ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەم دیاردەیە كەدوو دەیەونیوە بەردەوامەو تا دێش زەقتر دەبێتەوە، پێدەچێت ناوەندی رۆشنبیری وڵاتانی تریش بەم قۆناغەدا تێپەڕیبن، بەڵام هێندەی نەخایاندووە. رەسولی هەمزاتۆف یەك لەشاعیرە ناودارەكانی یەكیەتی سۆڤیەتی جاران لە یاداشتەكانیدا دەڵێ‌: لەمۆسكۆ خوێندكاری پەیمانگای گۆركێ‌ بووم بۆزانستە ئەدەبییەكان، لەقۆناغی یەكەمی پەیمانگاكەمان هەر لەناو پۆلەكەی ئێمەدا حەوت شاعیرو شەش شانۆكارو پێنج رۆمان نووس و رەخنەگرێك هەبوون، لەساڵی دووەمی خوێندن نیوە بەنیوە مانەوە، دواترو لەكۆتاییدا تەنها شاعیرێك و رۆمان نووسێك و چەند رەخنەگرێكیش دروستبوون، ئەگەر بەسەرنجەوە لەپانتایی رۆشنبیری‌و كۆڕٍ‌و سیمینارەكانی ئەمڕۆی ناوەندی ئەدەبی كوردیمان بڕوانین, ئەم هاوكێشەیەی سەرەوە پێچەوانەی پەیمانگاكەی مۆسكۆیە, لێرە جگە لەحزبگەرایی‌و دۆگمابوون لەنێو ئەو پەرتبوونە بێ شومارەی رۆشنبیرە راستەقینەكان, كەئەوانیش لەنێو شەپۆلی پەرتوك و بڵاوكراوە زەبەندەكاندا خۆیان بزركردووە، كەچی پەیمانگاكانی ئێرە ئەوانەی ساڵانە چەندین قوتابی بێ بەرهەم لەنێو هونەرە جوانەكان‌و بەشەكانی راگەیاندندا بەرهەمدەهێنن, بەڵام لەنێو دیارەكاندا ئەوانیش دەبنە سەراب‌و وەك گوێگرێكیش لەنێو كۆڕەكاندا بەدیناكرێن.

ئەوەش دەرەنجامی ئەو كڵۆڵیەیە كەیەخەی ناوەندی رووناكبیری كوردی گرتووە. خەتایەكی گەورەیە كەئەم دیاردەیە چەندین ساڵە فەرامۆشكراوە‌و قسە لەسەر دەرەنجام‌و هۆكارەكانی ناكرێت‌و دەشزانرێت بەشێك لەم نائومێدبوونە پەیوەستە بەتەكنەلۆژیاو كاریگەری گەیاندنە خێراكان‌و ئاڵۆزبوونی ئەو دەقە زیندوانەی لەناو پەرتوكخانەكاندا نابینرێن, هەروا پەرش‌و بڵاوی‌و بێ سەروبەری دەزگا‌و دامەزراوو كۆمەڵە روناكبیرییەكان‌و بێئاگایی رۆشنبیرانی سلێمانی لەهەولێرو دهۆك‌و كەركوك‌و شارۆچكەكان, بەپێچەوانەشەوە, ئەمانە سەرجەمیان نەوەیەكی بێ پاشخان‌و تەمەڵ گۆش دەكەن‌و لەئاییندەدا ناوەندە روناكبیرییەكانمان دەبنە ئاوێنەیەكی تەڵخ لەناو مێژووی ئازادیدا, لەتەواوی قۆناغەكانی تێكۆشانی گەلی كورددا بەقەد ئەم دوو دەیە ناوەندی رۆشنبیریمان بەناو تولە رێیە تاریكەكاندا رەتنەبووە, هەمیشە لەسەردەمە سەختەكاندا هەر لەئەحمەدی خانییەوە تاراپەڕینی 1991 رۆشنبیران سەرقافڵەی دۆخەكانیان بەدەستەوە بووە‌و لەپێشەوەی سیاسییەكان سنووریان بۆهەڵە باو‌و سواوەكان داناوە, بەڵام ئەمڕۆ هێندەی ئەو توێژە لەكۆڕە حزبییەكاندا بەشدارن گەلێك كەمترو زۆر بەلاوازی لەكۆڕە ئەدەبییەكاندا دەبینرێت.

ئەوەی كەجێی نیگەرانییە, دەسەڵاتی كوردی زۆر بەپەرۆشەوە باوەشی لەقاڵبدراوی بۆ رووناكبیرەكان كردەوە‌و لەوێدا عاسێی كردن, ئەفراندن‌و داهێنانەكانیان لەناو كەوانەیەكی قەتیسكراو زۆر بەئارامی پارچەپارچەبوون‌و دابڕانی رۆشنبیرەكان لەیەكتری بووە زەقترین دیاردە لەگۆڕەپانەكەدا, لەوەش نیگەرانتر لەبیركردنی هەڵوێستە باڵاكانی رۆشنبیران‌و توانەوەیانە لەنێو لەزەتەكانی ژیاندا, رازیبوونە لەپەراوێزو لەبیركردنی دۆخی رابردوو هەڵوێستە نەتەوەییەكان, هەموو ئەوانە رووناكبیرانی نەتەوەكەمانی گەیاندۆتە ئەودیوی داهێنانەكان‌و خوێنەری بەئاراستەیەكدا بردووە كەنەك بەتەنیشت پەرتووكخانەكاندا ناچێ, بەڵكو ئامادە نییە لەیەك كۆڕی ئەدەبی‌و رۆشنبیریش بەشداری بكات. لێرەدا پاشخانێكی كڵۆڵ‌و تەمبەڵ لەچاوەڕوانی نەوەی ئاییندەدا دەبێت‌و سروشتی مرۆڤیش لەداهێنانەكانی ئەمڕۆی تەكنەلۆژیاوە پشت بەو كۆمێنت‌و ئەو یوتوبی‌و فەیسبوكانە دەبەستێ, كەجگە لەزیان, فێرە تەمەڵیەكی ئەستوور دەبن‌و ئەوسا لەئاست ئەم دیاردە ترسناكەوە بۆئاوەدانكردنەوەی هۆڵەكان‌و گەرمكردنەوەی كۆڕە ئەدەبییەكان. بەدەستە پاچەیی دەوەستن‌و هیچیان پێنابێ .

  • 1