ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كەریم دەشتی

به‌رله‌وه‌ی پاولوكویلۆ كه‌ له‌ ساڵی 1947 له‌ ریودوجانیرۆ له‌دایك بووه‌، رۆماننووسێكی دیار بووبێ، شانۆنووس بووه‌، هه‌روه‌ها گۆرانی میللی نووسیوه‌، له‌ ساڵی 1981 زیاره‌تی گۆڕی مار یعقوب ده‌كاو هه‌مان ئه‌زموونی ئه‌و سه‌ردانه‌ی له‌ كتێبێ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ به‌ ناوی – حاجی كۆمیۆستیلا – هه‌ر دوا به‌ دوای ئه‌م كتێبه‌ رۆمانه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی بڵاو ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ ژێر ناوی كیمیاگه‌ردا بوو، دیسانه‌وه‌ رۆمانی – له‌سه‌ر رووباری پێدرا دانیشتم و گریام – و چیای پێنجه‌م و جه‌نگاوه‌ری تیشك و ڤیرۆنیكا و یانزه‌ ده‌قیقه‌ی بڵاو كرده‌وه‌، بوو به‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی جۆراوجۆر، بۆ سی و سێ زمان وه‌رگێڕدران، له‌ رۆمانی به‌ره‌نده‌ به‌ ته‌نها ده‌مێنێته‌وه‌، سێ كاراكته‌ری سه‌ره‌كی هه‌ن، كه‌ یاری به‌ خه‌ونه‌كانی ده‌كه‌ن، ئیگۆری ملیۆنێری رووسی كه‌ پێی وایه‌ كوشتن ره‌وایه‌، ئه‌گه‌ر هۆیه‌كی ره‌وای هه‌بێ، بۆ نموونه‌ رزگاربوون له‌‌ عه‌زابی مرۆیی یاخود تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ ، دووه‌م حه‌میده‌ یه‌كێ له‌ قوتبه‌كانی مۆده‌ و مۆده‌كاری كه‌ له‌ نێو هه‌مان تۆڕدا گیری خواردووه‌، كه‌ ویستی به‌كاری بهێنێ، سێهه‌م كاراكته‌ری رۆمانه‌كه‌ گابرێله، كه‌ پێی وایه‌ ناوبانگ ئامانجه‌، پاولۆ كویلو له‌م رۆمانه‌دا ده‌چێته‌ نێو میهره‌جانی كان دونیای ناودارو ده‌وڵه‌مه‌ندو خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كان و بێ چه‌ندو چوون ده‌چێته‌ ناو ژیانی تایبه‌تی ئه‌وانه‌وه‌ و باس له‌ سلوك و ره‌وشتی ئه‌وانه‌ ده‌كات، له‌ به‌رامبه‌ر مه‌ینه‌تی و ئازاری ئه‌وانی تره‌وه‌ ، دواجار چۆن ئه‌وانه‌ ده‌كه‌و‌نه‌ ناو ته‌نهایی و وه‌حشه‌ته‌وه‌و ژیان به‌ قورسی ده‌یانخاته‌ ناو تاریكی نه‌حه‌وانه‌وه‌یان. به‌ كورتی ئه‌و رۆمانه‌ باس له‌ پاره‌و ناوبانگ ده‌كات، له‌ جیهانێك كه‌ بریتیه‌ جه‌لاد و قوربانی، له‌ سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌دا پاولو ده‌نووسێ: هێشتا دكتاتۆرێكی زۆر ماون له‌ ده‌سه‌ڵات، وڵاتانی خۆرهه‌ڵات دووچاری نه‌هامه‌تییه‌كی زۆر هاتوون، هێشتا زۆرن ئه‌وانه‌ی یارمه‌تی تیرۆرو تیرۆریستان ده‌ده‌ن، له‌ هه‌موو ڕوێكه‌وه‌، هه‌روه‌ها یارمه‌تی ئه‌و ئوسولییه‌ مه‌سیحیانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ توانای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكه‌كانیان هه‌یه‌، به‌ پێی قسه‌ی یه‌كێ له‌ فه‌یله‌سووفه‌ ئه‌مریكییه‌كان دونیا به‌ ته‌نها شه‌ش هه‌زار كه‌س ده‌یگێڕێ، به‌ند كراوی سیاسی یه‌كجار زۆرن، ته‌عزیب بۆته‌ خه‌سله‌تی سه‌رده‌م، باولو ده‌ڵێت له‌ میهره‌جانی كان دوو جۆر كه‌س ده‌بینرێن یه‌كه‌میان ئه‌وانه‌ن كه‌ پێیان ده‌گوترێ رووخسار ره‌شه‌كان، كه‌ ئه‌وانه‌ن له‌به‌ر رۆژ داده‌نیشن و پلیتی هه‌موو شوێنه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی میهره‌جانیشیان پێیه‌، ئه‌وانه‌ به‌ره‌نده‌كانن، كه‌ هه‌میشه‌و دواجار ته‌نها ده‌بن، دوومیش ره‌نگ زه‌رده‌كانن، كه‌ له‌به‌ر گه‌ڕان و سووڕان له‌ تاریكیدا هیچیان چنگ ناكه‌وێت و زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێن، له‌به‌رده‌وامی رۆمانه‌كه‌دا وا دێته‌ به‌رچاو باولو باس له‌ جیهان ده‌كا وه‌ك بازاری فیلم، جیهانێك پاروپول هه‌ڵیده‌گێڕێ و ده‌سه‌ڵات به‌ ده‌ستی ده‌هێنێ و ناوبانگیش له‌سه‌ر بنه‌مای پوچ دروست ده‌بێ. رۆمانێكی ئاڵۆزو پڕ له‌ نهێنی و ده‌هالیزه‌، خوێندنه‌وه‌شی به‌هه‌مان ستایلی نووسین ئاڵۆزه‌.