ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەتەنیا دەمرم ،وەک مەرگی تۆ

 

وەک مەرگی ،جاویدانی تۆ

بە تەنیا دەمرم

بەتەنیاش ئەم ڕێگایە دەبڕم

ئەم ڕێگایە ،جگە لەخۆم کاروانچیە پیادەی ناکا ،،،،،،

بەتەنیا چنگەکڕێ لەگەل هەورازو نشێویەکانیا ئەکەم

بەدنمەک نیم بۆ مەمکە سیسەکانت ، بۆ مەمکە چرچەکانت

کە هەرگیز تێر شیرم لێ نەخواردن

بێ وەفانیم ، هەر هەتیوە خوێڕیەکەی جارانم

جارانی کانیە شۆڕیان ، هەتیوە برسیەکەی ناو مزەورەی 

سڵقاوەکەی بوکی ماڵان

ئێستاش دڵرەق مەبە ، لە وتوتکە سەگەی لە کوختێکا جێت هێشتوە

تۆ لێم مەگرە ،کاتێ ئاوڕ لە پرچی بلورینت نادەمەوە

ئەو پرچانەی سەردەمانێ،ڕەشماڵی ساوای غوربەتیم بوون

منیش داوای پاڕانەوەو نزاو بەخشین لەتۆ ناکەم 

تۆ بۆ مەرامی موچڕ کەیە، وەچەی مرۆڤێکت خستەوە

لە پێناوی ئاڵۆشی حەزی پیرۆزا

چنگێ قوڕت بۆ سەری کۆرپەیە گرتەوە

هۆ دایە گیان 

ئە و تەمەنە نەگریسەی من لە بێخەوە هەڵی کەندوم

ئەو تەمەنەم تیاترۆیەکەو 

دوا دڵۆپی شەرمی تکاندوم

ئێستا ش شەوانەو مەیخانە، چەندپیاڵەیەژەهری سپیم پێ نۆش ئەکا

دوا قەفی پێچی دوکەڵی

هانای جگەرەو ، غوربەتی من ، بۆ دیوانی خوا ئەبا

تۆ لێم مەگرە

ئێستاش تەنیام

وەک تەنیایی ، مناڵدانی جارانی تۆ

ئێستاش وەکو ئەوسا تەنیام

نەفرەت دەکەم لە و گەردونەش تیایا ژیام

دنیا پوچ و حیلەباز بوو نەمانزانی

گوێی مەدەرێ، بە شانە دارینە چڵکنەکەت ،

بەیانیان زوو،دوای دوو ڕکات نوێژی سوبح، بسکەکانت دابهێنە

هەروابزانە، وەکو جاران ،جوجەڵە مریشکێکت گوم کردوە

هەر وەک جاران وابزانە ئەم ئێوارەش

گوێلکە زەردماندرەنگ هاتەوە

منیش ڕۆژی تف دەکەمە ئەو ژیانەو 

بێ دەنگ دەمرم

کپ و تەنیا

وەک ئەو کۆتەرە دارەی ، لە بناری هەڵدێرێکا

بە لادادێ و ڕەشەبای خەم ئەیهەژێنێ

وەک ئەو گەڵا زەرد هەڵوەریوەی ،لە قەراخی جۆکەیەکا

گڤەی بایەک دەیبزوێنێ

منیش بێ دەنگ ، دوور لە چاوی مرۆڤ و شار

کپ و بێدەنگ ، بۆ خۆم دەمرم

لە جیات کفن

سوتەمەرۆی خاکێکی زەرد بە خۆم دەبڕم