ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

ئیدی مان لە نان و ئاو دەگرم!

شەڕی من و تۆ

لەسەر خوانی پڕە.

 

ئەم خاکە بەجێدێڵم،

پشت لەم مێژوە دەکەم

شەڕی من و تۆ

لەسەر سەروەرییە.

 

چیتر نە هاوڕێیەتی کافرێک دەکەم،

نە دەبمە دراوسێی خواپەرستێک

شەڕی من و تۆ

لەسەر باوەڕە.

 

ڕقم لە کرێکار و سەرمایەدارە پێکەوە

شەڕی من و تۆ

لەسەر پارەیە.

 

ڕقم لە زمانە، ڕقم لە وشەیە

شەڕی من و تۆ

لەسەر تێنەگەیشتنە.

 

لە نێوان ئەم هەمو تەرم و گۆڕە

بەیانییەک نەماوە بۆ بۆنکردنی گوڵ،

نیوەڕۆیەک نەماوە بۆ گوێگرتن لە دەنگی با،

ئێوارەیەک نەماوە بۆ پیاسەیەکی دوقۆڵی

شەڕی من و تۆ لەبەر ژیانە

ئێمە لەسەر مردن کۆکین!