ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 (1 )

ئه‌گه‌ر شيعرم بۆتۆ نه‌نوسيبايه‌ 

هه‌ر زوو ،

مه‌راقى 

ئه‌م غه‌ريبيه‌ت ،

ده‌يكوشتم  .

 

  ***  

 (2 )

 

كه‌ گوێ ،

له‌ ده‌نگى پێي تۆ ده‌گرم 

له‌كاتى هاتنتا ،

بۆلاى من . 

بتهۆڤنم بير ده‌كه‌وێته‌وه‌، 

له‌ كاتى موزيك ژه‌نيندا .

  ***

 

(3 )

 

باوكم ده‌يوت : 

باپيره‌شت ،

هه‌روه‌كو من . 

حه‌زى وابوو 

ژيان زوو كۆتايي پێبێت . 

ئه‌وان ناهه‌قيان نه‌بوو

ئه‌گه‌ر تۆيان ببينيايه‌ ،

ژيانيان لا خۆشه‌ويست ده‌بوو .

 

***

(4 )

هيچ شتێك ،

بۆنى مه‌رگ نادات . 

ڕۆشتنى تۆ نه‌بێ .!

 

  ***

 

(5 )

 

ده‌بوو ،

ئه‌م دورييه‌ت 

له‌ت له‌تى كردبام . 

دياره‌ ،

به‌كه‌ڵكى مردنيش نايه‌م .!

 

  *** 

(6 )

 

ماڵم له‌ هه‌ڵه‌بجه‌يه‌ ،

به‌ بۆمبه‌ كيمياوييه‌كانيش نه‌مردم . 

ده‌زانم ،

دورى تۆ ده‌مكوژێ .! 

خۆزگه‌ ماڵم ،

له‌شاره‌كه‌ى ئێوه‌ ده‌بوو .

 

  ***

(7)  

ئێوارانێك ،

دێيته‌ باخچه‌ى ماڵه‌وه‌تان . 

له‌ گوڵه‌ باغه‌كه‌ ،

ده‌ڕوانى . 

بيرت بێته‌وه‌ 

منيش وه‌ك ئه‌و گوڵباغه‌ 

خۆشبه‌ختم 

كاتتێك كه‌ تۆ لێم ده‌ڕوانى !

 

(8)

 

چ زوو ،

كۆتايي پێهات ، 

ژيان . 

به‌ چه‌ند چركه‌يه‌ك پاش ڕۆشتنى تۆ .

 

  *** 

(9 )

 

هه‌ر هێنده‌ى ،

تۆ له‌ چاوانى منا ون بيت . 

ژيان ،

ئيتر مانايه‌كى نابێ .

 

  *** 

 

(10)

 

له‌حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌مدا ،

گوڵێك ده‌ڕوێنم . 

له‌چه‌شنی گوڵی سه‌ر ته‌ختی كراسه‌كی تۆ . 

تا هه‌میشه‌ ،

له‌ماڵی منا ،

هه‌ر وه‌رزی به‌هار بێت .