ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لێکۆڵینەوەی شیعریی:

 

بەشی یەكەم

سۆران محه‌مه‌د

لە هەموو بوارێکی ژیاندا کەسانێك هەن عاشقن، بە جۆرێك عاشقی بوارەکەی خۆیانن گەر ئەو بوارەیان لێ زەوت بکرێت وردە وردە ڕەنگیان زەرد دەبێت و تووشی ڕشانەوەی تەپوتۆزی دەوروبەر و پیسی دەروونەکان و ژینگەی نەخۆش دێن و لەسەر جێگاش شەوان بە دەم خەوەوە ڕادەکەن و دەڵێن: کوا نیوەکەی ترم؟ کوا عەشقەکەم.. ئیتر نائومێدانە وەکو نائومێدیی لاوی پەشێوی ئەم گەلە بێدەنگ ئاوادەبن و چاو لێکدەنێن و لەسەر نەغمەکانی ژیان ناویان نایەت و گۆرانیبێژەکانیش لە کاتی پیاسەکانیاندا گۆرانییە خەمبارەکانیان ناڵێنەوە، زۆر بە داخەوە زوو لە یادەوەری و هزری دەستەجەمعیدا دەکوژێنەوە.. وەك بەسەر شاعیر کەژاڵ ئیبراهیم خدر و زۆری تردا هات. ئێستا کە لە زەمەنێکی بێ بەزەییدا دەژین (زەمەنی پۆستمۆدێرن و گڵۆبالیزەیشن)، جوانییەکان ناشرین دەبن و ناشرینییەکانیش جوان، مەیلی خودپەرستی جێگەی گیانی هاریکاریی و خوێندنەوەی یەکتریی گرتووەتەوە، بایەخدان بە بوارە نابەرجەستە ڕۆحییەکانی وەك شیعر زۆر کز بووە... جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین کە وەك چۆن یەکیك لەو عاشقانەی بواری مۆسیقاش نەوژین محەمەدە، کە لە گوتەیەکدا ڕاشکاوانە دەڵێت: "کەمانەکەم نیوەکەی ترمە".. ئەو ڕاست دەکات، خۆزگە مرۆڤەکان ئاوها هەست ناسکانە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەدەب و هونەر و زانستە مرۆیی و زانستە مادییەکاندا عاشق دەبوون و ئەوسا داهێنان و پێشکەوتنی مەیدانەکانی ژیانمان بە خۆوە دەبینی و ئێمەی کوردیش وەکو میللەتێکی شارستانی سەردەم بە قورساییەکی زۆری ڕۆشنبیریی و زانستییەوە وەڵامی هەموو تەگەرەکانی ژیانمان دەدایەوە.

لێرەدا مەبەستی لێدوانمان سەباح سابیر حەسەنە؛ ناخ و دەروونێك پڕاوپڕ لە عەشق بۆ شیعر کە هەمان پاکێتی عەشق دووبارە دەکاتەوە و ڕاشکاوانە دەڵێت: " تەواوی ژیانم خستووەتە خزمەتی شیعرەوە" .

ئەو سێ دەیە زیاترە هەستناسکانە عەوداڵی شیعری ڕەسەنە و دەگاتە ئەو ڕادەیەی ئێستا یەخەی زەمەن ڕادەتەکێنێت و دەڵێت بۆ شیعر نامۆ بووە؟ بۆ گیان فەرامۆشکراوە؟ کوان شاعیرە ڕاستەقینەکان؟ ئەو هەمووە بنووسە بێ بەرهەم و بێ بەهرانەی پۆڵەتیك و گرووپ و پەیوەندی شەخسی و بەرژەوەندی و ڕوپامایی... ناحاڵییانی کۆکردووەتەوە و وەك بارێکی گران داونی بەسەر شانی ئەدەبی کوردیدا، لەولاوە پرسیارێکی بێ وەڵام دەمێنێتەوە کە کێ ڕزگاری دەکات لەو بارگرانییە؟

لە بیرمە سەردەمێك کتێبی (زێوان)م کڕی بۆ یەکەمجار، دنیای نووسین و چاپەمەنی و خوێنەرانی کورد زۆر جیاواز بوو بە بەراورد بە ئێستا، ئەوسا تەنیا چەند کتێبخانەیەك هەبوو لە شارە گەورەکاندا و هەر کتێبێکی تازە دەربچووایە دەنگی دەدایەوە و هەمووان دەیانزانی و هەر زوو لە بازاڕدا نەدەما، تاکە سەرچاوەی ڕاستەوخۆ و کاریگەری مەعریفە و ڕۆشنبیریی هەر کتێب بوو، نە ئینتەرنێت هەبوو، نە مۆبایل، نە سەتەلایت، نە قەرەباڵغی دنیای سەرمایەداری هاوچەرخ و بوونی پارەی زۆر لە دەستی خەڵکانێک، خەڵکەکەش گیانێکی پاكیان هەبوو، عەوداڵی فێربوون و موتابەعەکردن و خوێندنەوە بوون، شەرم بوو دەربارەی شتێك قسە بکەیت و نەتخوێندبێتەوە یان شارەزایی تەواوت نەبێت لەبارەیەوە، هەر بەم شێوەیەش و ئاوها شاعیر سەباح سابیر حەسەن گۆشبوو بەشیعرجو وشەجو گوێڕایەڵی بۆ ئەو دنیا بەربڵاوە پڕ تەلیسمە، ئەو ئێستاش هەر ئاوها مامەڵە دەکات و شتەکان دەبینێت، بەس سەد حەیف و مەخابن! ئەم زەمەنە هی ئەو نییە و تیایدا نامۆ بووە، ئەوەی خەڵك بە لایدا ناچێت کتێب و خوێندنەوەیە، لەناو خوێندنەوەشدا ئەوەی کەمترین خوێنەرجو فرۆشی هەیە شیعرە.. 

ئەوەی نابێت وەلانرێت و نەگوترێت ئەوەیە کە لای من گەورەترین خاڵی ئەرێنی دنیای شیعرجو شاعیرێتی ئەو، ئەوەیە کە هەر لە یەکەم دیوانییەوە تا دواهەمینی (دواکەوتن لە کەشتی نووح) کە بەشێوەی ئەلەکترۆنی لە ساڵی ٢٠١٧ بڵاو بووەوە، لەسەر یەك شێوازی جیا و تایبەت بەخۆی بەردەوام بووە و کۆڵی نەداوە، سەرەڕای ئەو هەموو نشێو و تاسە و هەڵدێر و پلارانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، وەك خۆی دەڵێت نەك هێواشیان نەکردووەتەوە، بەڵکو زیاتر گیانی کۆڵنەدان و برەویان تیا چاندووە.

ڕەنگە بەکارهێنانی زمانی سادە و ڕاستەوخۆ لەم کۆپلەیەدا هەوڵێك بێت بۆ ماندوونەکردنی خوێنەر نەک تەواو مەبەستەکانی شاعیر تێنەگات، بۆیە ڕاستەوخۆ خوێنەر پەلکێشی ناو کێشەکانی شیعر و شاعیر دەکات و دەڵێت:

" چاکەیەکی زۆری شاعیرە

چاوهەڵاوگێڕ و

و

و

ـە کانم لەسەرە

دڵڕەش 

بەدگۆ 

دەروونکلۆر 

بەوەی زۆر گێچەڵیان پێکردووم

لە گێچەڵیانەوە فێربووم بە ئەمەک و نمەکی خدری زیندە بیر بکەمەوە"

ئەو نایشارێتەوە و دەڵێت: "هیچ شاعیرێك وەك من تووشی شەڕ و گێچەڵ و قسەی لە هیچەو دەمهەڵبەست و پەلاماردان نەهاتووە"، یان "کاردانەوە و بەدگۆیی و ئیرەیی و نیازخراپی و دڵڕەشی و کەسەریی و ناکەسبەچەیی دوژمنە گوڕنەتەڵەکانم گەیشت بە پلەیەك هەڕەشەی زۆر ناشارستانیم لێ بکەن".

جێی خۆیەتی لێرەدا دەروازە لەسەر باسێکی گرنگ واڵا بکەین؛ ئەویش ئەوەیە لە حاڵێکدا گەر ئەو ناتەباییەی لەگەڵ چەند شاعیرێکی هاوشارییدا نەبووایە چی ڕووی دەدا؟ ئایا شتەکان بە ڕوویەکی جیاوازتردا لەسەر شیعرەکانی نەدەکەوتنەوە؟ یان ئەوە سروشتی کەسەکان و شتەکانە و هەر دەبوو ئاوهابووایە، ڕەنگە سەرەتا هەر لێكحاڵی نەبوونێکیش بووبێت- بە نیازە پاکە دڵسۆز و پەرۆشەکانی کاک سەباح بۆ شیعر، بەڵام بەداخەوە کار گەیشتە ئەوەی لە شیعریشدا ڕەنگ بداتەوە، من بە ڕاستی ئەم مەسەلەیەم وەك بابەتێکی تایبەتی لێکدەدایەوە و باسم نەدەکرد ئەگەر لە شیعرەکانی کاک سەباح دا ئاماژەیان پێ نەکرایە، بەس کە بوون بە شیعر دەکەونە ژێر تیشکی لێدوان و لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردنەوە. جگە لەمانەش ماوەیەکی زۆر بێدەنگ بوونی ڕەخنەنووسان و لێکۆڵەران لەبارەی دەقەکانی سەباح و تەنانەت بوونی ڕای نەرێنی زۆرێك لە قەڵەم بەدەستان لەبارەی شێوازی شیعرەکانی ساردیان نەکردەوە و شێوازیان پێ نەگۆڕی. هەر بۆ نموونە گەر ڕای سێ لە ئەندامی هەڵسەنگاندنی یەکەم کتێبی (زێوان) بخوێنینەوە، نەك هەر ڕەفز، بەڵکو جۆرە هێرشێکە بۆ سەر شیعرەکانی، وەك گوتەکانی: (مەجید نەدیم، محەمەد بەدری و محەمەدی مەلا کەریم).

هەمیشە جیاواز نووسین باشتر و کاریگەرتر بووە لە دۆگمابوون و دووبارەکردنەوە و نووسینی شیعری ئاسایی، لەمڕۆژەدا هەر ئەوەندە بەس نییە دەقێك پێی بگوترێت شیعر، بەڵکو جیاوازبوون مۆرکی شاعیرێتییە و جا گەر ئەو جیاوازییەش تەنیا لە لایەنێکی دیاریکراوی شیعرییەوە بێت هەر جێی دڵخۆشییە، یان لە زۆربەی پێکهاتە شیعرییەکانەوە بێت وەك زاراوە، وشەسازیی، بنیات، شێوە، کەرەسەی شیعریی، وێنە، دنیابینی و بابەت، ناوەڕۆك، هونەرە جیاوازەکانی زمان...