ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیعری : ئیبراهیم هەورامانی 

(1)

قسەی زۆرم هەیە 

بۆ وتن .

بۆ ئەوەی 

ڕۆشتنت بیربچێتەوە

تەواوی حەرفەکان ،

لە بیر خۆم دەبەمەوە .

*** 

(2)

بۆئه‌وه‌ی ،

شار ئارام بێ .

پێویست به‌ زۆر شت ناكات .

هێنده‌ به‌سه‌ ،

تۆ ده‌ركه‌ویت .

*** 

(3 )

خودا ،

پاش خولقاندنی تۆ .

بیری لە

وەرزی بەهار کردەوە.

*** 

(4 )

• 

ئەگەر من تۆم خۆشنەویستبا . 

ئێستا ساڵ ،

بێ وەرزی بەهار دەبو ..

***

(5 ) 

• 

تا تۆ نەهاتی 

هەستم 

بەهاتنی بەهار نەدەکرد .

***

(6 )

• 

درۆ تامێكی سەیری هه‌یه‌ ،

تفت و 

تاڵ . 

هەندێک جار ،

وەک گێلاس شیرین . 

به‌ تایبه‌ت ،

كاتێ ده‌ڵێی : 

خۆشم ده‌وێی !

*** 

(7) 

ده‌زانم ده‌مرم . 

وه‌ك هه‌موو كه‌سێكی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ . 

به‌ڵام من ،

به‌مه‌رگی ئاسایی نا . 

مه‌راقی دووریی تۆ 

ده‌مكاته‌ خۆڵه‌مێش .

*** 

(8 )

سەر لەو 

ڕۆژە بێ تۆیانە دەرناکەم .

چۆن بەبێ تۆ ، 

تێپەڕین؟

*** 

(9 )

 

له‌ هه‌ركوێ بیت ؟ 

تەنانەت

له‌ دورترین ،

شوێنی دونیا . 

دواجار ،

جێگه‌ی تۆ 

دڵی منه‌ .

*** 

(10 )

هەموو شتێکت لێ.جوانە. 

تەنیا ،

ڕۆشتن نەبێ .

***

(11 )

• 

مانگی من ،

تۆیت . 

*** 

(12 )

منیش پیر بووم ! 

هه‌روه‌ك ،

فه‌رهاد . 

*** 

(13 )

كه‌ كراسێكی ،

سوری گوڵگوڵین ده‌پۆشی . 

به‌هار ،

چه‌ند له‌تۆ ده‌چێ .!!

*** 

(14 )

 

• 

ئه‌ستێره‌ ... 

مانگ . 

گوڵه‌ باغ و 

ڕه‌نگی شینایی ئاسمان و 

جوڵه‌ی گه‌ڵای دره‌خت 

زۆر شتی تریش ، 

له‌ تۆ ده‌چن . 

خودا له‌شكڵی جوانی تۆ 

ئه‌م گه‌ردونه‌ ،

گه‌وره‌یه‌ی دروست كردوه‌ . 

*** 

(15 )

زستانێكی سارد به‌ڕێوه‌یه‌ ! 

وێنه‌كه‌ت ،

له‌لام جێبهێڵه‌ . 

با نه‌بمه‌ ،

پارچه‌یه‌ك سه‌هۆڵ .

***

(17 )

كاتێ كه‌ من ،

به‌بێ تۆم . 

چه‌ند ناشیرینه‌ ،

ڕۆژهه‌ڵاتن .

***

(18 )

ساڵ بەتۆوە ،

یەک وەرزە . 

وەرزی بەهار .

***

(19 )

بۆ من گرنگ نییه‌ ،

بزانم ژماره‌ی ئینسانه‌كانی سه‌رزه‌وی چه‌نده‌ ؟

گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ،

من شیعر ،

ده‌نوسم و 

تۆش ده‌یخوێنیته‌وه‌ .

***

(20 )

تا ئێستاش ،

دڵم به‌ ژیان خۆشه‌ . 

چونكه‌ ،

هه‌ر عاشقی تۆم .