ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

1

ماچ :

ئاگری كوانووی 

پڕ له‌ ژیله‌مۆی پرسیاره‌ فه‌لسه‌فیه‌كانه‌ 

به‌ سه‌هۆڵی هه‌ناسه‌ی لێوه‌كاندا ده‌توێته‌وه‌ !

{2} 

ماچ :

به‌كه‌له‌ش كردنی رۆحه‌, 

گەیشتنه‌ به‌ پایه‌ی ئه‌و دیوی فیزیای رووناكی !

{3}

ماچ :

كڵۆ به‌فری 

هه‌ناسه‌كانی , مه‌نفای خوده‌ 

له‌ ته‌ندوری لێوه‌كاندا , هەڵده‌قرچێ !

{4} 

ماچ:

ده‌فته‌ری نۆته‌ی

ئاوازی نیگه‌رانیه‌كانی رۆحە 

بەژێی زماندا .. ده‌نووسرێته‌وه‌ !

{5} 

ماچ :

خوێناوی 

وشه‌ی ئه‌و شیعرانه‌یه‌ 

كه‌له‌ نێو منداڵدانی شیعردا له‌به‌ر دەچن !

{6} 

ماچ :

بڕه‌ شه‌ماڵی سارد و سڕی

ئه‌و پایزه‌یه‌ 

كه‌له‌ هاوینی ناخدا 

موتوربه‌ ده‌بێ !

{7} 

ماچ :

له‌ گوڵە باخ , بۆن و 

له‌نه‌رمه‌ سه‌مای بارینی به‌فریش 

ئیقاع و 

له‌ ته‌زووه‌كانی ِرۆحیش 

نۆته‌و 

لەبێده‌نگی شه‌وه‌ خامۆشه‌كانیش 

ئۆڕگازمی وه‌رگرتووه‌ !

{8} 

ماچ :

چڕكراوه‌ی هەزاران جاره‌ی 

به‌هاوستاتیكای سرووشته‌

له‌ فه‌زای بێ زه‌مان و مه‌كان دا !

{9} 

ماچ :

ئه‌و كانیله‌ ته‌زیوه‌ كوێستانییه‌یه‌ 

كه‌ له‌ قوڵایی بوڕكانی ناخ و 

له‌ كه‌ناری لێوه‌كانه‌وه‌ , ده‌ر ئه‌چێ .

{10} 

ماچ :

كلیلی 

ده‌رگا داخراوه‌كانی

به‌ندیخانه‌ی جه‌سته‌یه‌ , بۆ رۆح .

{11}

ماچ :

گه‌ڕانی لێوه‌كانە , 

به‌دوای ئاوی حه‌یاتا 

ئێی, كه‌{ ئه‌نكیدۆ} زۆر به‌دره‌نگه‌وه‌ , 

ئه‌مه‌ی زانی!

{12} ماچ : 

لێواری لێواو لێوی

ئه‌و ده‌ریاچه‌یه‌ 

كه‌ ماسیه‌كانی له‌ززه‌ت 

تواوه‌ی ئه‌شقی تیا هەڵده‌مژن !

{13} 

ماچ :

شه‌ریعه‌تی وڵاتێكە 

كه‌ هێشتا زارۆی تێدا گه‌وره‌ نه‌بوون !

{14} 

ماچ : 

هه‌ناسه‌یه‌كە 

كۆلیسترۆله‌كانی غوربه‌تی 

لە ده‌ماره‌ هه‌ستیاره‌كانی رۆح دا راده‌ماڵی 

بایه‌لۆژیاش نه‌یگه‌یوه‌تێ !

{15} 

ماچ :

زارۆی لێ له‌دایك بوو 

بۆیه‌ غه‌ریزه‌ی مژینی مه‌مكه‌كانی دایكی له‌ گه‌ڵدایه‌ !

{16} 

ماچ :

داستانی كیمیا ی 

ئه‌و سێوه‌ زه‌رده‌یه‌ 

كه‌به‌ده‌ست و لێوی ئه‌و مناڵه‌ی 

له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ مۆمیا ببوو !

{17}

ماچ : 

مه‌ره‌كه‌بی 

قه‌ڵه‌می جه‌سته‌ی له‌شه‌ 

بۆ نووسینه‌وه‌ی سیحره‌كانی رۆح!

{18} 

ماچ :

زه‌ماوه‌ندی شه‌هید بوونی 

وشه‌كانی خۆشەویستین 

لە منداڵدانی لێوه‌كاندا !

{19} 

ماچ :

گه‌رم بوونه‌وه‌ی مه‌لۆتكەی

زمانی سڕبووی 

ژێر لێزمه‌ باران و 

شه‌خته‌به‌ندی 

ئه‌و منداڵه‌ حه‌رام زاده‌یه‌, 

ته‌نها لێوه‌كان نهێنی و پاكیزه‌یی ئه‌و ده‌زانن !

{20}

ماچ :

به‌سه‌ركه‌وتنی كێرڤه‌كانی ئه‌شقه‌

به‌ره‌و بێ ئاگایی 

مانایه‌كه‌ 

له‌مانا جوانه‌كانی بێ هووده‌یی 

{21} 

ماچ :

بۆنی خۆڵ و 

گەڵابان و 

كه‌پره‌شینه‌ی 

ئه‌و پایزه‌یه‌ 

كه‌ ئاینده‌ی سه‌وزایی , له‌ناخ دا دروست ده‌كا‍ !

{22} 

ماچ :

ئه‌و پیاڵه‌ لێواو لێوه‌ پڕ له‌ شه‌ڕابه‌یه‌ 

كه‌ له‌ ترێیی وشه‌ خنكێندراوه‌كانی 

كوپه‌ی ناخ دا 

به‌ژێیی ده‌ماره‌كانی دا ده‌گه‌ڕێ و 

خوێنیش ده‌كاته‌ كحول !

{23}

ماچ :

راهیب و كاهین و موبه‌دو عابید و , 

نازانم چیه‌كان 

كە لێویان نەگه‌یشته‌ , ماچی لێوه‌كانی حه‌قیقه‌ت 

به‌ربوونه‌ ده‌ف و ئۆف و ئای 

حاڵ و زیكری ده‌روێشی !

{24} 

ماچ :

به‌ده‌نووكی سوورو 

به‌ باڵه‌كانی لێوه‌وه‌ 

گه‌زۆی خۆشه‌ویستیان 

به‌رله‌خاچ و به‌ر له‌ مردن 

بەسه‌ر لێوی ئه‌م زه‌ویه‌یان دا به‌شیه‌وه‌

{25} 

ماچ :

هه‌ركه‌ له‌ ده‌می په‌پوله‌ كه‌وته‌وه‌ 

گوڵه‌كان, یه‌كه‌ یه‌كه‌, بۆنیان تێگه‌ڕا !

{26}

ماچ :

گه‌رانه‌وه‌ی تامه‌زرۆیی دووه‌ بۆ یەك 

بۆیه‌ دەشێ ئاده‌م لە سوێی ماچێ بووبێ به‌ دوو !

{27}

ماچ :

ره‌عشه‌یه‌كه‌ 

له‌ ژیان تێگه‌رانی تایبەتی 

زه‌مەنیشی درێژتره‌ 

وشه‌یه‌كی نوێی گه‌ره‌كه‌ 

گوزارشتی لێ بكا 

من نایزانم .. ئه‌دی ئێوه‌ ؟!

{28} 

ماچ :

عیسای رۆح 

بۆیه‌ پێغه‌مبه‌ری ئاشتی بوو 

چونكه‌ له‌ ماچی لێوی مه‌ریه‌مه‌وه‌ موتوربه‌ بوو !!

{29} 

ماچ :

كه‌ هێنده‌ پیرۆزه‌ 

هه‌ر به‌ته‌نیا سروشت و , 

ره‌وشتی تایبه‌تی مرۆڤ نییه‌ 

تا شانازی ساخته‌چیانه‌ی پێوه‌ بكا!

{30} 

ماچ :

به‌راتی مژدانه‌ی 

سپێده‌ی چاوتروكانی زینده‌گی بوو 

لەگه‌ڵ یەكه‌م په‌ڵه‌ بارانی بەخوڕی بێ ده‌نگی دا !

{31} 

ماچ :

گه‌ڕانه‌وه‌ی باڵە فڕكه‌ی لێوه‌كانە 

له‌سه‌فەری مردن بۆ هێلانه‌ی ئاسوده‌یی!

{32}

ماچ :

كایه‌ی عه‌قڵانی تیژرۆتر ده‌كا له‌ رووناكی 

ئێ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ به‌باڵی ماچه‌وه‌ 

ده‌گه‌رێینه‌وه‌ ئه‌و په‌ڕی منداڵی!

{33} 

ماچ :

نه‌خشه‌و جوگرافیای وڵاتێكه‌ 

كە تەنیا په‌پوله‌ و گوڵی تێدا ده‌ژی 

كلیلی

ده‌رگای چوونه‌ ژووره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ 

به‌هه‌نگ سپێردراوه‌ 

كێ غیرەتی ئه‌وه‌ ده‌كا . كلیله‌كانی بدزێ؟!

{34}

ماچ :

فووكردنه‌ به‌ شمشاڵی 

ئاوازه‌ پایزیه‌كانی

نیگه‌رانی نۆته‌ی گه‌ڵا هه‌ڵوه‌ریوه‌كان 

ده‌نووسێته‌وه‌ !

{35}

ماچ :

نووسینه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌و 

سیحری ستاتیكای

سه‌رووی بۆنه‌ وه‌نه‌و شه‌ییه‌كانه‌

كە هێشتا خەیاڵی زانستی پێی نه‌وێراوه‌!

{36} 

ماچ :

سه‌فه‌ری رۆحه‌ 

له‌و دیوی بوونه‌وه‌ردا 

نهێنی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ش ته‌نیا و ته‌نیا 

لای لێوه‌ ئاشقاویه‌كانه‌!

{37} 

ماچ :

ده‌لائیلێكه‌ له‌ گریان و 

سوڕه‌تێكه‌ , له‌ پایزی نیگەرانی 

گه‌ڵا یه‌كه‌ له‌ سه‌مای هه‌ڵوه‌رین و 

په‌پوله‌یه‌كه‌ له‌ جوانی 

مه‌گه‌ر رۆژێ لێوه‌كان , هه‌ربۆخۆیان بێنه‌ قسه‌ !

{38} 

ماچ :

عه‌مه‌لیه‌ی 

دروست كردنی 

راوی هه‌نگوینی شانه‌به‌نده‌كانی 

وشه‌ هه‌ڵفریوه‌ ته‌ریوه‌كانی منداڵین !

{39}

ماچ :

یه‌كه‌م پردی په‌ڕینه‌وه‌ی رووناكی و 

یه‌كه‌م دڵۆپه‌ی شه‌هوه‌تی سه‌وزایی و 

یه‌كه‌م سەداو 

ده‌نگدانه‌وه‌ی بێ ده‌نگی بوو 

به‌سه‌ر باڵه‌ هه‌ڵفریوه‌كانی لێوه‌وه‌ !!

{40} 

ماچ :

دڵۆپه‌یه‌ك خوێنە له‌ ئازادی, 

دڵۆپه‌یه‌ك شه‌ونمه‌ له‌ ئه‌شق , 

دڵۆپه‌یه‌كه‌ له‌ مه‌ره‌كه‌بی شیعر, 

دڵۆپه‌یه‌كه‌ له‌ شه‌هوه‌تی توانه‌وه‌ , 

دڵۆپه‌یه‌ك راوی هه‌نگوینه‌ , 

له‌نێو قاوه‌ی فنجانی ته‌نیایی دا !!

41 

ماچ : 

به‌ئازادكردنی 

كۆتره‌ سپییه‌كانی رۆحه‌ 

له‌به‌ندیخانه‌ی ناخ و 

به‌ره‌و ئاسمانی به‌های مرۆڤایه‌تی!

42 

ماچ : 

سه‌رله‌نوێ دانانه‌وه‌ی ئیقاعی 

ورده‌ سه‌ماكانی پێگرتنی زارۆی ژیانه‌وه‌یه‌ !

43

ماچ :

لێوه‌كان

له‌و رۆژه‌وه‌ فێره‌ ماچ بوون

زمانی چه‌ژو

رسته‌ ناده‌ربره‌كانیان

كرده‌ مژین !

44

ماچ :

ئه‌و گوڵانه‌ش بۆماچی په‌پولان

هه‌مووسپێدانێك

لێوه‌كانیان گه‌ش گه‌ش ده‌كه‌نه‌وه‌

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ