ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دەستم بگرە ھەنکاو ... ھەنگاو 

بمبەوە بەرەو مناڵیم

قاپقاپەکەم لە پا دەکەم ، 

لەگەڵ تنۆکی ھەناسەت 

دەچۆڕێم و شۆڕدەبمەوە ، 

باسی شای مارانم * بۆ بکە 

لە حەمامەکەی ژێر قەڵا 

بە دەستی لەشکری پاشا

گەمارۆ درا و چۆن کوژرا .

ئای جامیسات ...

چ غەدرێک بوو ، 

بۆ شای مارانت وەدەست دا ؟

خوێنی دەمارانت ژەھرە 

تاڵترە لە ژەھری گووژاڵک .

زۆر بێ ئامان و نامەردن ، 

توخمی ئادەم و بەشەر .

بمبەوە بۆ مناڵی خۆم ....

بۆ کەرکوکی خەونەکانم 

بۆ شەوقی باوە گوڕ گوڕەکەی ،

بە شەویش لە زکری جێژوانە ،

جێژوانێکی فێنک و تەڕ ، 

ژنان بە گریان بۆی دەچن ، 

باوەشیان بۆی کردۆتەوە ، 

باوە گوڕ گوڕ ..... ھاتم بۆ کوڕ .

مێوانەکانت بێگانەن ،

بۆنی تریاکیان لە خاک کرد

گێژو وێژیەکەیان پێمان دا

بۆ خۆشیان تریاکەکەیان برد .

زیڕەی " شوتی " شەریکە دێ ،

بە وەعدی بەھەشتی سەر زەوی ،

چەند سەرسام بووین

بەو خەونانە ، کە بێدار بووین ، 

گاورباغ ** لە خوێن خڵتابوو ، 

بوو بە دۆزەغ ، 

ئێمە بووین بەمێوان لە قەڵا

نامۆش خاوەنی مێوانە .

ئای جامیسات ...

با مناڵیم شینبێتەوە !

دەست ھەڵگرە لەشای ماران ،

کەرکوکەکەم دەوێتەوە ،

کەرکوکەکەی جاری جاران ....

* شای ماران = ئافسانەیەکی کۆنی کوردیە ، باس لە شای ماران دەکات ، کە گوایە لەکەرکوک ژیاوە و شارەکەی پاراستوە . دوژمنان دەیانەوێ شارەکە داگیر کەن ، لە ڕێگەی پیاوێکەوە ، کە ناوی " جامیساتە " ، شای ماران دەستگیر دەکرێ و لەوگەرماوەی لەژێر قەڵاتە دەکوژرێ . دەڵێن ، خۆێنەکەی ھەتا ئێستاش ھەر ماوە لە بنمیچەی یەکێک لە ھۆدەکانی حەمامەکە و کەس ناوێرێ بچێت بۆ ئەوھۆدە .

** گاورباغ = باغێکی زۆر جوان بوو لە کەرکوک ، کریکاران و خەڵکی جۆراو جۆر دەچوون بۆ پشوودان لەم باغە . لە ساڵی ١٩٤٦ کرێکارەکانی شەریکەی ئینگلیزی ، بۆ نەوت ، مانیان گرت ، داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکرد ، کۆبونەوەکەیان لەم باغەبوو ، بەڵام دەسەڵات و ئینگلیز زۆر بە دڕندانە وەڵامیان دانەوەو ئەوە بوە ھۆی شەھید بوونی ١٦ کەس و بیندار بونی ٣٤ کەسی تریش .