ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هێشتا ده‌ریا ئه‌وه‌نده‌ شین و قووڵ نه‌بوو

هێشتا بیابان ئه‌وه‌نده‌ دوور و درێژ نه‌بوو

چیاش ئه‌وه‌نده‌ لێژ نه‌بوو

كاتێ كه‌وا من تۆم هه‌بوو

نه‌ ئاگر ئه‌وه‌نده‌ سارد بوو

نه‌ به‌فر ئه‌وه‌نده‌ گه‌رم

مه‌ل به‌ سه‌ر شانه‌وه‌ ئه‌نیشت

گیا له‌ ناو له‌پ شین ئه‌بوو

دڵی هه‌تاو وا داغ نه‌بوو

كاتێ كه‌ من تۆم خۆشه‌ویست

ئێستاش تۆ وه‌ك ده‌ریا پڕی

وه‌ك بیابان دوورو درێژ

وه‌ك چیا لێژ

نه‌تۆ دێیه‌وه‌ دیدارم نه‌ ئه‌ستێره‌ی نیوه‌ شه‌وێ

نه‌مه‌ل به‌سه‌ر شان ئه‌نیشێ

نه‌ گیا له‌ناو له‌پ شین ئه‌بێ

به‌ڵام من هه‌ر وه‌كو جاران تۆم خۆشئه‌وێ