ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەك ئەوە وایە, نەنكم لە بن سێبەری هەیوانەكە, چایەك بە كڵۆی قەندەوە بخواتەوە.

باپیرەم دەستی راست بخاتە سەر كەمەی گۆچانە كەی و هەستێتە سەرپێ و بۆ نوێژی شێوان, نەرم نەرم بەرەو مزگەوت بكەوتە رێ.

دایكم جەمەدانییە شۆراوەكەی باوكم, لەسەر رستی حەوشەكە هەڵبخات.

لەگەڵ بەردی دار لاستیكی كوڕە دروسێكەمان, چۆلەكەیەك لەسەر دارتووەكە, بە برینداری بكەوێتە خوارەوە و ئەوانی دیكەش نەزانن بۆ كوێندەری هەڵدەفڕن.

مامم, دوا مژی لێبدات و لەناو تەپڵەكێكی دار, قونچكە جغارەكە بكوژێنیتەوە.

پێش ئەوەی میوانەكە بە دەمیەوە بكات, جامە دۆكەی لە دەست بكەوێتە خوارەوە.

تەسبیحەكەی لێ بپسێت و هەر دەنكەی بپەڕێتە قوژبنێكەوە.

كچە قشتیلەكەی دراوسێمان, بە سەحەنێك دۆینەوە, خۆی بكا بە ژووردا.

وەك ئەوە وایە, لە رۆژی عەرەفەدا, كەلەبابێكی خۆماڵی سەربڕیت.

كیلۆیەك گێلاس, لە میوە فرۆشێكی گرانجان, بكڕیت.

لە رۆخ رووبارێكی بۆن خۆشدا, جووتێك گۆرەوی بشۆیت.

بڕێك پەلكە گندۆرە, فڕێ دەیتە, بەرمیلێكی خاشاكەوە.

وەك ئەوە وایە لە كۆڵانێكی تاریكدا, باران, بە پێوە میز بكات.

پەنجەرەكە دامەخە, دەنا خۆكوشتنم ؛

وەك ئەوە وایە,

لیفکەیەكی تەڕ,به‌ بزماری حەماێكدا, هەڵبواسم.