ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی یەكەم

 

سه‌رده‌می گریانی به‌ڵقیس تازه‌ترین ڕۆمانی برای نوسه‌روئه‌دیبی گه‌وره‌ی گه‌له‌که‌مان( جه‌بار جه‌مال غه‌ریب ) ه‌ ساڵی 2018 ده‌زگای (ئه‌ندێشه)‌ به‌ چاپی گه‌یاندووه‌ ، له‌ به‌رگی دواوه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ نوسراوه‌ (سه‌رده‌می گریانی به‌ڵقیس دووباره‌ نوسینه‌وه‌ی داستانێكی تره‌ له‌ چه‌شنی له‌یلاو مه‌جنون و لاس و خه‌زاڵ و مه‌م و زین ، نه‌مركردنی عه‌شقێكه‌ كه‌ پێنه‌گه‌یشتنی ئازارێكی ئه‌به‌دی و پێگه‌یشتنی تیاچونی جه‌سته‌یی و فیزیكیه‌ ) 

بۆیه‌ له‌ یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌وه‌ مێژووی عه‌شقێكی پیرۆزمان ده‌خاته‌ به‌ردیده‌ ، كاتێك( كه‌مال)ی به‌زاز ده‌ڵێ‌( دنیا بۆ ئێوه‌ به‌ڵقیس بۆ من )، ئه‌مه‌ قسه‌ی دڵی كه‌مال بووه‌ له‌و رۆژگاره‌ی که‌ عه‌شقی (به‌ڵقیس) ده‌بێت ، که‌ ده‌بێته‌ هاوسه‌ریشی خه‌ڵکی ده‌ڵێن( ئه‌و ژنه‌كه‌ی خۆی له‌ دڵی خۆی خۆشتر ده‌وێت له‌سه‌ر ئه‌و خوێنی ڕژاوه‌ )، که‌چی هه‌ر ئه‌و كه‌ماله‌ ده‌بێته‌ سێبه‌ری مه‌رگ و شار به‌ شارو کوچه‌ به‌ کوچه‌ به‌ دوای(نیان)ی كچه‌ تاقانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێت! برای نوسه‌ر له‌ گێڕانه‌وه‌و پیرۆزكردنی ئه‌م عه‌شقه‌ باس له‌ خۆشه‌ویستی نێوان كوڕو كچێكی كورد ده‌كات كه‌ له‌ دوو پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی جیا ژیاون ، كچه‌ له‌ نێو بنه‌ماڵه‌یه‌كی زه‌نگینی سلێمانی و كوڕه‌ش له‌ نێو بنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌ژارو شیوعی گه‌ڕه‌كێكی هه‌ولێر ، كاتێك ئه‌م دوو عاشقه‌‌ دوور له‌ چاوی كه‌س و كاریان له‌ قۆناغی خوێندنی زانكۆ له‌ شاری به‌غدا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن ، له‌ ناخی خۆیاندا هه‌ست به‌ هیچ جیاوازیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری ناکه‌ن ، به‌ڵام له‌ ناخی خانه‌واده‌ی كچه‌ سنوری جیاوازیه‌كه‌ قوڵتر ده‌بێته‌وه‌و بڕیاری كوشتن و گێڕانه‌وه‌ی نامووس ده‌ده‌ن !

به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ بیركرنه‌وه‌ی به‌شی زۆری پیاوانی كوردو رۆژهه‌ڵاتیه‌! كاتێك خۆیان بكه‌ونه‌ داوی عه‌شقه‌وه‌ پێی ده‌ڵێن گه‌نجایه‌تی و پیاوه‌تی ، به‌ڵام كاتێك خوشكه‌كانیان یان كچه‌كانیان بكه‌ونه‌ داوی عه‌شقه‌وه‌ ناوی ده‌نێن سه‌رشۆڕی و ئابڕوچونی بنه‌ماڵه‌! په‌ره‌پێدانی ئه‌م که‌لتوره‌ سواوه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی وای کردووه‌‌ رۆژانه‌‌ له‌م مه‌فته‌نه‌ی ئێمه‌ چه‌ند نیانێك بکوژرێ‌ و چه‌ندانی تریان به‌ ده‌ستی كه‌مال ومه‌حموده‌كانی كه‌مال له‌ كونجی زیندانی ماڵه‌وه‌ ئازاری جه‌سته‌یی و رۆحی بدرێن !

رۆژنیه‌ له‌م هه‌رێمه‌ بچكۆڵانه‌یه‌ی ئێمه‌ ده‌یان به‌ڵقیس خوێنی جگه‌ر نه‌خواته‌وه‌ له‌به‌ر مه‌رگی نیانه‌كانیان ، ئه‌مه‌ چ شکۆییه‌که‌ بۆ پیاوانی ئێره‌ ده‌یانه‌وێ ئه‌م بسته‌ خاکه‌ بکه‌نه‌ چه‌قی پاراستنی شه‌رف و جێنشینگه‌ی وه‌لییه‌کانی دنیا!

نوسه‌ر له‌م رۆمانه‌دا ئه‌گه‌ر به‌ کورتیش بێت دوو مه‌حمودمان پێده‌ناسێنێ مه‌حمودێكیان شیوعیه‌و له‌ پێناوی ئاینده‌ی منداڵه‌كانی و ئازادی وعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌چێته‌ ژێر په‌تی سێداره‌وه ! مه‌حمودێكیشیان بۆ گێڕانه‌وه‌ی شکۆو شه‌ڕه‌فی خانه‌واده‌ شار به‌ شار به‌ دوای كوشتنی خوشكه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌بێت‌!

له‌ ڕستی دا ئه‌م ئه‌دیبه‌ گه‌وره‌یه‌ ته‌نها چیڕۆكی عیشقی دوو كه‌سمان بۆ ناگێڕێته‌وه‌ ، به‌ڵكو داب و نه‌ریت و ژیان و زمانی دوو چینی جیاو دوو كه‌لتوری جیا ده‌خاته‌ ڕوو ، كاتێك به‌ زمانی زگماكی هه‌ولێرییه‌كان دێته‌گۆو باسی قه‌راتێ‌ و به‌زمی سینه‌ماو سه‌ید وه‌قاس و سه‌ید مه‌ردانت بۆ ده‌كات هه‌ست ده‌كه‌یت ئه‌م رۆمانه‌ مێژووی قه‌راتی پیره‌ هه‌ولێرت بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ ، كاتێك باس له‌ گفتوگۆی نێوان مریه‌مه‌ڕه‌ش و جیرانه‌كانی قه‌راتێ‌ و منداڵانی گه‌ڕه‌ك ده‌كات هه‌ست ده‌كه‌یت ئه‌وه‌ هه‌ولێریه‌كی ته‌مه‌ن سه‌د ساڵه‌یه‌و بۆ ڕابردوو ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ ، كاتێك باس له‌ ڕۆلی تێكۆشان و خۆڕاگری و قوربانی دانی شیوعیه‌كانی هه‌لێر ده‌كات له‌ پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی وعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ست ده‌كه‌یت رۆحی ئه‌و شیوعیانه‌یه‌ كه‌ تا دوا هه‌ناسه‌یان به‌ پێوه‌ شه‌هید بوونه‌ ، كه‌ باس له‌ خۆڕاگری و قوربانی دانی بنه‌ماڵه‌ی شیوعیه‌كان ده‌كات هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌وه‌ دایك و خوشكی شیوعیه‌كانه‌ ژیانی ڕابردوویان ده‌گێڕنه‌وه‌!