** 

(10 )

وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكی تر ،

منیش ئینسانێكی 

ئاسایم .

ئه‌وه‌ی له‌خه‌ڵكانی ئه‌م زه‌وییه‌ جیامده‌كاته‌وه‌ .

ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ ،

تۆم خۆشده‌وێ .!