ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

شیعری : سوعاد ئەلسەباح

 

وەرگێڕانی : فەیسەڵ دێهاتی

دەڵێن :

 

نووسین گوناهێکی گەورەیە

تۆ نەنووسی

نوێژکردنیش لەبەردەم پیتەکان یاساغە

نزیکی نەکەوی

مەرەکەبی شیعر ژەهرە

تۆ نەیخۆیتەوە

ئەوەتا ...

هێندە زۆرم خواردۆتەوە

ژەهراوی نەبووم بەو شووشە مەرەکەبەی

نێو کتێبخانەکەم

ئەوەتا ...

هەڵبەت زۆرم نووسی

لە هەر ئەستێرەیەک ئاگرێکی گەورەم کردۆتەوە

رۆژێک لە رۆژان خوا رقی لێم هەڵنەستا

پێغەمبەریش لێم جاڕس نەبوو .

......

دەڵێن :

ئاخاوتن تەنیاو تەنیا تایبەتە بە پیاوان

تۆ نەئاخڤی

نووسینیش ئاوی دەریایەکی قووڵە

وریابە تیا نقوم نەبی

ئەوەتا ...

مەلەم زۆر زۆر کرد

رووبەڕووی چەندین دەریا بوومەوە

نقووم نەبووم .

.....

دەڵێن :

من بەشیعرەکانم دیواری پیاوەتیم رووخاندوە

پیاوان هەر خۆیان شیعرن

لە خۆم دەپرسم :

بۆچی ... ئەم دیوارە ئەفسانەییە بنیاد دەنێن

لە نێوان کێلگەکان و ... درەختەکاندا

لە نێوان هەورەکان و ... بارانەکاندا

لە نێوان ئاسکە کچان و ... شێرە کوڕاندا

کێ گوتی !

شیعر سێکسە

پەخشان سێکسە

فیکر سێکسە

کێ گوتی !

سروشت دەنگی باڵندە جوانەکان نابیستێ

.....

دەڵێن :

من کێلی مەڕمەڕی گۆڕەکەی خۆم شکاندووە

ئەوە راستە ...

من شەمشەمە کوێرەکانی سەردەمی خۆم سەربڕیوە

ئەوە راستە ...

من رەگی دوو فاقیم بە شیعر هەڵتەکاندووە

سەردەمی ژێر چەپۆکیم تێک شکاندووە

چونکە برینداریان کردم !

جوانترین جوانی ئەم بوونە ... ئاسکێکی بردندارە

گەر لە خاچیان دام ... سوپاس بۆ ئەوان

هەڵبەت خستوومیانەتە مەقامی مەسیح !

.....

دەڵێن :

مێینەبوون شوورەییە

چاکترین ئافرەت ئەو ژنەیە مل کەچی پیاوە

ئازادی ئافرەت سەرەداوی گوناهەکانە

شیرینترین مێینەش ژنی کەنیزەکە !

.....

دەڵێن:

ژنانی نووسەر جۆرە ئادەمییەکی سەیرو سەمەرەن

وەک ئەو گیایەی ... لە بیابان ناڕوێ

ئەوەی شیعریش دەنووسێ

تەنیا ئافرەتێکی شۆخ و شەنگە !

پێکەنینم دێ بە هەموو ئەوانەی لەسەرم گوتراون

بۆچوونەکانی سەردەمی سوڵتانەکان قاو دەدەم

هەروەها لۆژیکی سوڵتانەکان

دەمێنمەوەو لەسەر لوتکەی دوندێک گۆرانی دەچڕم

دەزانم هەورەکان دێن و تێدەپەڕن

گەردەلوولەکان دێن و تێدەپەڕن

شەمشەمە کوێرەکان دێن و تێدەپەڕن

دەزانم ئەوان بەرگە ناگرن

هەر منم دەمێنمەوە .

.....

ئەم وڵاتە شیعری مێینە خەتەنە دەکا

خۆریش لەگەڵ هەڵاتندا قەنارە دەکا

بۆ ئەوەی سەقامگیری خێزان بپارێزێ

ئافرەت سەر دەبڕێ گەرقسەی کرد

یا بیری کردەوە

یا نووسی

یا ئاشق بوو

ئەوەش بۆ کڕینەوەی نامووسی خێزان !

ئەم وڵاتە ئافرەتی یاخی ناوێ

هەمدیس ئافرەتی تووڕەش

ئافرەتێکی ناوێ

لە کەش و هەوای خێزان دەرچووبێت

ئەم وڵاتە ئافرەتێکی ناوێ

بەرایی قەرەوێلی کاروانی گرتبێت !

.....

ئەم وڵاتە ئافرەتەکانی خۆی هەڵلووشی

ئەوە وڵاتی واق واقە ...

دەست بەسەر بیرکردنەوەت دادەگرێ

هەروەها ئافرەت لەناو پێخەفی بووکینی

وەک حوشتر سەر دەبڕێ

مەلەی لە ماسییەکان قەدەغە دەکا

هەروەها فڕینیش لە باڵندەکان

ئەم وڵاتە رقی لە گوڵە بپشکوێ

هەراسانە بە بۆنی عەتر

هیچ خەونێک نابینێ ، تەنیا و تەنیا

پێخەف و سێکس نەبێ !

.....

ئەم وڵاتە ئاسمانی خۆی کڵۆم داوە

ژنەکانیشی مۆمیا کردووە

روخسار تیایا گەڵ و گونە

دەنگ تیایا گەڵ و گونە

هزر تیایا گەڵ و گونە

شیعر تیایا گەڵ و گونە

ئەڤین تیایا گەڵ و گونە

مانگی سەوزو نامە ئاسمانییەکانیش .

ئەم وڵاتە لە رۆژمێری خۆی بەهاری سڕیوەتەوە

هەم زستانیش

گریانی چاوەکانی دۆزیوەتەوە .

.....

ئەم وڵاتە تەمبەڵ و نوستوویەکی غەفڵەتگیرە

چیان لێم دەوێ ... ؟

من جەنگاوەرێکی تێکشکاوی بریندارم

گەر ئەقڵی منیان ناوێ

خۆم بەختەوەر نابم ئاقڵ بم

ئافرەت چی لە بارانەکانی دەکا

ئافرەت چی لە رووبارەکانی دەکا

چۆن دەکارێ گوڵ بڕوێنێ

لە زەوییەکی رووتەنی وشک و برنگی بێ گژوگیا .

.....

لە وڵاتی ئێمەدا چی لە ژن دەخوازن ؟!

بە کوڵاوی حەزیان لێیەتی

بە برژاوی حەزیان لێیەتی

بەگۆشت و دۆنی خۆی حەزیان لێیەتی

حازر بێ بۆ هەرچرکەیەک ئارەزووی بکەن

دەخوازن مناڵ و کاڵفام بێ

ئەوە هەر دە سپاردنەکەی چاودێرییە

بۆ پاراستنی کەلتووری خێزان .

.....

ببوورن ... ببوورن

هەرگیز واز لە نینۆکەکانم ناهێنم

هەمیشە دەمێنمەوەو

لە بەرایی کاروان دەڕۆم

هەمیشە دەمێنمەوە

جا کوژرابم ... یان بکوژ بم !