ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پێنجی نۆڤەمبەر

بۆ هەندێکان بێ مانایە، بۆ زۆران بێدەنگ، بۆ من نا

کۆدی لە دایکبوونم پێنجی نۆڤەمبەرە

وەک ئەوەی خۆ بە شنەیەکی رەوتەنی هەڵبواسم

رۆژی جەڵتەی مێشکم بیر دەکەوێتەوە

کاتێ لەسەر جێگای سپی نەخۆشی

باخچەی خەیاڵم پسا

ئەو رۆژەی دایکم ئاو و ئاو چوو

ئێوارە دانەنیشتنی 2014 لەگەڵ هاوڕێکانم

گوتیان تا ئێمە نەمرین تۆش مەمرە

پێنجی نۆڤەمبەر

تاقیکردنەوەیەکی چۆل بوو

یانزەی سێپتەمبەر تاقیکردنەوەیەکی قەرەباڵغ بوو، بۆ من نا

لەگەڵ قەرەباڵغی ئارەزووی برادەرێتی ناکەم

سوپاسی ئەو خەیاڵە رووتانە دەکەم کە ژیانیان پێبەخشیم

وەک کوندەپەپوو بەر لەوەی تاریکی دابێت

خۆم دایە دوو باڵی تیوار

لە هەموو چرکەیەکدا مرۆڤ لە دایک دەبێ

لە هەموو وڵاتێکدا زیندووان بە مردووانەوە سەربەرز نیین

پیاوان بە شکۆی شەوانەوە خۆ بادەدەن

بمرە و بڵێ مردن نییە

پێنجی نۆڤەمبەر

ئافرەتێک لە وێنەکە دەشنێتەوە

لە مردنیش خۆشم دەوێت

ماڵێک بۆ ئەو ئافرەتە دەچنم

لە پەنجەرەی وێنەکەوە دەست لە ژیان رادەوەشێنێ

دڵم دەکا بە ئاو

پێنجی نۆڤەمبەر

دڵ لە هاوارێک زێتر ناکا

عەشق هەمان شتە

لە ترپەی دڵ و فرمێسک

باران دەبارێت

دەنگێ لە تاریکی دێ

لە نێوان یانزەی سێپتەمبەر و پێنجی نۆڤەمبەر

عەشق مێژووی نییە

مردن مێژووی نییە

مرۆڤ بە تەنیا دەمێنێتەوە

لە هەموو چرکەیەکدا دڵم دەبێ بە هەتاو

ژیان بەڕێوەیە.

هەولێر 18/9/2016