ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سبەی, دەبم بە پیرەمێرد...

ژنێك,

دەستم لێ بەرنادات.

عەینەكێكی ژێرپیاڵەیی

و

گۆچانێكی دارگوێزم,

بۆدەكرێت.

لە شەقامە قەوغاكاندا,

دەمپەڕێنێتەوە.

هەفتەی جارێك دەمشوات.

ریشم دەتاشێ.

جلی تازەم لەبەر دەكات.

دەمڕشێنێ بە عەتر.

ده‌مباته‌ لای؛

دکتۆری چاوو

پشت و

گورچیله‌و

پرۆستات و

گوێ و

ددان و

هه‌ناوو.......

ئێواران, دەمهێنێته‌ بەردەرگا.

لەسەر كورسییەكی حەیزەران,

دامدەنیشێنیت.

نەخۆش دەكەوم...

لەسات و كاتی خۆیدا,

شروب

و

حەبەكانم دەرخوارد, دەدات.

بە دەستە نەرمەكانی, قاچە زراڤەكانم دەشێلێ

پەڕۆی تەڕ, دەخاتە سەر نێوچاوانم

بەرەبەیانێك, دەمرم...

كراسێكی سووری خۆی دەكا بە كفن.

لەنێوان مەمكەكانیدا, دەمنێژێت.

شیعرە پەرش و بلاوەكانم خڕ دەكاتەوە.

لە دوو تۆی بەرگێكدا, چاپیان دەكات.

و

ناوی دەنێ؛

(ئاوا مەبە ئەی خۆر !)