ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بیست و هەشت ساڵە تاریکە بینت

پڕ لە مەینەتە ڕۆژگاری ژینت

شەو و ڕۆژ لەلات هەر دوک یەکسان بو

دونیای ڕۆژیش تاریکستان بو

ئاواتە خواز بویت بۆ تیشکێکی ڕۆن

هێورکاتەوە هەم دڵ هەم دەرون

ئاواتە خواز بویت دۆست و کەس وکار

کۆوەبن لەلات هەواڵ و پرسیار

ئاواتە خواز بویت ببیستی بە گوێ

دەنگی حزبەکەت ڕەوتی گەیشتە کوێ؟

بیست و هەشت ساڵە تاریکە بینت

پڕ لە مەینەتە ڕۆژگاری ژینت

کاتی تەنیایی بیر ئەکەیتەوە

ساڵانی دێرین لێک ئەدەیتەوە

خۆزگەت ئەخوازی بەجاری جاران

ناو بەناو ئەچویت بۆ خزمەت یاران

ئەم دێ بۆ ئەو دێ ئەم دۆڵ بۆ ئەو شاخ

دەمێک شارەزور دەمێک قەرەداغ

عەوداڵ بوویت لە دوی پێگەی پێشمەرگە

بێ باک بوویت لەوەی ئەوە ڕێی مەرگە

کۆڵ بە کۆڵەوە بەپێ و بە سواری

یارمەتیت ئەبرد بۆیان بە دیاری

نەتزانی دوژمن لە بۆسەدایە

لە جمجوڵتان گشت بە ئاگایە

بیست و هەشت ساڵە تاریکە بینت

پڕ لە مەینەتە ڕۆژگاری ژینت

کێ بو وەک تۆ گیان لەسەر دەست بێ

چالاک چاو نەترس پڕ هۆش و هەست بێ

بەنابیناییش هەر پڕ هیمەت بووی

بەوەخت و ناوەخت هەر بە هیمەت بووی

کاتێک بارودۆخ وەرچەرخایەوە

تەم و مژی مەرگ ڕەوێنرایەوە

فریات نەکەوتن پشت گوێیان خستی

قسەت لە ڕو بو خۆشیان نەویستی

هەرکات یەکێکیان دەستی گەرم ئەبوو

بۆ ئەوروپایان ئەفڕان زو بەزوو

کەچی دەرگاکان لە تۆ داخرا

بەناسۆرەوە مەرگت پێ بڕا

بەڵام سەربەرزیت تۆ لەم دونیایە 

پیرۆزە یادت هەتا هەتایە