ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(1 ) 

شار وێرانه‌یه .‌ 

بێ له‌و جێگایه‌ی،

هێشتا شوێنه‌واری .. 

مانه‌وه‌ی تۆی تێدا ده‌بینم .

(2 )

به‌ خه‌یاڵی،

هاتنی تۆ .

هه‌موو گیانم ده‌كه‌مه‌ چاو .

(3)

پاییز،

بیانویه‌كی باشه‌ 

بۆ بیركردنه‌وه‌ له‌ تۆ .

(4)

چەند جوانی ! 

ئەستێرەش وەک تۆ،

شەو جوان ناکا .

(5 )

هاتنی تۆ، 

وادەی هاتنی وەرزی بەهارە .

ئەگەر نا

ساڵ دەبێتە چوار پاییز.

(6)

ده‌كرێ،

گومانم له‌ زۆر شت هه‌بێت . 

وه‌ك،

سوڕانه‌وه‌ی زه‌وی به‌ده‌وری خۆیدا 

به‌ڵام له‌ خۆشویستنی تۆ نا .

(7 )

هەزار دەرد و

یەک دەوام هەیە . 

دەواکەم تۆی .

(8 )

• 

تۆ پرچت،

شانه‌ ده‌كه‌یت . 

شه‌وی من، 

پڕ ئه‌ستێره‌ ده‌بێت .

(9 )

• 

به‌ ته‌نیا بووم 

وێنه‌گره‌كه‌ وێنه‌كه‌ی گرتم . 

هه‌ستم كرد، 

ژیان چه‌ند بێ مانایه .

(10 )

كاتێ كه‌ تۆ،

كراسێكی،

زه‌ردێكی كاڵ ده‌پۆشی . 

ئه‌م زه‌مینه‌،

پاییزی،

چه‌نده‌ جوان لێدێ .

(11 )

تۆ ده‌ركه‌وی،

ئیتر من 

خۆشبه‌ختی وون ناكه‌م .

(12 )

ئه‌گه‌ر،

ده‌ڕۆیت،

چاوه‌كانیشم ببه‌ ؟

ئیتر به‌ كه‌ڵكی ڕوانین نایه‌ن .

(13 )

 

له‌بیر كردنی تۆ،

سه‌خت نییه !‌ 

ئه‌مه‌ یه‌كێك له‌و درۆیانه‌یه‌ فێری بووم .

(14 )

چاوه‌ڕێم،

تۆ هه‌ر دێیت !!!