ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە داگیر کردنی فزەما

زمانی شکاووم

بە جەواب ھات

بە ھاوار و فیغانەوە .

بێوەژنەکەی دراوسێمان ،

خۆڵی گڵکۆی مێردەکەی نارد

بە ھانام بێت ،

بێ سوود بوو ،

کەی بیستوتە ،

خۆڵ دەنگ بکات ؟

دەنکە ڕوحەکان

ڕووتەن کران

بوون بە تەزبیحێکی سوواو .

دونیا بڵقە بنیشتێکە

لە نێو دەمی سوزانێکی

چەقاوەسوو .

جەستەکانیش خانە خانە

دەتلوێنەوە ،

خنکاون لە زلکاوی

چاو چنۆکە ھەڵدۆزەکان .

ساڵانی تەمەن زۆر زۆرن

ئەفسوس قەت نابن بە قەڵغان ،

چاوی گازەندەیان زەقە ،

لە وەڵامم بۆ ڕابردوو

مێژووش زۆر بەبێ باکانە

تابلۆی وون بوونمی کێشا

مۆرکی خۆی لە سەر دانا ؛

" من کە دووبارە دەبمەوە ،

کاول بوون و داگیر کردن

لەگەڵ خۆما دەھێنمەوە ! "

کە کۆنە دۆستەکەتم بینی

مارەییت بۆ نۆژەن دەکات ..

ھیچم نەما پێتی بڵێم ،

جگە لەوەی ؛

پیرۆزت بێت ....موستەھەقی !

من وا دووبارە دەبمەوە ....